ئاگرکەوتنەوە لە کامپی ئاوارەکانی دهۆک و سەرجەم زانیارییەکان تا ئەم کاتە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک رایگەیاند، ئاگر لەکامپی شاریای ئاوارەکانی دهۆک کەوتەوە و تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نیە. سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی ڕووداوەکەوە پەیامیان دەرکرد.

کوردپرێس:

رائید بێوار عەزیز، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک راگەیاند، پاشنیوه‌رۆی ڕۆژی هەینی 4ی 6ی 2021 ئاگرێکی بەهێز لە کامپی شاریای ئاوارەکانی دهۆک کەوتەوە و زیانی زۆری ماددەی بەر خێمەکانی کامپەکە کەوتوە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش نەزانراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لە پێشتریشدا ئاگر لە کامپەکە کەوتوەتەوە، بەڵام ئاگرەکەی ئەمڕۆ بەهێزە و کێشەی سەرەکی ئەوەش بوە لەکاتی گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی دانیشتوانی کامپەکە رێگربون لەوەی تیمەکان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 (سێ سەد) خێوەتی ئاوارەکان سووتان، زیانەکانی رووداوەکەش بە ملیۆنێک دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان رووداوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رووی داوە و لەسەرەتای رووداوەکەدا هاووڵاتییان داوای بەهاناوەچوونیان لە بەرپرسانی کامپی شاریا لەسنووری پارێزگای دهۆک کردووە، بەڵام بەرپرسانی کەمپەکە پێیان راگەیاندوون لەئێستادا ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان لەکارکەوتووە و بەهۆیەوەش ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی کردووە،  لە ئەنجامیشدا زیاتر لە 300 (سێ سەد) خێوەتی ئاوارەکان سووتان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: قوربانیانی ئاگرکەوتنەوە لە کامپی شاریا قەرەبوو بکرێنەوە

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی هاوخەمی لەبارەی ئاگركەوتنەوە لە كەمپی شاریا لە سنووری پارێزگای دهۆك بڵاو كردەوە و پشتیوانی تەواوی حکوومەتی بۆ دابینکردنی پێداویستی و قه‌ره‌بووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دووپات كردەوە.

مەسروور بارزانی لەمبارەیەوە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "تویتەر" نووسیویەتی "خه‌مبارم به‌ هه‌واڵی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ لە کەمپی شاریا له‌ دهۆك، لەگەڵ پارێزگار قسەم کرد و پشتیوانی تەواوی حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستی و قه‌ره‌بووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دووپات دەکەینەوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نیگەرانن لەروداوەکەی ئەمڕۆی  کەمپی شاریا له‌ دهۆك و حکومەتی هەرێم پشتیوانی خۆی بۆ دابینکردنی پێداویستی و قه‌ره‌بوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی روداوەکە دوپاتدەکاتەوە، داواش دەکەن بەخشەران هاوکاری کەمپەکە بن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ دۆخی که‌مپی شاریا ده‌پرسێته‌وه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر رووداوەکەی ئەمڕۆ هەینی کەئاگرێکی گه‌وره‌ لە که‌مپی شاریا که‌وته‌وه‌ و  ژماره‌یێک ئاواره‌ بریندار بون و زیانێکی زۆر به‌ که‌مپه‌که‌ گه‌یشت، پەیوەندی بە  پارێزگاری دهۆکەوە کردوە و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته‌ بۆ به‌هاناوه‌چون و یارمه‌تیدانیان پێشکه‌ش بکرێت.

سەرۆکایەتیی هەرێم بڵاوی کردەوە، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆک له‌ دۆخی که‌مپی شاریای پرسی که‌ تایبه‌ته‌ به‌  ئاواره‌کانی ئێزدی و پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئاگرێکی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ک ئاواره‌ بریندار بون و زیانێکی زۆر به‌ که‌مپه‌که‌ گه‌یشت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌ییی خۆیان و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی بۆ هه‌موو هاوکارییێک و یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوان و که‌مپه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته‌ بۆ به‌هاناوه‌چون و یارمه‌تیدانیان پێشکه‌ش بکرێت.

لای خۆیه‌وه‌ پارێزگاری دهۆک سوپاسی په‌یوه‌ندی و به‌دواداچونی نێچیرڤان بارزانی کردوە و له‌ دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی لێقه‌وماوان و که‌مپه‌که‌ و هه‌نگاو و ڕێکاره‌کانی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا ئاگاداری کردوەتەوە.

بەڕێوەبەری کەمپی شاریا لە دهۆک لە کارەکەى دوورخرایەوە

نووسینگەی پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، لەسەر داوای خەڵک بەڕێوەبەری کەمپی شاریا؛ ئەو کەمپەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دهۆک سووتا، لەسەرکار لادرا.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، لەسەر داوای خەڵک بڕیاریاندا بە لەسەرکارلادانی سەردار یونس بەڕێوبەری ئێستای کەمپی شاریا و هەکار محەمەد ئەمین هێنانەوەی بەڕێوبەری پێشووی کەمپەکە بۆ پۆستی بەڕێوبەری کەمپی شاریا.