حکوومەتی ناوەندی بەتەمایە خەڵکی مەنبج هەڵخرێنێت

بەشی سووریا- دامەزرێنەرێکی خۆبەڕێوەبەرایەتیی دیموکراتیکی کانتۆنی کۆبانێ ڕایگەیاند: حکوومەتی ناوەندی هۆکاری ڕووداوەکانی ئەمدوایەی مەنبجە.

بێریڤان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی و هاسەرۆکی پێوەندییەکانی حزبی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فۆرات لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی مەنبج لە باکووری سووریا و ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی مەنبج پیلانێکی پێشتر داڕێژراو بوو بۆ شێواندنی و نائەمنی نانەوە لەم ناوچەیە کە لەلایێکەوە گرووپە توندڕەوەکان و لالەیێکەوە حکوومەتی ناوەندی ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەم ڕووداوانەش لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە بەشار ئەسەر لە هەڵبژاردنێکی ناڕاستدا جارێکی تر وەکوو سەرۆکی کۆماری سووریا هەڵبژێردرایەوە و ئەمەش لە حاڵێکدایە نە بارودۆخی هەڵبژاردن ڕەخسا بوو و نە شەرعیەتی پشتڕاست کرایەوە و خەڵکیش لە خراپترین دۆخی ئابووری و ئەمنیدان.

بێریڤان حەسەن زیاتر وتی: حکوومەتی ناوەندی ناتوانێت بوونی سیستەمێکی دیموکراتیک لە پاڵ خۆیدا قبووڵ بکات و دەست بۆ هەر هەوڵێک دەبات بۆ زەبر لێدان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەم کارەش دەیهەوێت گوشار بخاتە سەر خەڵکی مەنبج و هەڵیاندەخڕێنێت.

ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی و هاسەرۆکی پێوەندییەکانی حزبی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) ئاشکراشی کرد: پرسی خزمەتی سەربازی پرسێکی ئاسایی دێتە ئەژمار و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکەی ئێمە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی مەترسیێکی نوێ دەبێتەوە لەلایەن تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، ئەمەش لە هەموو دونیا ئاساییە. ئەگەر خەڵک خۆیان بە هانای خۆیانەوە نەیەن چ کەسێک دەبێت بەرگرییان لێبکات؟ ئەم یاسایە لەلایەن کۆمەڵگاوە قبووڵ کراوە و تا ئەمڕۆ کێشەی نەبووە.

بێریڤان حەسەن وەبیری هێنایەوە: ئەم پیلانە سەرنەکەوت چوونکە هەم مەنبج و هەم ناوچەکانی تر لەلایەن ئەم گەنجە عەرەب و کوردانەوە ئازاد کراوە و خودی ئەم خەڵکە زیاترین ڕۆڵیان لە پاراستنی زێدی خۆیان گێڕاوە و ئێمەیش وەکوو پارتی یەکێتیی دیموکراتیک دەست بۆ هەر هەوڵێک دەبەین بۆ ئاگاردار کردنەوەی خەڵکەکەمان لە پیلانگێڕییەکان.

ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی و هاسەرۆکی پێوەندییەکانی حزبی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) وتیشی: بۆ پاراستنی ئەم ناوچەیە 11 هەزار کەسمان گیانیان سپارد و 25 هەزار کەس بریندار بوون تا ئەم ناوچەیە لە ئازادی و ئارامیدا بێت بۆیە مۆڵەت نادەین پیلانگێڕییەکان لەم ناوچەیە سەرکەوێت چوونکە ئێنە بڕوامان بە پڕۆژەی برایەتی گەلان و میللەتی دیموکراتیک هەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2258

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha