هەرێمی کوردستان دەبێت هەڵویستی توند هەمبەر هەنگاوە دەستدرێژیکارانەکانی تورکیا بگرێتەبەر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی لەبارەی هەڵمەتەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وەکوو لەشکەرکێشی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بڕینەوەی داری دارستانە سنوورییەکان دەڵێت ئەم هەڵمەتانە تاوانبارانەیە و هەرێم دەبێت هەڵویستی توندی هەمبەر تورکیا هەبێت.

ئارێز عەبدوڵڵا لە گفتوگۆیێکی تایبەتدا بۆ کوردپرێس لەبارەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بۆچی لەئاست لەشکەرکێشیی تورکیا و لەناوبردنی دارستانەکان بێ هەڵویستە، وتی: بە ڕاستی کاتی ئەوە هاتووە هەم حکوومەتی عێراق هەم حکوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەدەنگ بێن چوونکە ڕۆژانە گوندەکانمان چۆڵ ئەبن و خەڵکی سڤیل بەر هێرش دەکەون و پووش و پاوانەکانی خەڵک دەسووتێت و کار گەیشتۆتە سەر ئەوەش کە دارستانەکانی خەڵک دەبڕنەوە.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی زیاتر وتی: بڕینەوەی دارستانەکان تاوانێکە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حیسابی بۆ دەکرێت و بڕینەوەی دارستانە خۆڕسکەکان کاریگەریی بۆ سەر ژینگەی کوردستان دەبێت و لەسەر ژینگەی جیهان بەگشتیش کاریگەریی دەبێت بۆیە من پێم وایە ئەمە تاوانێکی گەورەیە و پێویستە حکوومەت دەنگی لێوە بێت.

نوێنەری پێشووی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناڕەزایی دەربڕینی ئەدهەم بارزانی لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستدرێژییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و بێدەنگیی بەرپرسانی هەرێم و ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی دەربڕینی لەو چەشنە وتی: ئەدهەم بارزانی وازی لە پارتی هێناوە و لە بوارەکانی تریش هەڵویستی جیاوازی بووە بۆیە ناتوانین ئەو وەکوو بەشێک لە پارتی چاوی لێبکرێت.

کادێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئەگەرەکانی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی نەوتیی بوودجە لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وتی: لە ڕووی سیاسییەوە ڕێککەوتنەکە لەسەر بوودجە کارێکی زۆر زۆر گەورە بوو و کاریگەریی خۆی لە ڕووی قانوونییەوە هەبوو، بەڵام ئەوەی کە لەڕووی داراییەوە قازانج بێت یان زەرەرە هێشتا دیار نییە. لەبەر ئەوە ڕێکارەکانی خەرج کردنی پارە هێشتا لەبەغدا دیاری نەکراوە چوونکە دەبێت هەموو داهاتەکانی کوردستان حیساب بکرێت ئەگەر کەم بوو عێراق بیدات و ئەگەر زیاد بوو هەرێم بیدات کە تا ئێستا نەکراوە. بەتایبەتی لایەنە عێراقییەکان بە ئاسانی ئەو کارە ناکەن.

ئارێز عەبدوڵڵا لەبارەی دانووستانەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق لەسەر دیاری کردنی چوارچێوێک بۆ جێبەجێ کردنی یاسای بوودجە لەعێراق و هەرێمی کوردستان وتی: ئێستا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی کاک قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە و گفتوگۆ دەکەن بۆ دیاری کردنی ڕێکارەکانی جێبەجێ کردنی بوودجە لە عێراق بە گشتی و بەتایبەتی ئەو خاڵانەی کە پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە هیوادارین ئەو شاندە لەگەڵ عێراق بتوانێت ڕێکارەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دیاری بکەن.

ناوبراو جەختی کردەوە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی دانووستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێ کردنی بوودجە وتی: دەبێت هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتەناوخۆییەکانی خۆی ببەستێت و هیچ بژاردەیێکی دیکەی نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2300

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha