ئەمریکا و کوردەکان دوو هاوپەیمانی بە ڕێکەوت

بەشی جیهان- نووسەرانی کتێبی "ئەمریکا و هێزی سووریای دیموکرات؛ دوو هاوپەیمانی بە ڕێکەوت دژی داعش" لەو بڕوایەدان کە هاوکاریی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا سەرەتا لە سەر ئەو بنەمایە نەبوو کە ئەمریکا هێز بنێرێتە سووریا بەڵکوو هاوپەیمانێتییەکە بەرهەمی پێویست بوونی بە هەڵکەوتی هاوپەیمانێتیی کاتی بۆ شەڕی دژبەداعش بوو.

کوردپرێس:

هاوکاریی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا لە پاییزی 2014وە و پاش ئەوەی داعش کانتۆنی کوردنشینی کۆبانێی گەمارۆ دا لە سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ڕووی دا. سەرباری ئەوەی ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تۆمەتی خەیانەت کردن لە کوردی خرایە پاڵ لە ماوەی چوار ساڵ سەرۆکایەتیی ناوبراودا ئەو هاوپەیمانێتییە بەردەوام بوو. هاوکارییەکە لە سەردەمی جۆبایدەنیشدا کە لە 2021ەوە دەستی بە کار کردووە بەردەوامە و ئەگەرچی قسەو باسی زۆر لەبارەی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکەوە دەکرێت بەڵام ئێستاش بەردەوامە. بەرپرسانی ئیدارەی بایدەن لەم دواییەدا جەختیان کردۆتەوە کە ئەو هاوکارییە تەنها لە بەر خاتری شەڕی دژبە داعش بووە.

مایکڵ نایتس چاودێری کاروباری ئەمنیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای واشەنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ولادیمیێر وان وینگلبێرت ڕۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە کاروباری کورد لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا، کتێبێکیان لە چاپ داوە و تێیدا تاوتوێی هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریکا و هێزە کوردییەکانی سووریایان کردووە کە لە سەر ڕاسپاردەی بەرپرسانی ئەمریکا لە 2016دا ناویان گۆڕدرا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ئەو دوو نووسەرە لە کتێبەکەیاندا جەختیان کردۆتەوە کە ئەمریکا لە سەر بنەمای پلان و ستراتێژیی تایبەت، هاوپەیمانییان لەگەڵ کورد هەڵنەبژاردووە بەڵکوو پشتگیری کردنی هێزە کوردییەکانی سووریا بە پێی زرووف بووە و ئەمریکا لە سووریا بژاردەیێکی دیکەی نەبوو جگە لەوەی بۆ شەڕی داعش هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد بکات.

نایتس و ویلگێنبێرگ جەختیان کردۆتەوە ئەزموونی عێراق و ئەفغانسان بە سەرۆکەکانی ئەمریکایان سەلماندووە کە نابێت لەباری هێز و کەرەستەی سەربازییەوە بە شێوەی بەرچاو لە سووریا بن. هەر بۆیە ژمارەی هێزەکان لە 2000 هێزەوە بۆ کەمتر لە 1000 کەم کراوەتەوە.

ئەو دوو کەسە جەختیان کردۆتەوە ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش لە سووریا تەنها سێ بژاردەی بوو: یان دەبوو هێزی سەر بە ئوپۆزسیۆنی سووریا بەکار بهێنێت. یان لەگەڵ تورکیا دژی داعش کار بکات یان خود پشت بە هێزە کوردییەکان ببەستێت. ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجامدا گەشتنە ئەو ئەنجامە کە لایەنی موعارەزەی سووریا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی داعشی نیە و تورکیاش ئەوەندە متمانەی پێناکرێت. هەر بۆیە واشەنتن هاوپەیمانێتی لەگەڵ کوردەکانی سووریای هەڵبژارد کە لە بارەی تێچووشەوە کەمترین باجی سیاسی لە سەر ئەمریکا دەشکێنێتەوە.

لە کتێبەکەدا لەبارەی کارامەبوونی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سووریا باسی ئەوە کراوە کە لەڕووی تێچووی شەڕەوە، ئەمریکا بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە ساڵانە نزیکەی 470 ملوێن دۆلار پارەی سەرف دەکرد ئەوەش لە کاتێکدا کە بۆ مانەوەی لە عێراق ساڵانە چەندین ملیار دۆلار سەرف دەکات. جگە لەوەش، لە ماوەی چەند ساڵی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا تەنها 7 هێزی ئەمریکی کوژراون بەڵام زۆربە سنوورەکانی سووریا لەگەڵ تورکیا داخران کە لەو سنوورانەوە خوازیارانی پێوەندی کردن بە داعشەوە تێدەپەڕین و ڕەقە وەک پێتەختی داعش لە سووریا و چەند ناوچەیێکی دیکەی ژێردەسەڵاتی داعش ئازاد کران.

