هەرێمی کوردستان 928 هەزار ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان رایگەیاند: هەرێمی کوردستان ئێستا 928،674 ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەگشتی دۆخیان باش نییە، ئەو پشتیوانەی پێشتر هەبووە کەم بووەتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر کەم بوونەوەی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان کردووە. لێکەوتەکانی کۆرۆناش کاریگەری نەرێنی هەبووە، بەتایبەتی ئەوانەی ناو شار و کەمپەکاندا دەژین."

بەگوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەمانگی قەیرانەکان، کەم بوونی هاوکارییەکانی پەنابەران و کۆرۆنا وایکردووە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەم بوونی خۆراک، کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی دابنێت. ئەوەی باشبێت ئەوەیە کە ئەمن و ئاسایشیان هەیە.

هۆشەنگ محەممەد داوا دەکات حکوومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاویان لە ئاست پێداویستییەکانی پەنابەران دانەخەن، چوونکە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانیشەوە.

سەبارەت بە هاتن و گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران لەم کاتەدا، هۆشەنگ محەممەد گوتی: "ژمارەی هاتنی پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان زیاترە لە گەڕانەوەیان، ئەوەشیان بە روونی لە ئامارەکاندا دیارە. تەنیا لەماوەی مانگی پێنجی ئەمساڵدا دوو هەزار و 684 ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لە بەرامبەردا سێ هەزار و 545 ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان".

بەپێی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەمانگی قەیرانەکان لە پێنج مانگی رابردوودا هەزار و 351 پەنابەر و دوو هەزار و 230 ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە بەرانبەردا 131 پەنابەر و دوو هەزار و 553 ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

بەپێی پێنجەمین راپۆڕتی بارودۆخی مرۆیی سەنتەری هەماهەنگی قەیرانەکان، کە 14/6/2021 بڵاوکراوەتەوە، هەرێمی کوردستان ئێستا 928،674 ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە، لەو ژمارەیە 665،505 ئاوارەی ناوخۆن و 242،824 پەنابەری سووری، 8،747 پەنابەری تورکی و 10،760 و پەنابەری ئێرانی و 753 پەنابەری فەڵەستینین، هەروەها 85 پەنابەری وڵاتانی دیکە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە زۆربەی ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی کەمپەکانن. تەنیا 30٪یان لەناو 36 کەمپدا دەژین، هەروەها 70٪یان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین. 41٪ی ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگای هەولێر ، 40٪ لە پارێزگای دهۆک و 19٪یان لە پارێزگای سلێمانین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2450

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha