تورکیا 800 جار ڕێککەوتنی ئاگربەستی شکاندووە و هێرشی کردۆتە سەر کوردانی سووریا

بەشی جیهان- بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیمانگای ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تورکیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 800 کەڕەت ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە باکووری سووریا پێشێل کردووە و هێرشی کردۆتی سەر هێزەکانی کورد-عەرەب.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاپۆتی نوێی پەیمانگای ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە کەلەسەر باکووری سووریا بڵاوی کردۆتەوە، ئەنقەرە بەیاوەریی هێزە سەربزیوەکان زیاتر لە 800 جار ئاگربەستی لە باکووری سووریا شکاندووە و هێزە کوردەکانی کردۆتە ئامانج.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، توندوتیژی دژی کوردەکان لە هەندێک ناوچەدا کە تورکیا کونترۆڵی کردوون بۆ نموونە لە عەفرین تۆمار نەکراون. ڕاپۆرتی پێشێل کردنی ئاگربەست لە باکووری سووریا و هێرش کردن بۆ سەر کوردەکان بەگوێرەی ڕاپۆرتی مەیدانی و ئەو دەیتایانە بەدەست هاتوون کە لە ڕێگای پڕۆژەی ACLEDەوە بەدەست هاتوون.

لە ئاکتەوبری 2019 پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەناوچەی پەرژینی نێوان کوردەکانی سووریا و ئەرتەشی تورکیا، تورکیا هێرشی سەربازیی بۆسەر کوردەکانی سووریا دەست پێکرد و لەو هێرشەدا دوو شاری گرێ سپی و سەرێ کانی لە کونترۆڵی کوردانی سووریا دەرهێنا. ئەمریکا چەند ڕۆژ پاش داگیر کردنی ئەو دوو شارە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ڕاگەیاند.

ئامی ئاستین، لێکۆڵەری پرسەکانی سووریا لەم ڕاپۆرتەدا دەڵێت: بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە، ئەمەریکا و تورکیا بەڵێنیان دا کەمینە ئاینییەکان و کەمینە قەومییەکان لە باکووری سووریا پارێزراو بن بەڵام لە چاودێریێکدا کە مانگی سێپتێمبێر ئەنجاممان داوە هەموو کەمینەکان لەوان عەرەب، کورد، ئاشوورییەکان و ئێزدییەکان باس لە نەبوونی ئیمکانی گەڕانەوە دەکەن بۆ زێدی خۆیان و هێشتا بەناچار لە کەمپەکاندا دەژین.

بەگوێرەی پەیمانگای ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تورکیا لە شاری تەل تەمەر 138 جار ڕێککەوتنی ئاگربەستی شکاندووە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە تورکیا مافی ئەوەی نییە داخڵی ئەو شارە ببێت و یان دەستدرێژیی بکاتە سەر.

ئامی ئاستین هۆشداری داوە هەڵمەتەکانی تورکیا لەدژی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان بەتایبەت لە تەل تەمەر مومکینە بەمەبەستی فەراهەم کردنی بەستێن بێت بۆ داگیر کردنی ئەو شارە و یان ئەوەی کە دانیشتووانی شارەکە ناچار بە کۆچ کردن بکەن و پاکتاوی نژادی ڕوویدابێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 24

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha