پڕۆژەی فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی پارێزگای دهۆک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا پرۆژەیێکیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک هەیە، لە ماوەی رابردوودا کۆنسوڵی فەرەنسا و شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا دووجار سەردانی شوێنەوارەکانی ئامێدیان کردووە. بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە ناوچە شوێنەوارییەکانی بە بەرپرسانی شوێنەواری شارەکە داوە.

کوردپرێس:

ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند: دەڤەری ئامێدی یەکێکە لە دەڤەرە هەر زەنگینەکان بە شوێنەوار، گەلێک لە شوێنەوارەکان ئەو دەڤەرە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.

لە ماوەی رابردوودا وڵاتی فەرەنسا لە رێگەی کۆنسوڵخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی چەند ناوچەیەکی شوێنەوارییان لە سنووری قەزای ئامێدی کردبوو. بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەکیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی قەزای ئامێدی ئامادەکردووە.

لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، بە رووداوی گوت: "لەبەر ئەوەی سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ناوچەی شوێنەواری، بە تایبەت دەڤەری ئامێدی کە خاوەنی چەندین ناوچەی شوێنەواری مێژووییە، پێشتر کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا بە یاوەری شاندێکی لەگەڵ رێکخراو ئەلیف کە رێکخراوێکی تایبەتمەندە بە نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان، سەردانی یەکێک لە ناوچە شوێنەوارییەکانیان لە سنووری قەزای ئامێدی کرد، کە خوێندنگەی (قوبەهانە) بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی ئەو خوێندنەگەیان پێداین و چەندین وێنەشیان لەسەر خوێندگەکە لە ئێمە وەرگرت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، دوای تاوتوێکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ شارەزایانی بواری شوێنەواری و رێکخراوی ئەلیف، بێن خوێندنگاکە نۆژەن بکەنەوە".

لە پارێزگای دهۆک 1400 شوێنەواری مێژووی تۆمارکراون. ساڵانە ژمارەیەک خەڵک بە تاوانی دەرهێنانی شوێنەوار دەستبەسەر دەکرێن.

لە چیای مەغلووب لە بەردەڕەش کەنیسەیەکی مێژوویی هەیە کە لە چەند جێگەوە هەڵکۆڵدراوە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار. چەند رۆژ پێش ئێستا شوێنێکی دیکەی کەنیسەکە هەڵکۆڵدراوە و شوێنەواری کەنیسەکە دەرهێندراوە.

هەر لەنێو چیای مەغلووب ئەشکەوتێک هەیە کە بە ئەشكەوتی "تەنیر" ناسراوە و ئەو ئەشکەوتەش لە چەند لاوە هەڵکۆڵدراوە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار.

چیاڤانەکانی ناوچەکە دەڵێن؛ بەردەوام کەسان و گرووپی جیاواز دەبینن کە بە رۆژی رووناک لەو دوو شوێنە مێژووییەی چیای مەغلووب خەریکی هەڵکۆڵین و دەرهێنانی شوێنەوارن. ئەوان دەڵێن؛ لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.

بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری دهۆکیش دەڵێت؛ ساڵانە کەسانێک لەو ناوچەیە بەو تاوانە دەستبەسەر دەکرێن. لە پارێزگای دهۆک هەزار و 400 شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراوە و ژمارەیێکی زۆری شوێنەواری دیکەش هەن کە تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراون.

News Code 2466

Your Comment

You are replying to: .
captcha