مامۆستا ئەحمەدی قازی ؛ وێژەر و وەرگێڕی بلیمەت ، ڔووناکبیر و ڔۆژنامەوانی پێشەنگ/ ئەحمەد ئەحمەدیان

بەشی فەرهەنگ و هونەر- دوکتور ئەحمەد ئەحمەدیان زمانناس و توێژەری کورد یادداشتێکی لەبارەی کەسایەتی و بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەدی قازی نووسیوە و بۆ کوردپرێسی ناردووە. دەقی یادداشتەکە وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە.

کوردپرێس:

مامۆستا ئەحمەدی قازی لەو کەسایەتییە فرەڕەهەند و و فرەدەنگ و فرەتوێژانەی گۆڕەپانی ئەدەب و کەلتووری کوردەوارییە کە لە لایەک وێژەر و وێژاوەر و وتاردەرەێکی کەم‌هاوتایە و لە لایەکی ترەوە چالاکوانێکی هەڵسووڕاو و پێشەنگی گۆڕەپانی ڕۆژنامەوانیی کوردییە و لە لایەکی ترەوە چالاکوانێکی چاکخوازی کۆمەڵایەتی و ڕامیارییە و هەروەها لە لایەکی تریشەوە بەرگریکار و داکۆکیکەرێکی بێ‌هاوتای مافی ڕەوای فێرکاری بە زمانی زگماکییە و جیا لە هەمووی ئەوانە زمانزان و زمانناسێکی پەیجۆر و مشوورخۆری نۆژەن‌کردنەوە و داڕشتنەوە و بیناکردنەوەی سەردەمیانەی"خانوولەی زمان "وەک هیم و دارەڕا و هێما و هەوێنی شوناسی کەلتووری و نەتەوەییە و سەرەڕای تەواوی ئەوانەش چیرۆکنووس و تەنزنووس و شاعیر و مێژوونووسە و ،لە هەمووانیش بەرچاوتر و دیارتر و بەرهەست‌تر، وەرگێڕێکی خاوەن‌شێواز و پەنجەڕەنگین و بلیمەت و پێشڕەو و پێشەنگ و داهێنەرە .

هەر بە پێی ئەو فرەرەهەندبوونەیەوە ، سروشتییه که مامۆستا ئەحمەدی قازی سەرەڕای سەرجەم ئەو ناسناوانە بەڕاستی هەڵگر و شیاوی ناسناوی "ڕووناکبیر"ـیش بێ چون بە پێی پێناسەی "بابەک ئەحمەدی" لە پەڕتووکی"کار روشنفکری"دا سەرەکی‌ترین ئیشی ڕووناکبیر بریتییە لە "بەرفروان کردنەوەی پانتایی و جەغزی ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی و، هەروەها شتەک‌دان و پێکەوەلکاندنی ئاسۆی گوتارەکان و دیسکۆڕسەکانی تر بە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی"؛ دەی گەر لەو کڵاوڕۆژنەوە سەیری ئیش و چالاکی و بەرهەم و ئاسەواری بەپێزی مامۆستا ئەحمەدی قازی بکەین دەبینین کە ئەو کەسایەتییە پایەبەرزە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی کە گوتار و دیسکۆرسی " زمانەوانیڕیتۆریک" ـە ، زۆر وەستایانە و مامۆستایانە ، بەرفراوان و بەربڵاوی کردووەتەوە و شەتەکی داوە و لکاندوویەتی بە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی "مێژوویی" و، گوتار و دیسکۆڕسی "مافخوازی" و، گوتار و دیسکۆڕسی "چاکخوازیی ڕامیاریکۆمەڵایەتی" و، تەنانەت شەتەکی داوە و لکاندوویەتی بە گوتار و دیسکۆڕسی"ڕۆژنامەوانی پێشڕەو و پێشەنگ"ـەوە . هێما و ڕەمزی هەرمانی و نەمری ئەو کەسایەتییە فرەدەنگ و فرەڕەهەندانەش هەر لەو ڕاستەقینەیه دایە و بەس ؛ ڕووناکبیرانی فرەڕەهەندی گەل‌ویست و شوناسخواز و پێشڕەو و پێشەنگ نامرن و زیندوون و ناو و یاد و بیرەوەرییان لە زەین و بیر و بیرگەی بەرەکانی داهاتوو و جەمبوورەی جەماوەردا بە درێژایی مێژوو زیندوو دەمێنێتەوە و تۆزی فەرامۆشییان لێ نانیشێت .

