پێویستە PYD زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات/ ژمارەی پێشمەرگەی ڕۆژ 8 هەزار کەسە

بەشی سووریا- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەڵێت: گفتوگۆی ننێوان (ENKS) و (PYNK) بەهۆی نەبوونی نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکاندا، ڕاگیراوە.

«قەدری جان» ئەندامی لیژنەی ناوچەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا و هەروەها ئەندامێکی شاندی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە قامیشلۆ لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردبە کوێ گەیشت، ڕایگەیاند: دانوستانەکان لە ئاستێکی بەرزدا درێژەی هەبوو و لە هەشت مانگی ڕابردوویشدا بە چەند ڕێکەوتنی سیاسی گەیشتین لەوان لێکتێگەیشتنێکی سیاسی و پێکهێنانی لیژنەیێکی سیاسیی هاوبەشی باڵا.

ناوبراو درێژەی دا: لە ئێستادا گفتوگۆی ننێوان (ENKS) و (PYNK) بەهۆی نەبوونی نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکاندا، ڕاگیراوە.

قەدری جان زیادی کرد: پاش کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکە تا ئەو کاتەی کەسێکی نوێ دەستنیشان دەکرێت و هەروەها بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکا دانوستانەکان دواخراون. هیوادارین بەم زووانە بتوانین لەسەر پرسەکانی تر گفتوگۆیێکی جیددی دەست پێبکەین.

ئەندامی لیژنەی ناوچەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لەبارەی ئەو خاڵانەی کە لە دانوستانەکاندا کێشەیان دروست کردووە وتی: یەک لەو بابەتانە فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندایە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وانەی سیاسیی لە کتێبی قوتابییەکاندا هێناوە کە پێویستە بگۆڕدرێت چوونکە دەبێت وانەکان لەگەڵ ستاندەرە جیهانییەکاندا یەک بگرنەوە تاکوو قوتابیان و خوێندکاران توانای ەوێندنیان لە زانکۆکانی سووریا و ئەورووپادا هەبێت.

قەدری جان ئاشکرای کرد: خاڵێکی دیکە ئاشکرا بوونی دۆخی ئەو دەستگیر کراوانەیە کە لەلایەن (PYD)وە دەستگیر کراون و تا ئەمڕۆ چارەنووسیان دیار نییە.

ئەندامەکەی شاندی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە قامیشلۆ زیاتر وتی: هەروەها پێویستە لەسەر پشمەرگەی ڕۆژ ڕێکبکەوین. 8هەزار گەنجی کوردی سووریا لە ئێستادا لەژێر ناوی پێشمەرگەی ڕۆژ لە هەرێمی کوردستانی عێراقدان و پێویستە بگەڕێنەوە کوردستانی سووریا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بابەتێکی دیکە یاسای سەربازیی زۆرەملێیە لە ڕیزەکانی یەپەگە-دا؛ کە بۆتە هۆی کۆچ کردنی ژمارەیێکی زۆر لە گەنجە کوردەکانی سووریا و کوردستانی سووریا گەنجی کچ و کوڕی کوردی تێدا نەمێنێت.

قەدری جان جەختی کردەوە ئەم چەند خاڵە لەلایەن کۆمەڵگای کوردی سووریاوە تەئکیدی لەسەر دەکرێت و ئەمانە داواکاریی حزبی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی دیموکرات نین بەڵکوو خەڵک ئەم داواکارییانە دەخەنە ڕوو.

ئەندامەکەی شاندی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە قامیشلۆ لەبارەی کاریگەریی سەرۆکی کۆماری نوێی ئەمریکا لەسەر دۆخی کوردستانی سووریا وتی: سیستەمی سیاسیی ئەمریکا کۆماری و سەرۆکایەتییە و سەرۆک کۆمار دەورێکی گرنگی تێدا دەگێڕێت. هیوادارین هەرکەس لە ئەمریکادا دەسەڵات دەگرێتە دەستەوە لەسەر کوردستانی تورکیا و درێژەی دانوستانەکان دیدێکی ئەرێنیی ببێت.

قەدری جان ئەندامی لیژنەی ناوچەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکا سیستەمێکی ڕێکخراوەییە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بەرنامەی داڕێژراوە و بیر لە کورد و سووریا ناکاتەوە بەڵکوو بەرژەوەندیی خۆی لاوە گرینگە. گرینگ ئەمەیە کە ئێمە وەکوو کورد بگەینە ڕێککەوتنێک و ستراتێژیێکی هاوبەش تاکوو دەستمان بە مافەکانی خۆمان لە ناوخۆی سووریا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 245

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha