ناسا نۆیەمین گەشتی خۆی بۆ مەریخ دەست پێ دەکات
بەشی زانست و تەکنەلۆژیا- ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌ کارگێڕیی فڕۆکه‌وانی و ئاسمانیی ئه‌مریکا (ناسا) که‌شتیی ئاسمانیی "بیرسیفیڕانس" که‌ رۆبۆتێکه‌ و شه‌ش تایه‌ی هه‌یه‌ و فڕۆکه‌یێکی له‌سه‌ر به‌ستراوه‌، بۆ سه‌ر مه‌ریخ ده‌نێرێت.

کوردپرێس: ماڵپەڕی سکای‌نیوز بڵاوی کردووەتە بەپێی زانیارییەکانی ناسا ئه‌مانج له‌م گه‌شته‌ ئه‌وه‌یه‌، ئەو که‌رەسته و هه‌سارانە‌ تاقی بکرێنه‌وه‌ و به‌ڵگه‌کان کۆ بکرێنه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێک ئایا له‌ ڕابردوودا ژیان له‌سه‌ر مه‌ریخ هه‌بووه‌، ئایا له‌ داهاتووشدا مرۆڤ ده‌توانێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ساره‌ سووره‌ بژیت.

بڕیار وایه‌ ئه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌، که‌ تێچووه‌که‌ی 2.4 ملیار دۆلاره‌‌ ده‌مژمێر 7:50 به‌ کاتی رۆژهه‌ڵاتی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان و  11:50 به‌ کاتی گرینویچ، له‌ بنکه‌ی کیب کنافیرال له‌ فلۆریدا، گەشت بکات و ئەمە بە نۆیه‌مین گه‌شتی ناسا ده‌ژمێردرێت کە ئامانج لێی  کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی زیاتره‌ له‌سه‌ر مه‌ریخ.

جێی باسه‌ هه‌ر له‌م مانگه‌دا، ئیمارات و چینیش که‌شتیی ئاسمانیی خۆیان بۆ سه‌ر مه‌ریخ ناردووه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌مکارە لێزانی و توانایی خۆیان تاقی بکه‌نه‌وه‌.

" بیرسیفیڕانس" به‌ مووشه‌کی ئه‌تڵه‌س 5، ده‌نێردرێت، که‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیای یونایتد لونچ ئاڵاینس، که‌ له‌ کۆمپانیای بۆیینگ و لوکهید مارتن پێکهاتووه‌، دروست کراوه‌ و  وا مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت، بارهه‌ڵگره‌که‌، که‌ هێنده‌ی ئۆتۆمبێلێک گه‌وره‌یه‌ له‌ مانگی فێڤریوەردا بگاته ‌جێ.

بڕیاریش وایه‌ له‌و بنکه‌یه‌ بنیشێته‌وه‌، که‌ پێی ده‌گوترێ جیزیڕۆ، که‌ 250 مه‌تر قووڵه‌ و زانایان پێیان وایه‌ ئه‌م قۆرته‌ به‌رله‌ 3.5 ملیار ساڵ ده‌ریاچه‌ بووه‌ و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پێشتر ژیانی میکرۆبی له‌سه‌ر رووی مه‌ریخ هه‌بووبێت.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌، له پرێس کۆنفرانسێکدا جیم بڕایدنستاین به‌ڕێوه‌به‌ری ناسا گوتی: "ئه‌مه‌ یه‌که‌مین جاره‌ له‌ مێژوودا ئامانجمان ئاشکرایه‌ له‌ چوونه‌ سه‌ر مه‌ریخ، که‌ ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ی ژیانه‌ له‌ جیهانێکی دیکەدا".

هه‌روه‌ها یه‌که‌مین جاره‌ ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئەم کەشتییەمانەوە له‌سه‌ر مه‌ریخ به‌ردێک بێنینە سه‌ر زه‌وی، هه‌روه‌ها که‌رسته‌گه‌لێکیش له‌وی به‌جێ بهێڵین تا له‌ دوا رۆژدا زانیاری به‌ که‌شتیی دیکه‌ بده‌ن.

بیرسیفیرانس هه‌لیکۆپته‌رێکی بچووکی له‌سه‌ره‌، که‌ کێشه‌که‌ی 1.8 کیلۆگرامه‌ به‌ ناویئینجنیویتی" و ئه‌میش یه‌که‌مین جاره‌ بڕیار وایه‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی خۆی له‌سه‌ر مه‌ریخ بکات.

بڕایدنستاین ده‌ڵێت بێننه‌ به‌رچاوی خۆتان، رۆژێک دادێ رۆبۆتێک ده‌نێرینه‌ سه‌ر مه‌ریخ 10 هه‌لیکۆپته‌ری له‌سه‌ر بێت و هه‌ر یه‌که‌یان به‌لایه‌کدا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری بنێرین.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1997 ناسا که‌شتیی "سوجورنر"ی  نارده‌ سه‌ر مه‌ریخ، دواتر دوو که‌شتی دیکه‌شی ناردبوو به‌ناوی سبیریت و ئوبورتیوننیتی

ئه‌وکاتە ئه‌م که‌شتییانه‌ ئه‌رکیان پێکهاتبوو له‌ دۆزینه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر سروشتی جیۆلۆجی ده‌شته‌ پان و به‌رینه‌کانی سه‌ر مه‌ریخ و به‌ڵگه‌ی هه‌بوونی پێکهاته‌ی ئاوی و شتی دیکه‌ له‌سه‌ر مه‌ریخ.

هه‌روه‌ها ناسا هەتا ئێستا له‌ ناردنی سێ که‌شتیی ئاسمانی دیکه‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌، کە ئەوانیش بریتین لە باسفیاندر و فینیکس و ئینسایت.

ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پلانی هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یکانی ئاڕتیمس، له‌ سییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م "ره‌وادان"ی ئاسمانی بۆ سه‌ر مه‌ریخ بنێرێت، که‌ ئامانج لێی گه‌شتکردنه‌ بۆ سه‌ر مانگ و  ئاماده‌باشییه‌کیش بێت بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سه‌ر مه‌ریخ.

 

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113