تورکیا کەوتۆتە ڕووتاندنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان/ لایەنی دەسەڵات تا ئەم کاتە هیچ کاردانەوەیێکی نەبووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تاڵان کردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان کە سوپای تورکیا دەیکات، هاووڵاتییانی هەرێم و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو هەڵمەتە، ڕەخنەی توند لە بەرپرسان و خاوەن دەسەڵاتانی هەرێمی کوردستان دەگرن و داوای هەڵوێستی جیدی دەکەن.

کوردپرێس:

تورکیا بە بیانووی شەڕی دژبە پەکەکە هەوڵی داوە شەرعیەتی ئەمنی بۆ جووڵە سەربازییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بتاشێت و بەو پاساوەش توانیویەتی بە ڕادەیێک زۆر بێتە نێو خاکی هەرێم.

زۆر گوندی هەرێمی کوردستان لە ترسی هێرشەکانی فڕۆکەی جەنگیی تورکیا چۆڵ کراون و جگە لە زیانی دارایی، هاووڵاتییانی سنوورەکانی هەرێم و تورکیا زیانی گیانیی فراوانیشیان بەر کەوتووە و ئەمە بەردەوامیشە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێت.

وا دەردەکەوێت سوپای تورکیا ھەموو ئەو شوێنانەی کە لە هەرێمی کوردستان داگیری کردووە یان دەیسوتێنێت یان ھەموو دارەکانی دەبڕێتەوە، پلانەکە ئەوەیە ھەموو دارستانەکانی زاپ، ئاڤاشین، شین و مەتیناو بەدلیس لەناو ببات و بیکات بە سەربازگە. ئەمەش جیا لە داگیرکاری خاکی هەرێم، شێواندن و ڕووتاندنەوەی سروشتی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.

لە نوێترین جووڵەیدا تورکیا دەستی کردووە بە ڕووتاندنەوە و تاڵان کردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەش کاردانەوەی فراوان و تووڕەییی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە.

تورکیا ئێستا ئەو ناوچانە بە خاکی خۆی دەزانێت کە بنکەی سەربازیی تیدا دروست کردووە. بۆیە ڕێگا و جادەی دروست کردووە، وەک بەشێک بێت لە خاکی خۆی ئێستا لە تورکیاوە ڕاستەوخۆ دێتە خواکوڕک. ئێستاش دەیەوێت لە مەتین و زابەوە جادە دروست بکات!!

هاووڵاتییانی هەرێم پێیان وایە، ئەم بیدەنگییەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و حیزبە سیاسییەکان لە سووتاندن و داگیرکردنی خاکی هەرێم، زۆر ئازاربەخشترە لە تاوانەکانی تاریق ئاکنسو.

پەرلەمانتاران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرتووە کە ئەم بێدەنگییەی دەسەڵات بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا بە پاساوی ئەمنی و ئابووری تاکەی؟

محەمەد گۆران نووسەر و هەڵسووڕاوی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی دەڵێت لە پەرلەمانی کوردستان و عێراقدا، زیاتر لە ۳۰ پەرلەمانتار لەپشکی بادیناندا هەیە، دەبوو ئەوانیش وەک فەرهاد ئەنجۆی و پەرلەمانتاری شەرناخ لەوێ بووان و نەهێلن تورک دارەکان ببڕنەوە، ئەگەر فەرهاد بەتەنها وای پێکرا، ئەمان بەسێ دەرزن پەرلەمانتار، بۆچی پێیان ناکرێ؟!

ئەو تاڵانکارییەی لە دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە گوێرەی ڤیدیۆ و وێنەکان ڕووتاندنەوەیێکی ئێجگار فراوانە و لە دارستانی داربەڕووەکاندا دەکرێت. داربەڕوو لە نێو کورددا هەمیشە هێمای بەرخۆدان و بووژانەوە و سەرهەڵدانەوەیە.

ژمارەیێک لە هاووڵاتییان گەشت کردن بۆ تورکیا شەرمەزار دەکەن و دەڵێن شوورەیییە کە کورد ریکلام بۆ کاڵا و خواردەمەنیی تورک بکات و پێیان وایە کەمترین تێکۆشان لەدژی داگیرکاریی تورکیا ،بایکۆتی کاڵا و خواردەمەنییەکانێتی. ژمارەیێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد دەڵێن: خۆ دەتوانین ئەوەبکەین. پێنج ملیۆن کورد بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین ڕۆژانە زەرەری ملیۆنەها دۆلار لە ئابووری تورکیا دەدەین. من بۆ خۆم لە مێژە بایکۆتی کاڵای تورکییم کردووە، حەزدەکەم تۆی خزم و هاوڕێشم بیکەیت.

پاش بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکانی تاڵان کردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە تورکیاوە چووەتە سەر سنووری کوردستان، دەیەوێت رێگری بکات لە سوتاندن و تاڵانکردنی دارستانەکانی باشووری کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لەدژی داربڕینەوەکانی بادینان دەچیتە پیشەوەی شەڕەکان و ڕووبەڕووی ئەو هەڵمەتە بوویەوە . ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی فەرمی و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لەو بارەیەوە نەبووە.

بێهەڵوێستیی بەرپرسانی فەرمیی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە و مژدە مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە دەنگی هەڵبڕی و گوتی: گەنجانی خۆمان دێنە سەرشەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن یەکێتی و پاتی بەفیشەک وەڵامیان دەدەنەوە، بەڵام بەرامبەر دوژمنانی کورد نوزەیان لێوە نایەت

ناوبراو دەشڵێت: "ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان کە شێرە بۆ خەڵکی کوردستان و ڕێوی تەواویش نیە بۆ دوژمنەکان و بێگانە کوا بۆ هیچ هەڵوێستێکی نیە؟ ئێوەی پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانتان لەدەستە ئێستا چۆن شەرم ناکەن کە ئەم دیمەنانە ئەبینن، شەرم ناکەن کە گەنجی خۆمان دێتە سەر شەقام داوای حەقی خۆی دەکات بەڵام ئێوە بە فیشەک وڵامی ئەدەنەوەو شەهیدی ئەکەن بەڵام نوزەتان لێوە نایە بەرامبەر دوژمنانی کورد؟

مژدە مەحموود لە کۆتاییدا دەشڵێت: هیوام وایە چی زووە پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بەم داگیرکاری و وێرانکاریەی سروشتی کوردستان دەکرێت بکات و سەرۆکایەتیەکانی تریش هەڵوێستی جدیان هەبێت.

ئاراس میرخان ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەو داگیرکاری و تاڵان کردنە کردووە و دەڵێت: ئەبێ ھەمو کوردستان دژی ئەم داگیرکارییەی تورک و لە ناو بردنی سروشتی کوردستان بێتە دەنگ.

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "چەتەكانی توركیا بەربوونەتە دارەكانی گوندەكانی (سنات، مێرگە شیش، شیش، كەلۆك، ماسیس و...) لە دەڤەری سندی لە قەزای زاخۆ، دەیانبڕن و دەیاندزن. ئەو دارانە تەمەنیان سەرو 100 ساڵە.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، رێگای دبلۆماسی و یاسایی بگرنە بەر. داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ئەم داڕبڕینە بوەستێنن.

News Code 2201

Your Comment

You are replying to: .
captcha