دوکتور ئیبراهیمی لە ئاخێزگەی دینییەوە بۆ ناوەندی زانکۆیی

بەشی فەرهەنگ- دوکتور ئیبراهیمی ئەو مامۆستا پایەبەرزەی زانکۆ لە بواری ئایین و ئەدەب و زمان بوو کە لە ئاخێزگەی دینییەوە بۆ ناوەندێکی زانکۆیی هات. لەم ڕووەوە بناخەی فکریی ئەو بەڕێزه بۆ مۆچیاریی ئیسلام داڕێژرابوو و لە زانکۆیش هەمان بناخەیە کە درێژه پەیا ئەکا.

کوردپرێس:

دوکتور مەحموود ئیبراهیمی (1319-1400) مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی کوردستان لەو مامۆستایانە بوو کە وانە زانستییەکانی تێکەڵێک بوو لە زانستی نەریتی و ئاینی لەگەڵ زانستی سەردەمیانە و ئاکادیمییانە. تێکەڵ کردن و لێکدانی پەروەردەی حوجرە و مزگەوت لەگەڵ وانە ئاکادیمییەکان و سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتوو لە باڵاترین ئاستی خوێندن، کەسایەتییێکی لەو چەشنەی دروست کردبوو کە لەبارەی زانستی ئاینی و عەرەبی و ئەدەبییەوە لە لووتکەدا خۆ دەبینێتەوە.

جومگە سەرەکییەکانی کەسایەتیی دوکتور ئیبراهیمی چەند ڕەهەندی ئاینی، زانستی، ئەدەبی و ئەخلاقی لەخۆ دەگرێت. تۆشە هەڵگرتنی ئەو مامۆستایە لە هەموو ئەم ڕەهەندانە کەسایەتییێکی مۆراڵی زانایانە دەخولقێنێت و کۆی ئەو کەسانەی لەگەڵ دوکتور ئیبراهیمی هاودەم بوون یان لە سەر کورسیی شاگردیی ئەو پیاوە دانیشتوون زەقترین تایبەتمەندیی ئەو بەڕێزە بە قسە خۆشەکانی دەزانن. شیرین زمانی و قسەی "پڕبەپێست"ی کات و شوێن و ڕووداوەکان لە هەمان سیستەمی پەروەردەیی و خوێندنی قووڵی شێعر و وتەی ئەدیبان و گەورە پیاوانی ئەدەبی عەرەبی و فارسی و کوردییەوە سەرچاوە دەگرێت.

سەرباری هەموو شوێندانەرییەکانی دوکتور ئیبراهیمی لە بواری ئەدەب و زمانی عەرەبی و هەروەها قورساییی زانستیی ئەو کەسایەتییە لە بواری ئایین و بیر و بڕوا، بەداخەوە مامۆستا، لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی بەرهەمێکی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشت و وەک خۆی لە دیمانەیێکدا لەگەڵ گۆڤاری برایەتی (http://www.islahweb.org/content/2018/11/21735) دەڵێت، خۆیشی و خوێنەرانیش کەمتر بە زمانی کوردی ئاشنان بۆیە کاری نووسین و وەرگێڕانەکانی بە دوو زمانی عەرەبی و فارسی کردووە.

هەر وەها کە دوکتور جەباری مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبی فارسیی زانکۆی کوردستان و سەرۆکی ئەو بەشە دەڵێت: جیاوازیی د. ئیبراهیمی لەگەڵ مامۆستایانی تری هاوشێوە لەوەدایە که د. ئیبراهیمی ماندوونەناسانه چەمکه دینییەکان شی ئەکاتەوە و بە زمانی ساکاری سەردەمیانه ئەیانڵێتەوە. لەم ڕووەوە ئەو بەرهەمانەی کە ئەو مامۆستا پایەبەرزە پێشکەشی کۆمەڵگای ئیمانداری کردووە، لەبەر چاون و خۆی لە ١٨ بەرهەم ئەدا. بەڵام کۆی ئەو بەرهەمانه چ وەرگێڕان و چ داهێنان، بە زمانی فارسین و هەرچەند ئەم کارە ڕێژەی بەردەنگی زیا کردووە و گەلانی تریش جگە لە کورد لە بازنەی بەردەنگیدا جێ ئەگرنەوە، بەڵام لە بیری نەکەین زمان مان و نەمانی گەلانه. ئەگەر گەلێک خۆی زمانەکەی بۆ پەڕاوێزدا بهاوێ، ئیتر نابێ چاوڕێی ئەوە بکا لە جیهانی ئەمڕۆدا کەسێک ئاوڕی لێ بداتەوە. چینی ئەمڕۆ لە سەر ئەو بابەتە هەستیارن

مامۆستا د. ئیبراهیمی لەو مامۆستایانه بوو کە لە ئاخێزگەی دینییەوە بۆ ناوەندێکی زانکۆیی هات. لەم ڕووەوە بناخەی فکریی ئەو بەڕێزه بۆ مۆچیاریی ئیسلام داڕێژرابوو و لە زانکۆیش هەمان بناخەیە کە درێژه پەیا ئەکا..

News Code 2289

Your Comment

You are replying to: .
captcha