ڕێبەری باڵای ئێران: جاری وا هەیە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن گوناحی کەبیرەیە/ لە پرسی ئەتۆمیدا گوێ لە بەڵێن و وەعد مەگرن کردەوە ئەساسە

بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک تەوەری ڕۆژەڤ پەیوەست بە بابەتی نێوخۆی ئێران و ناوچەکە و جەختی لە سەر بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان کردەوە و بە کاندیدەکانیشی گوت گوێ لە بەڵێن و وەعد و وەعید مەگرن بەڵکوو ئەساس ئەو شتەیە کە بە کرداری دەکرێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 14ی جۆزەردانی 1400 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆچی دواییی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک تەوەری نێوخۆیی و هەرێمی و گرینگترین بابەتی وتارەکەی ئاماژەدان بوو بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کە لەم مانگەدا لە ئێران بەڕێوە دەچێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بە پێویستی زانی سەرجەم لایەنەکان و هاووڵاتییانی ئێران بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و تەنانەت گوتیشی: بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان ئەرکێکی نەتەوەیی و دینیی هەموو هاووڵاتییانە و بگرە لە هەندێک قۆناغیشدا بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان گوناحێکی کەبیرە بێت.

ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە پشتڕاست نەکرانەوەی سەڵاحیەتی ژمارەیێک لەو کەسانە کرد کە بۆ هەڵبژاردنەکان خۆیان پالاوتبوو. ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو بارەیەوە گوتی: لە پرسی پشتڕاست کردنەوەی سەڵاحیەتی کاندیدەکاندا ستەم لە چەند کاندیدێک کرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی خراپ و درۆ و ساختە دژی ژمارەیێک لەو کاندیدانە بڵاو کرایەوە و پێویستە دامودەزگای پێوەندیدار هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەو کاندیدانە بدەن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی لەبارەی پرسی ئەتۆمی و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 4 کو یەک ڕایگەیاند: پێویستە بەرپرسان وەعد و وەعید و بەڵێنە دەرەکییەکان بە هەند وەرنەگرن بەڵکوو ئەساس ئەو شتەیە کە ڕوو دەدات و بە کرداری دەیبینین.

ڕێبەری باڵای ئێران لەبارەی ساڵیادی کۆچی دواییی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیشەوە گوتی: یەک لە داهێنانە سەرەکییەکانی ئێمام خومەینی دامەزراندنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بوو.

شایانی باسە ڕۆژانی 14 و 15ی جۆزەردانی لە ڕۆژژمێری ئێرانیدا بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دواییی ئیمام خومەینییەوە پشووی فەرمییە و هەموو ساڵێک ئەو ڕۆژە یاد دەکرێتەوە.

News Code 2249

Your Comment

You are replying to: .
captcha