دوا زانیارییەکان لەبارەی دۆخی کەمپی هۆل

بەشی جیهان- دکتۆر ئان سپکهارد، مامۆستای زانکۆی جۆرج تاونی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بە درێژی پێکدادان لەنێوان کوردەکانی سووریا و داعش ڕایگەیاند پڕۆسەی ڕادەست کردنەوەی ئەندامانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپی هێواشە و بە خۆپارێزییەوە دەچێتە پێش.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێزە کوردەکانی سووریا لە دوا ڕووبەڕووبوونەوەکانیاندا لەگەڵ داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، زیاتر لە 60000 کەس کە لە چەکدارانی داعش و بنەماڵەکانیان پێک هاتبوون، بۆ کەمپی هۆل گواستەوە. بەرپرسانی کوردی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا چەندین جار داوایان لە 54 وڵاتی جیهان کە هاووڵاتییانیان بۆ تەڤڵ بوون بە داعشەوە ڕۆشتبوونە سووریا و ئێستا لە کەمپی هۆل و دیکە کەمپەکانن، کرد کە ئەو هاووڵلاتیانەیان وەربگرنەوە. ژمارەیێک لە وڵاتان دەستیان کرد بە گەڕاندنەوەی ئەو داعشانە بۆ وڵاتانی خۆیان.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دوا زانیارییەکان لەسەر دانیشتوانی کەمپی هۆل لەگەڵ دکتۆر ئان سپکهارد، مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون و بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی توندئاژۆیی، کە بە وردی لە دۆخی داعش دەکۆڵێتەوە، گفتوگۆیێکی ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون لەبارەی دوایەمین دۆخی شەڕی داعش و کوردەکانی سووریا بە کوردپرێسی وت: ئەرتەشی ئەمریکا درێژە بە پشتگیرییەکانی خۆی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەدات کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕێگری کردن لە دووبارە زیندوو بوونەوەی ئەو گرووپە، پێویستە. ژمارەیێک زۆر لە ئەندامانی داعش هەموو هەفتەیەک دەستگیر دەکرێن و هێرشەکانیان پووچەڵ ئەکرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەشی دا بە دۆخی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و تەعامول کردنی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بەمەبەستی باشتر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و وتی: پرسی هەرە گرینگ ئەمەیە کە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە چ شێوەیێک خۆیان لە چوراچێوەی دەسەڵاتدارێتیی سووریادا دەبیننەوە و ئایا بە هەمان شێوە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشنیاری کردووە ئەگەری ئەوە هەیە کە هەموو سووراییەکان لە چوارچێوەیێکی دیموکراتیکتردا پێکەوە بژین.

کەمپەکانی ئەندامانی داعش

بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی توندئاژۆیی زانکۆی جۆرج تاون لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردەکان و ئەندامانی چالاکی داعش لە کەمپی هۆل وتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەوڵ بۆ بنەبڕ کردنی شانە نووستووکانی داعش لە کەمپی هۆل دەدەن و تەنانەت ئەمیرێکی داعش لەو کەمپەدا دەستگیر کرا. هێزە کوردەکان هەروەها ژمارەیێک لە ژنانی داعشیان بۆ کەمپی ڕۆژ گواستەوە. ئەو ژنانە چیدی لەم کەمپەدا دەستیان بە تەلەفۆن ناگات و تەنانەت مافی لێدانی بورقە و حیجابیان نییە، بۆیە داعشە توندڕەوەکان کەمتر دەتوانن گوشیار بخەنە سەر ئەوانەی دەستیان لە داعش بوون هەڵگرتووە.

ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی داعش بۆ 54 وڵاتی جیهان

دکتۆر سپکهارد ئاماژەشی دا بە گرفت و کێشەی کوردەکان بۆ ڕادەست کردنی ئەندامان و بنەماڵەی داعشەکان بە وڵاتانی ئەورووپی و ڕایگەیاند: کێشەی ڕادەست کردنەوەی داعشەکان بە وڵاتانی جیاواز لەلایەن کوردەکانەوە ئەمەیە کە ژمارەیێک زۆر لە وڵاتان دڵنیا نین کە بتوانن چەکدارانی داعش و ئەوانەی دەستیان بە خوێنەوە تلاوە و ژنە مەترسیدارەکان دادگایی بکەن. بۆیەش پێیان باشە لەبری ئەوەی کە بۆ وڵاتانی خۆیان بیانگەڕێننەوە لە کەمپەکانی سووریا بن. سیاسەتوانانی ئەم وڵاتانە دەزانن کە ئەگەر وەرگرتنەوەی داعشەکان قبووڵ بکەن و ئەو کەسانە لە وڵاتانی خۆیان هێرشێک ئەنجام بدەن، پێگەی سیاسیی خۆیان لەدەست ئەدەن. بۆیە ئەوان خۆدەپارێزن و بەردەوامن لە دەسەڵات.

ناوبراو لەبارەی تێڕوانینێکی گشتی بۆ دانیشتوانی کەمپی هۆل وتی: دانیشتوانی ئەم کەمپە زۆر بە کەمی هاوڕێیی دەکرێن بەڵام ئەو منداڵانەی لەم کەمپەدا بێ گوناهن و بێ بەشن لە خزمەتگوزاریی تەندوستی و خوێندن. لە ڕاستیدا ئەوان زیندانین و گرووپێک وەکوو داعش دەتوانێت ئەم بابەتە بقۆزێتەوە ئیدیعا بکات کە موسوڵمانەکان بەتایبەت لەلایەن وڵاتە ڕۆژئاواییەکانەوە غەدریان لێکراوە. وا بەدی دەکرێت ژمارەیێک زۆر لە دانیشتوانی ئەم کەمپە چیدی ڕادیکاڵ و توندئاژۆ نین؛ بەم واتایە کە داعش تا ئەو ئاستەی لەگەڵیان خراپ هەڵسوکەوتی کردووە کە وازیان لەو گرووپە هێناوە.

دکتۆر ئان سپکهارد لەبارەی ڕێگاچارەی جێگیر کردنی ئەندامان و خانەوادەی داعشەکان زیاتر وتی: دەتوانرێت زۆرینەی ئەم کەسانە ڕادەستی وڵاتەکانی خۆیان بکەن بەڵام باشترین حاڵەت ئەمەیە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئێف بی ئای بشێوەیێکی بەرنامەبۆداڕێژراو لێپێچینەوە لەم کەسانە بکەن بۆ شایەتی دان لەدژی سەرکردەکانی داعش و تیمەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ناوەندە ناحکوومییەکان یارمەتیدەری ئەم پڕۆسەیە بن.

مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون و بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی توندئاژۆیی جەختی لە دووبارە پەروەردە کردن و ڕاهێنانی ئەندامان و خانەوادەی داعشەکان کردەوە و وتی: کاتێک وڵاتێک دڵنیا بێت کە دەتوانێت تەنانەت بە بێ دەستبەسەر کردنی ئەم کەسانە لەبارەیان بکۆڵێتەوە. دەتوانن بەشێوەی خۆویستانە بەشداری لە بەرنامەی پەروەردە و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بکەن. ئەگەر ئەم بەرنامە لەلایەن کەسانی پیپۆڕەوە بچێتەپێش دەتوانین دڵنیا بین کە گەڕانەوەی داعشەکان بۆناو کۆمەڵگا مەترسیدار نییە و بۆ ناو گرووپە توندڕەوەکان ناگەڕێنەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2457

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha