موراد قەرەیلان: ئەردۆغان داوای لە PKK لەناو تورکیا ئاگربەست رابگەیێنێت

بەشی تورکیا- موراد قەرەیلان، ئیدیعا دەکات تورکیا داوای لێکردوون کە لە کوردستانی تورکیا ئاگربەست رابگەیێنن، بەڵام دەتوانن لە شوێنەکانی دیکە بۆ خۆیان شەڕ بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پەکەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی Stêrk باسی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدوایییەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و کوژرانی پێنج پێشمەرگەی زێرەڤانی دەکات.

قەرەیلان باسی دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکات و دەڵێت: "رێبەر ئاپۆ لە ساڵی 2013دا ئاگربەستێکی راگەیاند و ئاگربەستەکە 2 ساڵ بەردەوام بوو. بەڵام دەوڵەتی تورک بینی کە ئاگربەستەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی گەلی کورد بەهێز دەکات.. ئەردۆغان قبووڵی نەکرد و لەگەڵ پارتە تووندڕەوەکانی وەک باخچەلی و دۆغو پەرینچەک کە دوژمنی گەلی کوردن، هاوپەیمانی بەست و لە بەرانبەر تەڤگەرەکەمان هێرشێکی گشتگیری دەستپێکرد".

قەرەیلان دەڵێت شەش ساڵە شەڕێکی فراوان لە دژی ئەوان هەیە، سەرەتای ئەمساڵیش شەڕەکە زیاتر فراوان بوو. سەرەتاش بە ئەشکەنجە و زوڵم لە دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکرد، ئێستا ئاگاداری دۆخی سەرۆکایەتی نین. دەوڵەتی تورک شەڕێکی دەروونی لەبەرامبەریان دەکات. 10 هەزار هەڤاڵیان لە زیندانەکانی تورکیادان و ئەوانیش لەژێر ئەشکەنجەدان.

قەرەیلان باسی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "بەردەوام 30 فڕۆکەی چاودێری بە رۆژ و شەو دەگەرێن. فڕۆکەی شەڕیش بەردەوام دەبینرێن. هەندێکجار لە مەخموور دەدەن، هەندێکجار لە جێگەیێکی دیکە دەدەن".

موراد قەرەیلان رەتی دەکاتەوە کە هێرشیان کردبێتە سەر پێشمەرگە و دەڵێت: "لە سەردەمێکدا کە هێرشی فراوان لە بەرانبەرمان دەکرێت، ئایا چۆن هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ بۆچی بە دەستی خۆمان بەرەیێکی دیکەی شەڕ لەبەرانبەری خۆمان بکەینەوە؟".

قەرەیلان باسی وردەکاریی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "بەپێی راپۆرتی فەرمیی هەڤاڵانمان لەوێ؛ ئەو هێزە لەلای باکوورەوە واتە لەلای کانی ماسییەوە دەستی جموجوڵ کرد و قۆڵێکی تریشی لەلای ئامێدییەوە دەستی بە جموجوڵ کرد. ئەو قۆڵەی لە کانی ماسییەوە دێت، هەڤاڵان لەسەر رێگە بۆ ئەوەى رایانبگرن و نەڕوات، بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیان گوللەیان تەقاندووە، بەڵام راناوەستن و تێدەپەڕن. لەوێ بە دواوە ئەو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە دەتەقێتەوە. ئێمە لێکۆڵینەوەمان کرد و جارێکیتر پرسیارمان لەسەری کرد. هەڤاڵانمان هیچ چەکێکی وەک مووشەک، کە ئەو ئۆتۆمبێلە بتەقێنێتەوە و پارچەى بکات و مرۆڤی تێدا بکوژێت، بەکارنەهێناوە. هەڤاڵانی ئەوێش سەریان سوڕماوە، ئەو رووداوە چۆن روویداوە، بەڵام لەو کاتەدا 5 بۆ 6 فڕۆکەى چاودێری بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەوە بوون. جگە لەوەش ئەو مرۆڤانە بە پارچەى بۆمب یان بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵکوو ئەو کەسانە سووتاون. لەبەر ئەوەشە دیارە بەرامبەریان مووشەک، یان رۆکێتی ئاگرین بەکارهاتووە".

قەرەیلان دەڵێت ئەوان داوایان کردووە دەستەیەک لە هەردوو لا، یان دەستەیێکی سەربەخۆ پێکبهێندرێت و لە رووی تەکنیکییەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات. گوتیشی: "بێگومان ئەوانە مرۆڤی بێ تاوانن، کە گیانی خۆیان لە دەست داوە و شەهیدن. من سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان، لە کەسوکارەکانیان دەکەم. بۆ هەموو بریندارەکان هیوای چاکبوونەوە دەخوازم. ئەو رووداوە ئێمەى غەمگین کرد".

