مامۆستا حەسەن زیرەک دەیتوانی لە مۆسیقای کوردیدا ببێتە کەسێکی وەکوو باخ
بەشی فەرهەنگ و هونەر-کاوە فەقیەزادە ڕێبەری ئورکێستری فیلارمونیکی مووکریان دەڵێت: ئەگەر مامۆستا حەسەن زیرەک بە شێوەی ئاکادیمیانە فێری مۆسیقا بووبا و بیتوانیبا ئەوەی بە مێشکیدا دێت بیهێنێتە سەر کاغەز، بە قەناعەتی من لە مۆسیقای کوردیدا کەسێکی وەک باخ لە دایک دەبوو.

کوردپرێس:

ڕۆژی 5ی پووشپەڕ چل و نۆهەمین  ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای گەورەی مۆسیقا، مامۆستا حەسەن زیرەکە. کوردپرێس بەم بۆنەیەوە دیمانەیێکی لەگەڵ کاوە فەقیەزادە ڕێبەری ئورکێستری فیلارموونیکی مووکریان کردووە و لەو گفتوگۆیەدا هەوڵ دراوە ژیانی هونەریی مامۆستا حەسەن زیرەک لە ڕوانگەی مۆزیسییەنێکەوە بگوازرێتەوە.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک دڵنشین بوو

کاوە فەقیەزادە دەڵێت دەنگی مرۆڤەکان دابەش دەبێت بە 6 دەستەی بۆڕ و تیژەوە. تۆنی دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک لە ڕووی پەیژە و جۆرەکانەوە بە تەواوی دەنگی تێنوورە و هەندێک جاریش نزیک بۆتەوە لە دەنگی ئاڵتۆ.دەبێت سەرنجی ئەوەش بدرێت کە دەنگی خوالێخۆشبوو مامۆستا حەسەن زیرەک لە سێ قۆناغی جیاوازدا تۆمار کراوە. بەڵام بە گشتی تۆنالیتەی دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک لە مامناوەنددایە و ئەو مۆسیقازانانەش کە کاریان لەگەڵ کردووە لە هەمان ئاستدا مۆسیقایان بۆ ژەندووە بۆیە بە تەواوی مۆسیقاکە هەماهەنگە لەگەڵ دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک.

لە ڕوانگەی زانستی مۆسیقاوە کەمتر ڕوو دەدات کە کەسێک بتوانێت شەش دانگ یان سێ ئەکتاو زیاتر گۆرانی بڵێت. بۆ نموونە مامۆستایانی گەورەی وەک خوالێخۆشبوو سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، حەسەن زیرەک و تەنانەت محەمەد ماملێ لە گام نێوێکدا گۆرانییان تۆمار کردووە. هەڵبەت ڕەنگە وسعەتی دەنگیان لەوەش زیاتر بووبێت بەڵام چوارچێوەی میلۆدییەکانیان ئەو چوارچێوەیەی هەبووە. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین جێ دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک جێ دەنگی خۆیەتی. بەو بۆنەیەشەوە دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک بە دڵەوە دەنیشێت و مرۆڤ بە بیستنی گۆرانییەکانی زیرەک ماندوو نابێت.

بە گشتی لە ڕووی یاسا زانستییەکانی بواری مۆسیقاوە لە دنیادا ئەو دەنگانە بە دڵەوە دەنیشێن کە "تێنوور یان ئاڵتۆ" بن و ئەو دەنگانە لە ئاستی ئاڵتۆ یان خوارتر بن بە دەنگی تێنوور ئەژمار دەکرێن و دەنگی زۆر خۆشن. لە لایێکی دیکەوە یەک لە هونەرەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک ئەوەیە کە هەموو دێڕەکانی گۆرانی بە ڕوونی ئەدا دەدکات و دەیانڵێت و بیسەر بە تەواوی لە شیعری گۆرانییەکان تێدەگات. ئەوەش لە کاتێکدایە کە زۆر گۆرانیبێژ هەن دەنگیشیان خۆشە بەڵام لە ئەدا کردنی شێعردا توانای پێویستیان نیە و بیسەر ناتوانێت بە تەواوی ووشەکان تێبگات. ئەمە یەک لە تایبەتمەندییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک بوو.

