لەسەردەمی بایدن دەروازەی دیپلۆماسی بەڕووی کورددا دەکرێتەوە

بەشی سووریا- جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت: ئەوەی کە ڕوونە ئەمەیە کە لەسەردەمی بایدندا پشتگیریی ئەمریکا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات درێژەی دەبێت بەڵام لەباری سیاسییەوە ڕوون نییە کە ئەمریکا دان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بنێت و ڕێگایێک بۆ دۆخی ئێستای سووریا بدۆزێتەوە یان نا.

«بەدران چیا کورد» بریکاری جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ڕای ئێوە لەبارەی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکاوە چییە، وەڵامی دایەوە: لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا لەسەردەمی جۆ بایدن و ئەوەی کە چ سیاسەتێک هەمبەر ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق دەگرێتەبەر شرۆڤەی زۆر کراوە و پرسیاری سەرەکیی ئەمەیە کە بە چ شێوەیێک لەگەڵ ئەم وڵاتانە مامەڵە دەکات. بێ گومان هەر شرۆڤەکارێک و بەشێوەیێک وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە و بەرپرسانی ئەمریکی کە تازە هەڵبژێردراون وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە و ئەو وڵاتانەیش کە باسیان لێوە کرا هەیەکەو بەدوای ئەوەدان کە بە چ شێوەیێک پێوەندییان لەگەڵ ئەمریکا ببێت.

ناوبراو درێژەی دا: بەڕای من گۆڕانکاریی جیدیی لە ستراتێژییە گشتییەکانی ئەمریکادا ڕوونادات و بەپێی پلانە پێشووەکان سیاسەتی ئەمریکا درێژەی پێدەدرێت، بەتایبەت لەبارەی هاوکاری کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەشەڕی داعش و دژایەتی کردنی سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندیی سوویا گۆڕنکاریی بەسەردا نایێت.

ناوبراو زیاتر وتی: ڕەنگە بایدن بەدوای هاوسەنگیی هێز لەنێوان هێزە جیاوازەکان لەوان ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە ناوچەکەدایە تاکوو نەبوونی هاوسەنگیی هێز خەسار لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا نەدات. دژایەیی دەوڵەتی ئەمریکا لەئێستادا لەگەڵ ئێران و تورکیا زیاتر بووە و بایدن وەکوو ترەمپ بڕیاری شەخسی پەیڕەو ناکات بەڵکوو بۆ ناوەند بڕیاردەرەکانی ئەمریکا لەبارەی ئەم وڵاتانەوە دەگەڕێتەوە.

بریکاری جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەباەری سیاسەتەکانی ترەمپ هەمبەر کوردەکان وتی: لەبارەی تورکیاوە ترەمپ بڕیاری تاکەکەسیی دەدا و هەر ئەو بڕیارانەش خەساری بە کوردەکان دەگەیاند چاوەڕوان دەکرێت کە بایدن بەپێی یاساکانی ئەمریکا ڕەفتار دەکات و بۆ ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەگەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ شوێنی خۆی بگەڕێتەوە سروشتییە کە کورد دەرفەتێکی باشی دەکەوێتە بەردەم تاکوو بە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماتیک بەدوای مافی خۆی لە ناوچەکەدا بێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد: ئێمە ناڵێین کە هاتنی جۆ بایدن هەموو شتێک فەراهەم دەکات. ئێمە خۆمان فریو نادەین. سیاسەتەکانی ئەمریکا بەپێی بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا داڕێژراوە.

بەدران چیا کورد زیادی کرد: ئێمەیش لەبارەی دەوڵەتی نوێ ئەمریکا شرۆڤەی تایبەتمان هەیە و دەڵێین بەجۆرەی کە هەمووان دەڵێن هەموو شتێک بۆ خەڵکی کورد ڕێکناخرێت چوونکە لەسەردەمی ئۆباماوە تا ئەمڕۆ پشتگیرییەکانی ئەمریکا لەهێزەکانی سووریای دیموکرات تەنها بۆ شەڕی داعش بووە و ترەمپ سیاسەتی ئۆبامای درێژە پێدا و ڕەنگە ئەم خولەش هەمان سیاسەت پەیڕەو بکرێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: بۆیە ئێمە ناتوانین ڕوون و ئاشکرا بڵێین کە چ شتێک ڕوودەدات. ئەوەی کە ڕوونە ئەمەیە کە شتگیریی ئەمریکا لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک درێژەی پێدەدرێت بەڵام لەبواری سیاسییەوە ڕوون نییە کە ئەمریکا دان بە بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بنێت.

بریکاری جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و وتی: سیاسەتی ئەمریکا لەسەردەمی بایدن بەپێی بەرژەوەندیی لەگەڵ تورکیا و ئێران دەبەسرێتەوە. ئێمە هیوامان وایە لەبواری سیاسییەوە هەنگاوێک بۆ چارسەریی پرسی کورد لەسووریا هەڵبگیردرێت بەڵام لامان ڕوون نییە کە چ شتێک بڕیارە ڕووبدات بەدەستی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوبراو درێژەی دا: لەپرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا خۆی بە هاوڕێی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لەقەڵەم دەدا هەڵبەت هەندێک جار سیاسەتەکانی لەگەڵ سیاسەتی کوردەکاندا یەکناگرێتەوە.

بەدران چیا کورد وەبیری هێنایەوە: بوونی هەندێک کەس و ڕادەربڕینی ئەوان لەبەرژەوەندیی کورد لە کابینەکەی بایدندا ئەمە نایێنێت کە توانای هەموو بڕیارێکیان دەبێت و گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست دەکەن. تەنها دەتوانین بڵێین دەرفەت بۆ هەوڵی دیپلۆماسی زیتر دەڕەخسێت و ئەوەش بەو مانایە نییە کە زۆر سوودمەند دەبین.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: لەباری سیاسی و دیپلۆماسییەوە ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ تاکوو دەگەینە دەسکەوتی سیاسی ئەوتۆ بۆ میللەتەکەمان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 233

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha