بێ ئاو بوون هەڕشەیێکی گەورەیە لە کوردستانی سووریا/ گیانی ئینسانەکان بۆ تورکیا بێ بەهایە
بەشی سووریا- ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکاری کوردی سووریا دەڵێت: تورکیا هێشتا وازی لە "تیرۆریزمی ئاوی" نەهێناوە و بەردەوامە لە بڕینی ئاوی فۆرات بەسەر خەڵکی سووریادا.

«جومعە محەمەد» ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکاری سووری لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دۆخی ئاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕایگەیاند: دۆخی ئاو لە کوردستانی سووریا زۆر قەیراناویە و تورکیا هێشتا دەستی لە بڕینی ئاو هەڵنەگرتووە.

ناوبراو درێژەی دا: ماوەی چورا مانگ و نیوە کە تورکیا شەڕی ئاوی هەڵگیرستاندووە و لە ڕۆژێکدا تەنها 200 مەتری سێجا لە چرکەدا ئاو بە ڕووباری فۆراتدا بەردەدات ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنەکان، تورکیا دەبێت ئەو ڕێژەیە تا 500 مەتری سێجا بەرز بکاتەوە.

جومعە محەمەد ڕاشیگەیاند: پاش بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرما نەخۆشیە گواستراوەییەکان بەهۆی کەم بوونەوەی ڕێژەی ئاو و مەن بوونی ڕووبارەکە زیاتر بووەتەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی چڵکی دەبن ڕووی لە بەرز بوونەوەیە.

ناوبراو جەختی کردەوە: کەم بوونی ئاو کاریگەریی لەسەر بەرهەم هێنانی کارەبایش دروست کردووە و خەڵک لە دۆخێکی دژواردان و گەرمای هاوین مەترسیی زۆر جیدیی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە.

ڕۆژنامەوانە کوردەکە ڕاشیگەیاند: بەهۆی کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی فۆرات وەرزی جووتیاریی هاوینەیش تووشی کێشە بووە و خەڵک ئەمنیەتیی خۆراکیشیان لە مەترسیدایە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113