پارتی دیموکرات چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان گفتوگۆی لەگەڵ پەکەکە کردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لە پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوە داوە پارتی دیموکرات چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان گفتوگۆی لەگەڵ پەکەکە کردووە و جەختی کردەوە کە گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە بێ ئەنجامە و ئەگەر دۆخەکە هەروا بەردەوام بێت شەڕ دروست دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لە پارێزگای دهۆک بە ڕۆژنامەی هاووڵاتیی وتووە پەکەکە بەبڕوای دارودەستی تورکیا نیوەی پەکەکە زیاتر میتی تورکیان، هەر شتێک تورکیا بەپەکەکە بڵێت دەیکات، ئەوان هۆکاری سەرەکین کە تورکیا رابکێشن بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو وتیشی: دەبوایە پەکەکە بەرگریی لە هەرێمی کوردستان بکردایە، چوونکە تەنها ئێمە خاوەن حکوومەت و پەرلەمانین لە پارچەکانی تر نیە، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی بەرگری کردن لە هەرێمی کوردستان هەوڵی تێکدانی دەدەن .

بابەکر زێباری دەڵێت: سوێند بەخوا فەرقی پارتی و یەکێتی و هەموو حزبەکان لای پەکەکە یەک حسابە، هیچ کەسێک لای ئەوان بەفلسێک ناهێنێت، هەرکەسێکیش ئەمە بەهەڵە دابنێت ئەوە کەیفی خۆیەتی، پەکەکە هیچ زمانێک نازانێت جگە لەزمانی هێز نەبێت، هەر شوێنێک بۆی بچێت دەبێت خۆی حاکم بێت، ئەوەش ناکرێت، ئێمە فیدراڵی خۆمان وەرگرتووە.

بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی پارتی لە پارێزگای دهۆک جەختی کردەوە: نە پەکەکە هی ئەوەیە گفتۆگۆی لەگەڵ بکرێت و تورکیاش لێی رازی نیە، بەقسەی پارتی ناکەن چەند جارێک مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی وتوویەتی شەڕی کورد لەگەڵ کورد نابێت بکرێت، ئێستاش باوی ئەمە نەماوە میللەتێک بە شەڕ و چەک مافی خۆی وەربگرێت، دەبێت بەڕێگای دیالۆگ و سیاسەت بێت، چەند جارێک پارتی لەگەڵ پەکەکە قسەی کردووە تاگرژی و ئاڵۆزی نەمێنن، بەڵام بێ‌سوود بووە، پەکەکە بەقسەی پارتی ناکات، مێشکی پەکەکە هی ئەوە نیە لەگەڵی گفتۆگۆ بکەی .

بابەکر زێباری وتیشی: هەر کەسێک عاقڵ بێت و خۆی بە کورد بزانێت لەگەڵ ئەوەدانیە یەک دڵۆپی خوێن لەجەستەی کەسێکی کورد بڕژێت، بەڵام کاتێک ناچارکراین هیچ رێگایێک نیە دەبێت بەرگری لەخۆمان بکەین.

ناوبراو دەڵێت: بۆچوونی مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دیارە، خۆ هەزار جار دووبارەی ناکەین لەگەڵ شەڕی کورد لەگەڵ کورد نین، پەکەکە هەر کوردە، بەڵام راناوەستن، ئەو گەنجانەی لەناو ریزەکانی پەکەکەدان لەوانەیە نیەتان باش بێت، بەڵام سەرکردایەتییێکی موجریمیان هەیە.

بابەکر زێباری ڕاشیگەیاند لەگەڵ کێ‌ میساق واژۆ بکەین، لەگەڵ پەکەکە هیچ سودێکی نیە، ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ پەکەکە هەیە، میساق و رێککەوتن هیچ سوودی نیە، بەهیچ شتێک نایەنە ژێر بار، هەرشوێنێک بۆی بچن دەبێت لەوێ دەسەڵات بن و خۆیان فەرز دەکەن کە ئەوان حاکمی ناوچەکەن و هیچ حسابێک بۆ حکوومەتی هەرێم ناکەن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند پەکەکە نایەوێت دارەکان ببڕێن، چوونکە لەپشت دارەکان خۆیان دەشارنەوە، پەکەکە دارەکان دەپارێزێت ئەمە راستییە، پێدەچێت تورکیا ئەم کارەی کردبێت بەڵام 100% پشتڕاست نیم کەئەم کارە تورکیا کردوویەتی.

لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا کە تورکیا نزیکەی  40 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی داگیرکردووە، بەڵام پارتی باسی داگیرکارییەکان ناکات، ئایا ئەمە رێککەوتنی نێوان تورکیا و پارتییە؟ بابەکر زێباری دەڵێت: تورکیا تەنها 11 کیلۆمەتر هاتووەتە ناوخاکی هەرێم، هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و تورکیادا نیە، بیانووی تورکیا ئەوەیە کە پەکەکە بەڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنێت و لەسەر سنوورەکانی عێراقە، عێراقیش نایات سنوورەکانی خۆی بپارێزیت، تورکیا دەڵێت منیش ناچارم سنوورەکانی خۆم بپارێزم.

بابەکر زێباری لە کۆتاییدا لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە دەڵێت: باسی گفتۆگۆ لەگەڵ پەکەکە نەکەن، چوونکە خۆی لەگەڵ گفتۆگۆ نیە، گفتۆگۆ لەگەڵ پەکەکە هیچ سوودی نیە، چوونکە هیچ مەعایرێکیان لا نیە و هیچ پەیمان لای پەکەکە نیە، پەکەکە بەدەستی خۆی نیە، ئەگەر پەکەکە رانەوەستێت و هەر بەردەوام بێت لەسەر چالاکیەکانی خۆی دەبێت بەهێز دەربکرێت، ئەگەر پەکەکە هەروا بەردەوام بێت گورزێگی گەورە لەخۆی دەدات و زۆر پەشیمان دەبێتەوە و پەکەکە هەروا بەردەوام بێت شەڕ دروست دەبێت.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113