لەو کتێبەدا ئاماژەی بە شیمانەی هەبوونی پێوەندی لە نێوان هێزە کوردییەکانی سووریا و پەکەکە کراوە کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە پەکەکە وەک دامەزراوەیێکی تیرۆریستی ناسراوە. بەرپرسانی ئەمریکی کە دیمانەیان لەگەڵ نووسەرانی کتێبەکە کردووە هیچیان نکۆڵییان لە پێوەندیی نێوان پەکەکە و هێزی کوردیی سووریا نەکردووە. بەڵام واشەنتن بۆ ڕێگری کردن لە شوێندانەریی سیاسیی خراپ ستراتێژیی "پرسیار مەکە و وەڵام مەدەرەوە"ی گرتۆتە بەر. بۆ نموونە فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا لە دیدارەکانی ئەم دوایییەی خۆیان لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەرگیز لەبارەی چالاکییەکانی ڕابردووی ئەو کەسایەتییەوە لە نێو پەکەکە باسیان نەکردووە. لای بەرپرسانی ئەمریکی تەنها ئەوە گرینگ بوو کە هێزە کوردییەکان شەڕی سەربازی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەکەن.

بەرپرسانی ئەمریکی بە نووسەرانی کتێبەکەیان وتووە سەرکردە کوردەکانی سووریا بەڵێنیان بە ئەمریکا دابوو لە دەرەوەی سنوورەکانی سووریا شەڕی تورکیا نەکەن و پشتگیریی پەکەکەش نەکەن. ئەوان لەو بڕوایەدان کە هێزە کوردییەکانی سووریا پێبەند بوون بە بەڵێنەکەیانەوە. لە درێژەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزە کوردییەکانی سووریا جگە لە چەکی کۆن و بێکەڵکی سوپای ئەمریکا چەکێکی دیکەیان وەرنەگرتووە و ئەگەریش چەند چەکێکی دژە تانکیان دەست کەوتبێت غەنیمەتی شەڕ بووە کە لە بەرپەرچدانەوەی داعش دەستیان کەوتووە یان خود لە لایەنی دیکەوە و لە شەڕدا ئەو چەکانەیان دەست کەوتووە.

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا کە 280 لاپەڕەیە باسی تایبەتمەندیی سەرکردە سەربازییەکانی کوردی سووریا و فەرماندەکانی پەکەکە لە قەندیل دەکرێت. بە گشتی ئاماژە بەوە کراوە کە سەرکردە گەنجە کوردەکانی سووریا پێچەوانەی سەرکردەکانی پەکەکە دوژمنایەتیی کەمتری تورکیا دەکەن و هەوڵ دەدەن پێوەندییان لەگەڵ بارزانییەکان قووڵ بکەنەوە و پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت.

خاڵێکی نگەتیڤی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانی سووریا کە لەو کتێبەدا ئاماژەی پێکاوە ئەو ڕخنە و گازندانەیە کە ئاراستەی ئەمریکا دەکرێت لەبارەی ئەوەی هێزە کوردییەکانی سووریا و هێزەکانی پەکەکە بە دوو دامەزراوەی جیا دەزانێت. هەروەها تۆمەتی ئەوەش خراوەتە پاڵ ئەمریکا کە هێزە کوردییەکانی سووریا هەستاون بە پاکتاوکردنی عەرەبەکان لە چەند ناوچەیێکی گوندەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان .

نووسەرانی کتێبەکە بەو ئەنجامە دەگەن کە هاوپەیمانێتیی ئەمرکیا لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا بە هەموو قسەو باس و ڕەخنە و هاندانەکانەوە- ئەزموونێکی سەربازیی جیاواز بوو پەیوەست بە بوونی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان. بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا پێیان وایە هێزە کوردییەکانی سووریا بەراورد بە ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان بەتواناتر و دلێرتر دەرکەوتوون.

نووسەرانی کتێبەکە هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا بە پەڕاوێکی بەڕێکەوت و لە ڕووی ناچاری دەزانن و دەڵێن لە ئەنجامدا ڕێککەوتنەکە ڕێککەوتنێکی تەکنیکی و کاتییە و لە بەرامبەردا کوردەکانی سووریا و لە سەرووی هەموویانەوە مەزڵووم کۆبانێ بەردەوام نیگەرانی خەیانەت کردنی ئەو هاوپەیمانە ناچارییە بووە.

News Code 2503

Your Comment

You are replying to: .
captcha