پەکەکە دەبێت واز لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بێنێت
بەشی سووریا- ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (الپارتی) دەڵێت: حەفتا لەسەدی کوردانی سووریا نزیکن لە ئەندێشەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.

«حسێن مەستۆ» ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (الپارتی) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کاریگەریی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە لەسەر کوردانی سووریا و وتی: بێ گومان ئەم ناکۆکیگەلە کاریگەریی دەبێت لەسەر دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوورویا هەرچەند کە ئەمریکا گەرەنتیی گفتوگۆکانی کردبێت.

ناوبراو درێژەی دا: حەفتا لەسەدی کوردانی سووریا نزیکن لە ئەندێشەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.

حسێن مەستۆ وتیشی: دوو گرووپ نفووزیان لەناو پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد کردووە و نایانەوێت دانوستانی کوردی-کوردی لە کوردستانی سووریا بگاتە ئەنجام و ئەمەش بەستێن خۆش دەکات بۆ ناکۆکییەکانی دیکە بەڵام کوردی سووریا بۆ گەیشتن بە ئاسایش پێویستیان بە دانوستانە.

ئەندامەکەی الپارتی جەختی کردەوە هەر دوو لایەنەکە دەبێت بە ڕوانگە و ڕەفتار و سیاسەتەکانی خۆیاندا بچنەوە و پەکەکەیش دەبێت واز لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بێنێت؛ ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ناوچەیێکی دانپێدا نراوە و دەبێت پەکەکە ڕێز لە یاساکان بگرێت.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113