جێی خۆیەتی ئالێرەدا باس لە بیرەوەرییەکی سەرەنجڕاکێش خۆم بکەم لە بابەت بەرزیی پلەی کەسایەتیی مامۆستا ئەحمەد قازی : لە قۆناغی دوکتۆڕای زمانەوانی دا مامۆستایەکی زانا و دڵسۆز و وردبینم هەبوو بە ناوی" پڕۆفسۆر محەممەد فەڕڕوخ‌پێی" کە قوتابیی چامسکی بوو و لە پەنجاکان دا لە ئامریکا دوکتۆرای زمانەوانی وەرگرتبوو و لە بواری "ئیتیمۆلۆژی" دا مامۆستایەکی کەم‌وێنە بوو ؛ من کە قوتابی ئەو بووم و دیارە بە پرسۆکییەوە ساڵی لەدایکبوون و ساڵی وەرگرتنی لیسانسی زمانی ئینگلیسییەکەیم پرسی و لە وڵام دا گوتی لە دایکبووی 1315 ـی هەتاویم و ساڵی 1338 لیسانسی زمانی ئینگلیسیم لە "دانشسرای عالی " لە تاران وەرگرتووە . ئینجا وەبیرم هاتەوە کە ڕێک ڕێک ساڵی لە دایکبوون و ساڵی وەرگرتنی لیسانسی مامۆستا ئەحمەدی قازی ـش هەر ئە رێکەوتەیە، بۆیە لێم پرسی کە بڵێی جەنابت هاوپۆل و هاوڕێی چاخی خوێندکاریی مامۆستایەکی هاوشاری من نەبووبی بە ناوی مامۆستا ئەحمەد قازی . دیتم بە سەرسوڕمان و گەشە و نەشەیەکی چاوەڕوان نەکراوەوە گوتی:" ئەحمەدی قازی ؟!بەرێ وەڵڵا ئەحمەدی قازی هاوپۆل و هاوکلاسیم بووە و لە هەمووی هاوڕشتەیی و هاوپۆلییەکانی ئەوکاتی ئێمە وریاتر و وشیارتر و زیرەکتر بوو و خوێندکاری پلە هەوەڵ و "شاگرد اول"ـی پۆلەکەمان بوو ، بەڵام ئێمە ترسەنۆک بووین و ئەو چاونەترس بوو و چالاکێکی چاونەترسی خوێندکاری و ڕامیاری بوو و گیرا و کەوتە بەندیخانە و دوای وەدەرنانی لە ئیشی فەرمانبەری، لە "کانون ملی زبان ایران " لە تاران سەرقاڵی وانەوتنەوە بوو و چەندین بەرهەمی بەپێز و بەهێزیشی لە ئەدەبیاتی ئینگلیسییەوە لە کۆتایی سییەکان و چلەکان و پەنجاکان وەرگێرا و لە لایەن پەخشانگە ناودارەکانی ئێران بڵاوبووە و دوایەش ئیدی ئاگاداری هەواڵی نەبووم تا ئێستا کە تۆ باسی ئەوت هێنایە گۆڕێ.ڕاستی چۆنە ؟ چ دەکا ؟" منیش کە بە تەواوی هەستەوە گوێبیستی ئەو باس و بیرەوەرییانە بووم و لە ناکاو ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەی مامۆستاکەی ئێستای خۆم و هاوڕێ و هاوکلاسی دێرینی مامۆستا ئەحمەدی قازی بووم گوتم :"بەداخەوە جۆزەدانی ئەوساڵ[1394] دڵە گەورەکەی مامۆستا ئەحمەدی قازی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان و نیشتمان کرد"؛ خوێندکارە هاوپۆلەکانم

کە بە منەوە 8 کەس بووین، دوابەدوای هاتنەخواری ئەسرینی بەکوڵ لە گۆنای مامۆستاکەمان بە هۆی ئەو هەواڵەوە ، ئێمەش بەکۆمەڵ وەگریان کەوتین و بە تێکڕایی فاتیحایەکمان بۆ ڕۆحی بەرزی ئەو مامۆستا پایەبەرز و نەمرە خوێند . ڕۆحی مامۆستا قازی شاد و ڕێبازی پڕ ڕێبوار بێ .

News Code 2284

Your Comment

You are replying to: .
captcha