مەزڵووم کۆبانی و هەسەدە تێوەگلان لە بۆردوومانەکەى نەخۆشخانەی عەفرین ڕەت دەکەنەوە

بەشی سووریا- مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبێت لەو بۆردوومانەى کرایە سەر نەخۆشخانەی گشتیی شاری عەفرین و بەهۆیەوە 17 کەسی مەدەنی کوژران کە پزیشکێک و سێ کارمەندی نەخۆشخانەکەی تێدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەد) ڕایگەیاندووە: "بە هەموو شێوازێک ڕەتی دەکەینەوە کە هێزەکانمان بەرپرس بن یاخود دەستیان هەبێت لەو هێرشە کارەساتبارەی کرایە سەر نەخۆشخانەی عەفرین، ئێمە هەست بە خەمێکی قووڵ دەکەین بۆ لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەبێ سڵ کردنەوە ئیدانەی دەکەین، بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکانی پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

شایانی باسە، نەخۆشخانەی گشتیی شاری عەفرین ڕووبەڕووی تۆپباران بوویەوە، بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووری، 17 کەس کوژراون کە 11یان مەدەنین.

لەناو کوژراواندا پزیشکێک و سێ کارمەندی نەخۆشخانە و سێ ژن و منداڵێک هەن، بەپێی ڕوانگەی سووری، سەرچاوەی تۆپبارانەکە لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای حەلەبەوە بووە کە هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتی تێدایە.

لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵەی پزیشکیی سووری-ئەمریکی کە ڕێکخراوێکی مرۆییە و هاوکاری کەرتی تەندروستی دەکات لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆندا دەڵێت، نەخۆشخانەی شیفا لە عەفرین بە دوو موشەک بۆردوومان کراوە.

هەر بەپێی ئامارەکان، چوار کارمەندی تری نەخۆشخانەکە بریندار بوون و بەشی نۆرینگەی دەرەکی و بەشی منداڵ بوون بە تەواوەتی خاپوور بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2348

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha