گرووپی ئەورووپیی ئاشتی لەبارەی جووڵەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی دەردەبڕێت

بەشی جیهان- گرووپی ئەورووپیی ئاشتی کە لە هاووڵاتییانی 15 وڵاتی ئەورووپا پێکهاتووە لە بەیاننامە و ڕاگەیێندراوی زۆردا لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان هۆشداریی داوە و نیگەرانیی دەربڕیوە.

کوردپرێس:

سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەیپرێڵی 2021ەوە هێرشی سەربازیی فراوانی لە خاکی هەرێمی کوردستان دەست پێکرد ئەوەش بە پاساوی بوونی پەکەکە لە خاکی هەرێم.

گرووپی ئەورووپیی ئاشتی کە لە هاووڵاتییانی 15 وڵاتی ئەورووپا پێکهاتووە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی لێکەوتەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و حکوومەتی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئاستەنگیان دروست کردووە لەوەی شوێنی جۆربەجۆر لە مەخموور بەسەر بکەنەوە.

ئەو گرووپە لە بەیاننامە بەرایییەکەی خۆیدا نووسیویەتی بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بە تەواوی بێدەنگە.

گرووپی ئەورووپیی ئاشتی دەڵێت مەبەستی تورکیا لە جووڵە سەبازییەکانی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ناوچەکە داگیر بکات.

ڕاگەیێندراوی ئەو گرووپە جەختیش دەکاتەوە کە تورکیا بە ئامانجی تەواوکردنی پشتێنی 1400 کیلۆمەتری لە سنوورەکانی خۆی لەگەڵ عێراق و سووریا ئوپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکووری عێراق چڕ کردۆتەوە.

ئەو گرووپە لە ڕاگەیێندراوێکی دیکەدا ڕوونی کردۆتەوە کە ئامانجی ئەوان لە سەردانەکەی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و دەرک کردن بە پێگەی هەرێمی کوردستان پاش بۆردومانەکانی تورکیا و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی شەڕ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری بەریتانیی کناری، پیرلۆرنس بریکاری سەرۆکی سێنای فەڕەنسا کە بە یاوەریی شاندەکە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە زاری ئەو گرووپەوە گوتوویەتی شاندەکە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ ئەو کوردانە دامەزراوە کە کەوتوونەتە بەر هێرشەکانی تورکیا و ئامانجی سەردانەکەش ئەوە بووە کە بەڵگە و دۆکیۆمێنت کۆ بکەنەوە بۆ دروست کردنی گوشاری دبڵۆماسییانە لە سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەو شاندە لە بەیاننامەیێکی دیکەدا خۆی بە بەشێک لە کامپێنی نێودەوڵەتی دژی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا و وڵاتانی دیکە دەزانێت و لەبارەی بێدەنگ بوونی هەرێمی کوردستانیشەوە نیگەرانیی دەربڕیوە و دەڵێت هۆکاری ئەو بێ هەڵوێستییە گوشاری ئابووریی تورکیا دژی هەولێرە.

News Code 2498

Your Comment

You are replying to: .
captcha