مامۆستا حەسەن زیرەک خەزێنەیێکی مێلۆدی بوو/ 60 لە سەدی میلۆدییەکان بەرهەمی خۆی بوون

فەقیەزادە لەبارەی میلۆدییەکانی بەرهەمی مامۆستا حەسەن زیرەک دەڵێت: مامۆستا زیرەک لە سەرەتای کارەکەیەوە هەوڵی دا زیاتر میلۆدییە فۆلکلۆرەکان و ئەو گۆرانییانەی لەگوێیدا ئاشناترن بڵێتەوە. هەڵبەت بە بڕوای من مامۆستا حەسەن زیرەک خەزێنەی میلۆدی بوو و بە پێی ئەو بەرهەمانەی لە مامۆستا بەجێ ماون دەتوانم بڵێم 50 بۆ 60 لە سەدی میلۆدییەکانیش خۆی دروستی کردوون و هیچ موزیسییەنێکی گەورەی جیهان نیە 100 بۆ 200 میلۆدی ساز بکات بەڵام لەبەر ئەوەی مامۆستا حەسەن زیرەک بە شێوازی زانستی فێری مۆسیقا نەبووە و تەنها گوێی لەگەڵ مۆسیقا ئاشنا بووە و لە ڕێگای گوێ گرتنەوە توانیوە لەگەڵ مۆسیقا ئاشنا ببێت ئەو میلۆدییانەی بەکار هێناوە کە بەرهەمی خۆی بوون و ئەگەر مۆزیسییەنێکیش بەرهەمێکی پێ دابا دەیتوانی وەک کارەکانی خۆی بەباشی پێشکەشی بکات. بەڵام پێویستە لێرە ئاماژە بەوە بکەین کە بۆچوونی مامۆستا حەسەن زیرەک کارتێکەر بوو لە سەر ئەو موزیسییەنانەی کاریان لەگەڵ دەکرد.

حەسەن زیرەک لە سێ قۆناغدا: ڕادیۆ بەغدا و ڕادیۆ تاران و ڕادیۆ کرماشان

موزیسییەنی کورد دەڵێت: حەسەن زیرەک کارەکەی لە ڕادیۆ بەغداوە دەست پێکرد. ئەو کاتە کەس نەیدەزانی کە ئەو کوردێکی ئیرانییە. ساڵانی 31 و 32 گەڕایەوە ئێران و کۆمەڵێک کاری بەنرخی لە ڕادیۆ تاران تۆمار کرد. پاشان لە ساڵانی 41 و 42 هاتە کرماشان و لە ڕادیۆ کرماشان لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی وەکوو مامۆستا موجتەبا میرزادە و مامۆستا عەبدولسەمەدی کۆمەڵێک بەرهەمیان تۆمار کرد و پاش ئەوە دیسان سەفەری بۆ بەغدا کرد و بەداخەوە دواتر کە گەڕایەوە ئێران کۆمەڵێک گرفتی بۆ دروست کرا و ئەوەش کاریگەریی لە سەر کاری هونەریی زیرەک دانا. بەڵام بەگشتی دەتوانین بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک دابەش بکەین بە سەر سێ قۆناغی ڕادیۆ بەغدا و ڕادیۆ تاران و ڕادیۆ کرماشاندا.

فەقیەزادە دەشڵێت: زیرەک بە هۆی کۆچی دواییی باوکییەوە لە لاوێتیدا ژیانێکی ئێجگار سەختی بووە و کاتێک بۆ کار و دابین کردنی بژیوی ژیانی سەردانی کوردستانی عێراق دەکات بە هۆی دەنگە خۆشەکەیەوە کەوتە بەر چاو و پاشان ڕۆیشتە بەغدا. ئامادەبوونی زیرەک لە بەغدا لەگەڵ هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی وەک مامۆستا عەلی مەردان و مامۆستا قادر دیلان بوو بە هاوڕێ. لە ڕادیۆ بەغداش بە هۆی زرووفەکەوە کۆمەڵێک بەرهەم بە دەنگی کاتی لاوییەکەی لەگەڵ موزیسییەنە عەرەبەکان تۆمار دەکات کە زیاتر تێمی فۆلکلۆر و ئەویندارانەیان هەیە.

پاشان گەڕایەوە ئێران و سەرەتای 30یەکان لە تاران لەگەڵ ئۆرکێسترای فارابی و نەکیسا و کۆمەڵێک موزیسییەنی فارسی ئێران ئاشنا بوو چەندین کاری جوانی لەگەڵ ئەو دوو گرووپەی ئۆرکێستری مۆسیقا تۆمار کرد. بۆ نموونە "هەی نار، وامەکە". ئەمانە ئەو گۆرانییانە بوون کە لە تاران و کاتێک کە فەرهەنگ و ئەدەب و مۆسیقای قەوم و نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پێتەختی ئێران گرینگیی پێدەدرا تۆمار کران.

فەقیەزادە دەشڵێت: سەرەتای چلەکان کە ڕادیۆی کرماشان دامەزرا، مامۆستا حەسەن زیرەک لەوێ دامەزرا و لەو بڕوایەدام کە لەو کاتەدا باشترین و جوانترین بەرهەمەکانی خۆی دانا. ڕەمزی سەرکەوتنی مامۆستا حەسەن زیرەکیش ئەو کاتە بووە کە لەگەڵ مامۆستا موجتەبا میرزادە ئاشنا بوو. پێوەندیی ئەو کەسایەتییە بووە هۆی بەرهەمهاتنی زۆر کاری جوان لە گۆڕەپانی مۆسیقادا.

