ناکۆکیی نێوان پەکەکە و پارتی کاریگەریی لەسەر دانوستانی نێوان کوردەکانی سووریا نییە

بەشی سووریا- بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) ڕایگەیاند: بە ئەگەری زۆرەوە بەم زووانە گفتوگۆی کوردی-کوردی لە کوردستانی سووریا دەست پێدەکاتەوە.

«عەبدوڵڵا ئیمام» بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) ئاماژەی دابە ناکۆکییەکانی نێوان پەکەکە و پارتی و کارتێکەریی ئەو ناکۆکییە لەسەر کوردانی سووریا و وتی: ناکۆکیی نێوان پەکەکە و پارتی لەمێژەوە هەیە و بۆ پازدە تا بیست ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و هەموو جارێک نوێ دەبێتەوە.

ناوبراو درێژەی دا: من وابۆی ناچم کە ئەم ناکۆکییە کاریگەریی لەسەر دانوستانی لایەنە کوردییەکان لە سووریا ببێت چوونکە لە ئێستادا ئەمریکا وەکوو لایەنێکی بەهێز دانوستانەکانی گەرەنتی کردووە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) زیاتر وتی: گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) درێژەی هەیە و هەموو جارێک بەهۆکارێکەوە ڕادەگیردرێت یەک لەو هۆکارانەش گۆڕدرانی دەسەڵات لە ئەمریکا بوو.

ئەم مافناسە کوردە وەبیریشی هێنایەوە: هۆکارێکی دیکەی ڕاگیرانی دانوستانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ڕەفتار و هەڵسوکەوتی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەو بەیانە توندە بوو کە لەدژی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەری کرد و هەروەها هەڵمەتی پەیەدە بوو لە دەستگیر کردنی هاووڵاتییان و سووتاندنی نووسینگەکانی حزبەکانی تر بوو؛ کە هیچ لەم هەوڵگەلە خزمەتی بە درێژەی دانوستانەکان نەکرد.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئەنجومەنی نیشتمانی لە بەرامبەردا ڕایگەیاند کە ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دانوستان بەڵام ناکرێت دەستگیر بکرێین و نووسینگەکانمان دابخرێت و گەرەنتیمان دەوێت بۆ درێژەدان بە دانوستان.

عەبدوڵڵا ئیمام وتیشی: لەلایێکی ترەوە ئەمریکا ڕایگەیاندووە داخوازییەکانی ئێوە ڕەوایە و بە لایەنی بەرامبەری ڕادەگەیەنین. پاش ماوەیەک ئەمریکییەکان وتیان مەزڵووم عەبدی بەڵێنی داوە چیدی ئەو چەشنە ڕووداوە ڕوونادات و ئێمە ئەم بەڵێنە بەر ئەرێنی دەزانین.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) وەبیری هێنایەوە: ئێمە چاوەڕوانین بەزووترین کات گفتوگۆکان دەست پێبکات و هیوایشمان وایە وابێت.

ناوبراو وتیشی: چەند ڕۆژ پێش ئێستا دەیڤید برونشتین نوێنەری ئەمریکا بۆ دانوستانی کوردی-کوردی لە گفتوگۆکەی نێوان بایدن و پووتیندا ئامادەبوو ئەەش دەریدەخات کە ئەوان جیدین لەسەر پرسی سووریا و کوردەکان.

ئەم سیاسەتوان و مافناسە ڕاشیگەیاند: بە ئەگەری زۆرەوە بەم زووانە گفتوگۆی کوردی-کوردی لە کوردستانی سووریا دەست پێدەکاتەوە و هیوادارین کێشەیێک لەسەر ڕێگای دانوستانەکان دروست نەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2490

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha