بۆچوونی چاودێران لەبارەی مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان پەکەکە و پارتی

بەشی جیهان- ژمارەیێک لە چاودێران بڕوایان وایە کە تورکیا بەنیازە حیزبی باڵادەستی هەرێم واتا پارتی بخاتە ژێر گوشارەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە بەڵام هیچ کام لەو دوو لایەنە حەز بە شەڕی نێوخۆ ناکەن و باشتر ئەوەیە کە تورکیا کێشەکەی لەنێو وڵاتی خۆیەوە چارەسەر بکات.

کوردپرێس:

جووڵەی سەربازیی ئەم دوایییەی تورکیا دژی پەکەکە لە نێو خاکی عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیپرێڵی 2020ەوە پەرەی سەندووە و مەترسیی تەشەنەکردنی شەڕەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ئەوەش نیگەرانیی خستۆتەوە لەوەی ئەگەری شەڕی نێوان پەکەکە و پارتی دێنێتە ئاراوە لەبەر ئەوەی شەڕ لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی پێشڕەوی زۆری کردووە و بەتایبەت پاش ئەوەی 5 هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی ئامێدی بە هۆی پێکدادانەکانەوە گیانیان لە دەست دا مەترسیی تەشەنەکردنەکان پەرەی سەندووە.

سەرتیپ جەوهەر شرۆڤەکاری سیاسیی کاروباری کورد دەڵێت تورکیا گوشاری خستۆتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی شەڕی پەکەکە بکات بەڵام ئەو چاودێرە بە ئەلمۆنیتۆری وتووە نەپەکەکە و نە پارتی هیچیان حەز بە شەڕی دژەیەک ناکەن. پارتی لە لایەن حیزبە کوردستانییەکانی هەرێمەوە گوشاری لە سەرە بۆ ئەوەی شەڕی پەکەکە نەکات. پەکەکەش نایەوێت هاوکات لە دوو بەرەوە لە شەڕدا بێت.

ئەو چاودێرە لەبارەی هەڵوێستی کوردەکانی عێراق لەبارەی شەڕی تورکیا و پەکەکە دەڵێت: هەڵوێستی سەرەکی لە کوردستانی عێراق ئەوەیە کە نە پەکەکە و نە دەوڵەتی تورکیا هیچیان بە بانگهێشت نەهاتوونەتە خاکی عێراق و پێویستە کێشەکانیان ببەنەوە نێو خاکی تورکیا.

مستەفا ئاری شەفیق شرۆڤەکاری کاروباری کوردەکان کە بەدواداچوونی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە کوردییەکان لەگەڵ تورکیا کردووە دەڵێت بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستا، شەڕی چەکداریی پەکەکە زیانی بۆ کوردەکانی عێراقیش و کوردەکانی سووریاش دەبێت. ناوبراو لەبارەی ئەگەری شەڕی نێوان پەکەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: کوردستانی عێراق هیچ پێوەندیی بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان تورکیا و پەکەکە نیە. تورکیا پێویستە پرسی ئەمنیی خۆی بگوازێتەوە نێو سنوورەکانی خۆی و پەکەکەش پێویستە ڕێز لە پێگەی هەرێمی کوردستان بگرێت و هەوڵ بۆ چارەسەری سیاسی بدات.

News Code 2432

Your Comment

You are replying to: .
captcha