سەرۆکی ئۆرکێستری فیلارموونیکی مووکریان دەشڵێت: حەسەن زیرەک شەیدا و تینووی مۆسیقا بوو بۆیە دوبارە گەڕایەوە بەغدا و بڕیاری دا لەوێش چەندین گۆرانیی دیکە تۆمار بکات بەڵام بەداخەوە لە عێراق دەستبەسەر کرا و کاتێک دەگەڕێتەوە ئێران بە هۆی ئەو کێشانەی ڕوویان داوە کارەکەی لە دەست دەدات. ئەو جار لە شارە کوردنشینەکان و لە ئاهەنگ و کۆبوونەوەکان دەست بە چالاکی دەکات. بە گشتی دەکرێت بڵێین لەو سێ قۆناغەدا هەموو توانا و دەنگ و تایبەتمەندییەکان و ئەوینداریی حەسەن ززیرەک بە نیسبەت جوانییەوە و بەتایبەت جوانییەکانی سروشتی کوردستان بە شێوازی جۆبەجۆر دەربڕ دەکرێن. باسی جوانیی ژنانی کورد دەکات و هەموو ئەو شتەی کە پێوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی کوردەوە بووە.

مامۆستا حەسەن زیرەک بلیمەتێک بوو کە نکۆڵیی لێناکرێت

فەقیەزادە دەڵێت: سەرباری ئەوەی کە مامۆستا حەسەن زیرەک خوێندەواریی نەبووە بەڵام لە شێعری زۆربەی شاعیرانی گەورەی کوردستان وەک مامۆستا وەفایی و مامۆستا گۆران و سەید کامیل ئیمامی کەڵکی وەرگرتووە و ئەوەش دەیسەلمێنێت کە نوخبەکانی ئێمە ئەگەرچی خوێندەواریی گشتیی ئەوتۆیان نەبووە بەڵام توانای خۆیان لە بواری جۆربەجۆر پیشان داوە. بەڵام ئەمڕۆکە ئاستی بڕوانامە زانستییەکان لە کۆمەڵگا زۆر لە سەرەوەیە کەچی بەداخەوە هیچ کەسێکی هەڵگری بڕوانامەکان تەنانەت بۆ یەک خولەکیش بەرهەمێکی سەربەخۆیان تۆمار نەکردووە. هەر بۆیە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە کەسانی وەک حەسەن زیرەکەکان و محەمەد ماملێکان و هونەرمەندانی دیکە کە بە بەرهەمەکانیانەوە دەناسرێن هونەرمەندی ڕاستەقینەن و بەرهەمەکانیان ئەو هونەرمەندانە دەناسێنن. تەنها وەرگرتنی بڕوانامەیێکی خوێندن کەس ناکات بە هونەرمەند. هونەرمەند ئەو کەسەیە کە بەرهەمی هەبێت و بەرهەمەکەی شوندانەریی هەبێت بەداخەوە ئەمڕۆکە بە هۆی ئەو شپرزەیییەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بووە کەس هونەرمەند نیە. پێکهاتنی کەسایەتیی هونەری پێویستی بە قۆناغێکی زەمەنی هەیە واتا پێویستە کات تێپەڕێت بۆ ئەوەی کەسایەتیی وەک مامۆستا زیرەک یان مامۆستا مەردان سەرهەڵبدەن.

مامۆستا حەسەن زیرەک بە دڵ و بەگیان و بە ئەندیشە و هزری خۆی فێری مۆسیقا بووە و بەردەوام هەوڵی دابوو گۆرانی بۆ خەڵک بڵێت و ئەوە زۆر گرینگە چوونکە ئەو هونەرەی بۆ خەڵک بێت هەرگیز فەرامۆش ناکرێت و نامرێت. ئێستا سەد ساڵ بە سەر لەدایک بوونی مامۆستا زیرەکدا تێدەپەڕێت  ئێستاش جیلی ئەمڕۆ گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک گوێ لێدەگرن. مامۆستا زیرەک سەرباری هەموو ئەو چەڵەمەیەی لە ژیانیدا بوو ئەزموونی زۆری لە ژیان وەرگرت و هەمیشە هونەری لە سەروو هەموو شتەوە دادەنا و ئەوە ڕەمزی سەرکەوتنی ئەو کەسایەتییە بەرزە بوو.