موراد قەرەیلان رەتیکردەوە لە نێو کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی هیچ بڕیارێک بۆ شەڕ هەبێت و گوتی: "ئێمە شەڕی کورد و کورد لەم سەردەمەدا وەک کارەسات دەبینین. وەک گەورەترین هەڵە دەبینین. واتە هیچ هەڵوێستێکی بەم شێوەیەمان نییە. هیچ فەرمانێکی بەم شێوەیەمان نەداوە و بیر لە بڕیارێکی بەم شێوەیەش ناکەینەوە. بەڵام بە ڕاستی یارییەک هەیە. ئێمە باش دەزانین لەم کاتە مێژووییەدا شەڕی کورد و کورد بۆ داهاتووی گەلی کورد مەترسییێکی گەورە دروست دەکات. نە لە بەرژەوەندی ئێمە و نە لە بەرژەوەندی گەلی کورددایە".

موراد قەرەیلان باسی سەردانەکەی خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "بیستوومە و ئاگادارم خولوسی ئاکار بە بەڕێوەبەری پەدەکەی گوتووە "پێویستە پێشمەرگە بەشداری شەڕ بکات". لە 20ی ئایاردا بەڕێوەبەری پەدەکە بۆ ئەمە کۆبووەتەوە. چ بڕیارێکیان داوە، پێویست ناکات ئێمە لێرەدا باسی بکەین".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لەو هەڤپەیڤینەدا باس لەوە دەکات کە ویستوویەتی بارزانی ببینێت و شتێکی شاراوەی پێ بڵێت.

قەرەیلان گوتی: "بەر لە چەند مانگێک لە رێگەی هەندێک دۆست، دەوڵەتی تورک هەتا تەیب ئەردۆغان خۆی، داوای لە ئێمە کردبوو، کە لەناو تورکیا واتە کوردستانی تورکیا ئێوە ئاگربەست رابگەیێنن، ئێوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەرچییێک دەکەن، ئێمە سەرقاڵی نابین'. واتە لەگەڵ ئێمەدا ئاگربەست رابگەیەنن، ئەوەتە شەڕتان لەگەڵ پەدەکە هەیە، بڕۆن لەگەڵ ئەوان شەڕ بکەن. ئەمە یاریی دوژمنە. پێویستە ئێمە لە بەرانبەر ئەم یارییەی دوژمن هوشیار بین".

قەرەیلان باسی چوونی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ چیای مەتین دەکات و دەڵێت: "لەسەر مەتینا دۆڵ و کەندێکی زۆر گرنگ هەیە، کە مەتین دەکات بە دوو بەشەوە. هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێ جێگیر بوون. لەوێ لە 7 شوێن و خاڵدا خۆیان جێگیرکردووە. هێزەکانی ئێمەش لەو شوێنانەوە نزیکن. زانیارییان پێدام، کە 'بەرەو ئێمە رێگا دروست دەکەن. نێوانمان 200 بۆ 300 مەترە'، هێزەکانمان لێمان دەپرسن و دەڵێن، 'ئێمە چی بکەین؟' ئێمەش گوتمان، 'هەڤاڵ ئێستا راوەستن. یانی بڵێیت کارێک بکەن، کە رێگاکە بهێنن تاوەکوو شوێنەکەى ئێوە؟' یان بابەتێکی هەستیاری لەو جۆرە لە گۆڕێدایە. لەوێ سەنگەری شەڕ دروست دەکەن. حەفارە و شۆفڵ و زرێپۆشیان هێناوە. لە هەمانکاتدا بەرەو کامپەکانی هەڤاڵانمان دەڕۆن".

قەرەیلان هەروەها باسی بەشداری هێزە عێراقییەکان لەو شەڕەدا دەکات و دەڵێت: "لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا رێککەوتنێکیان کردووە. ئەو رێککەوتنە چەند رێککەوتنی ناوەندییە، یان نا، ئێمە نازانین، بەڵام دەیانەوێت هەندێک لە هێزەکانی عێراقیش بەشداری ئەو شەڕە بکەن".

قەرەیلان هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئێستا لە مەتینا دۆخێکی مەترسیدار هەیە. هەموو ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە لە نێوان ئێمە و پەدەکەدا شەڕ رووبدات... بۆ ئەوەش من تکا دەکەم هەموو حیزبەکان و هەموو هێزەکان لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ نەبن و دەستێوەردان بکەن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2328

Your Comment

You are replying to: .
captcha