کورد و سوننە کۆیلەی هیچ لایەنێک نین/ سولەیمان ئەڵڵامورادی
دوای ئەوەی کە بەڕێز مەولەوی عەبدولحەمید ڕاشکاوانە لە هەڵبژاردنەکانی سێزدەهەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران لە بەڕێز "ئیبراهیم ڕەئیسی" لایەنگری کرد ئەم لایەنگریە کەوتە بەر تانە و تەشەری هەندێ لە نووسەرانی رێفۆرمخواز لە تاران و ئەم هەڵوێستەیان لادانی سوننە لە پەیماننامە لەگەڵ ریفۆرمخوازان لەقەڵەمدا و وتیان "پەیوەندی نوێتان موبارەک"!

ئەمەم کە بیست بیرەوریێکی بەڕێز مام جەلالم هاتەوە بیر کە پێمخۆشە لێرەدا بۆتانی باس بکە‌م:

ساڵی ۲۰۰۳ لەسەردەمی لاویمدا دوای ئەوەی کە حکوومەتی سەددام ڕووخا و کورد تێکڕا هێزەکانی بەعسیان لە کوردستان وەدەر نا، من لە ئیدارەی دەنگ و ڕەنگی سنە هەواڵنێر بووم و بۆ گواستنەوەی رووداوەکان و ڕووماڵ کردنی دۆخی ناوچەکە ڕۆیشتم بۆ هەرێم و ماوەی چەن ڕۆژێک لە هەولێر و سلێمانی بووم.

چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیمان بوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. وەک هەمیشە بە بزە و پێکەنین و گاڵتە دەستی پێکرد و زۆر بەگەرمیی خێرهاتنی کردین‌‌‌.

پرسیارێکم لێکرد و وتم: "کورد بۆ ئەوەندە گرینگی و بایەخ بە هێزی بیانی بەتایبەت ئەمریکا دەدات؛ پێتان وانیە ئەم وڵاتە جێی متمانە نیە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی سبەینێ حاشا لە هەموو شتێ دەکات".

هێشتا دوایین وشەی پرسیارەکەم لە زارمدا بوو کە نەیهێشت تەواوی کەم و زۆر بە تووڕەیی وتی: "کاکە ڕاوەستە؛ ئێمە لە دۆخێکدا نین دۆست بۆ خۆمان هەڵبژێرین؛ کورد بە هەزاران شەهیدی داوە؛ بەکۆمەڵ ئەنفال کراوە کیمیاباران کراوە و ئێستاش زۆربەیان ئاوارەن... هەر کەس بەفریای گەلەکەمان کەوێت دەستی ماچ دەکەین؛ ئێستا چ ئێران بێ چ ئەمەریکا یا هەر وڵاتێکی دیکە".

ناشوکری ناکەم ئەمڕۆ ئێمە لەچاو بەشەکانی دیکەی کوردستان هێمنایەتی و پێشکەوتنێکی بەرچاومان هەیە زۆربەی گوندەکانمان خاوەنی کارەبا و گازن. تا ڕادەیە‌کیش کۆسپ لەسەر ڕێگەی نووسین و خوێندن بە زمانی کوردیمان هەڵگیراوە. ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیشمان هەیە هەرچەن خوێندن و نووسین لە دەسپێکی سەرەتایی هێشتا بۆ دەسەڵات هێڵی سوور دێتە ئەژمار.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە بەش بە حاڵی خۆمان گلەیی و گازندەیێکی زۆریشمان لە دەوڵەت هەیە کە جگە لە باری ناجێگیری بژێوی خەڵک، نەیتوانیوە بەرپرسیارەتێێکی ئەوتۆ بخاتە سەر کورد و زۆربەی لاوانی ئێمە لە کار کردن لە دەمودەزگاکانی حکومی بێبەشن. لە دەوڵەتی بەڕێز ڕۆحانی و دەوڵەتەکانی پێشوویش کورد بەشخوراو بووە و پەراوێز خراوە.

لێرەدا پێویستە لە هەڵوێستی بەڕێز عەبدولحەمید لایەنگری بکەین و بەو بەناو رێفۆرمخوازانەی دانیشتووی تاران بڵێین ئەرێ کاکە چیتان لە کورد ئەوێ؟

تۆ کە کورد و سوننە ئەدەیتە بەر پلار و ئەڵێی لەرێ لایانداوە و بەڵێنەکەیان بەجێنەهێناوە! کام رێگا... کام پەیمان...؟ تۆ و دەوڵەتەکەت لە ماوەی ۱٦ ساڵ دەسەڵاتتداریی خاتەمی و ڕۆحانی دوای دەربڕینی ئەو هەموو بەیاننامە و لایەنگری کردنە؛ بۆ کورد و سوننە چیتان کرد؟

تەنانەت ئەوەندە تەنگتان بە خەڵکی کوردستان توند کرد کە کار بەوێ گەیشت کە لایەنگرانتان لە دەورەی دووهەمی جەنابی ڕۆحانی بۆ گەڕانەوەی ئابڕویان لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری لە خەڵک داوای لێبووردنیان کرد و نوێنەری پێشووی مەریوانیش بۆ لەپشتگوێ خستنی وادە و بەڵێنەکانی دەوڵەت، بە فەرمی پەنای بۆ دادگا برد و سکاڵای دژ بە جەنابی سەرۆککۆمار تۆمارکرد.

کورد و سوننە پەیمانشکێنە یا دەوڵەتەکانی ئێوە؟ ئەی بۆ باسی ئەو هەموو دروشمە بریقەدارانە ناکەن کە بە باڵای کورد و سوننەدا هەڵتاندەبەست و پاش گەیشتن بە دەسەڵات خۆتان لێ‌ گێل کرد.

وەزیری ناوخۆتان لە کۆڕی دەسبەکار بوونی پارێزگاری کوردستان ڕاشکاوانە رایگەیاند کوردستان پیاوی تیانیە!

باسی گرانی و دزی و کەمتەرخەمی لە سەر ئاستی بژێوی خەڵکی و ڕادەی بێکاریی ناکەم؛ ئایا ئەمانە بۆ دەرباز بوون لە حەڵقەی دۆستایەتی جەماعەتێکی بێوەفا بە ناو رێفۆرمخواز بەس نیە؟

کورد و سوننە پەیوەندی هەتاهەتایی لەگەڵ هیچ لایەنێکیی سیاسی نیە؛ ئەمڕۆ وەک بەڕێز مەولەوی عەبدولحەمید وتیی بەپێی بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ جەماعەتی تاران بە هەر حیزب و لایەنێکەوە هەڵسوکەوت ئەکات.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە هەرکام لەم لایەنانە هەنگاوێک بۆ کورد و کوردستانیان هەڵگرن ئەوانیش هەنگاوێک بەرەو پێش دەنێن.

ئەمە هەلێکیشە بۆ بەڕێز ڕەئیسی سەرۆککۆماری نوێ تا بزانین چۆن بەدەم بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدولحەمیدەوە دێت.