ئەمڕۆکەش زۆر کەس لە موزیسییەنەکانی کوردستان بڕوایان وایە کە مامۆستا حەسەن زیرەک بلیمەتێک بووە کە نکۆڵیی لێ ناکرێت لە بەر ئەوەی ئەو کەسایەتییە بە لێهاتووییی زاتیی خۆی کاری لەگەڵ باشترین موزیسییەنەکانی ئەو دەم دەکرد. ئەگەر سەرنجی بەرهەمەکانی بدەین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە هەندێک کاریدا کە بەرهەمی ئاهەنگ یان کۆبوونەوەیێکە دەنگ و تۆنی دەنگی حەسەن زیرەک زۆر تەواوە ئەگەرچی مۆسیقاکەشی ئەوەندە باش نەبووبێ.

ڕەمزی مانەوەی حەسەن زیرەک لە چیدایە؟

ڕێبەری ئورکێستری فیلارموونیکی مووکریان دەڵێت: ئەگەر 14 ڕەنگ بۆ تابڵۆیێکی نیگارکێشی هەبێت دەنگی گۆرانیبێژ یەک لەو ڕەنگانەیە و لێرەدا گرینگیی موزیسییەن زۆر بەرجەستە دەبێتەوە و بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە باشتری بەرهەمەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک لەگەڵ موزیسییەنە سەرکەوتوو و بەرجەستەکان بووە.

لە لایێکی دیکەوە سروشتی کوردستان، جووتیاران، کارو کاسبیی هاووڵاتییان و ژنان و زۆر شتی دیکەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە گۆرانییەکانی مامۆستا زیرەکدا دەبینرێن و بە شێوازێک بۆتە زمانحاڵی خەڵک و ئەو خەڵکەی لە سەردەمی زیرەکدا ژیانون لە گۆرانییەکانیشیدا دەژین و بیرەوەری و ئاواتی خۆیان دبیننەوە و هەر ئەوەش وای کردووە کە حەسەن زیرەک لە نێو خەڵکدا و بۆ خەڵک بێت و لە هەموو ئەو ساڵانەدا و تەنانەت پاش کۆچ کردنیشی لە لووتکەدا ماوەتەوە و دەدرەوشێتەوە.

فەقیەزادە جەختی کردەوە: حەسەن زیرەک لە ژیانی هونەریی خۆیدا کاری زۆر کرد و ئێستاش ئەوو ڕێژەیەی کار و چالاکی لە بواری مۆسیقادا تۆمار نەکراوە. لە ڕاستیدا زیرەک زۆر زیارت لەو کەسانەی ئەمڕۆکە پێداویستیی زۆر لەبەردەستیاندایە لەمۆسیقادا کاری کردووە و ئەوەش ڕەمزێکی دیکەی سەرکەوتن و مانەوەی یادی زیرەکە.

لە ئێستادا کاری مۆسیقا  لە کوردستاندا بە پلەی سێهەمیش نایەتەوە بەڵام خۆشبەختانە لە کاتی حەسەن زیرەکدا دەفرایەتیی باش هەبوو. هەڵبەت پێویستە ئەوەش بڵێم کە مەبەست ئەوە نیە پاش مامۆستا زیرەک ئیتر کەسی لهاتوو نەبووە. نەخێر بەڵکوو دۆزینەوەی لێهاتووییەکە نەکراوە. پشتگیریی پێویست نەکراوە و هەروەها ئەو هیمەتە لە کەسانی دیکەدا نەبووە ئەگینا دەکرا بەرهەمی باش لە هەموو کاتێکدا بخولقێت ئەگەر ئیمکانیاتی دابین بکرێت. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو دەفرایەتی و لێهاتووییە لە گۆڕەپانی مۆسیقادا لە کاتی حەسەن زیرەکدا نەبووبا هەموو تواناکانی ئەو کەسایەتییەش خەسار دەبوو و چیتر نەیدەتوانی ئەو بەرهەمە بەنرخانە تۆمار بکات. بۆیە هاوکات بوونی ژیانی زیرەک لەگەڵ فەراهەم بوونی بەستێنەکەش یەکێکی دیکە لە خاڵە گرینگەکانی ڕەمزی مانەوەی زیرەکە.

فەقیەزادە لە درێژەدا لەبارەی ڕەمزەکانی مانەوەی ناوی زیرەک ئاماژە بەوەش دەکات: هونەر و توانای کەسیی زیرەک یەکەم هۆکارە و لە لایێکی دیکەشەوە مامۆستا زیرەک هەوڵی داوە کارەکانی تۆمار بکات و بگاتە دەستی ئێمە و لەو بوارەشدا بە نیسبەت هونەرمەندانی دیکەی سەردەمی خۆیەوە لە پێشترە و بە باشترین شێواز ئەو کارەی کردووە.

خاڵی دووهەم ئەوەیە کە ڕەسەنایەتیی دەنگ و مۆسیقای زیرەک کارێکی کردووە کە ئەمڕۆکە لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان دەنگی حەسەن زیرەک دێتە گوێ تا ئەو کاتەی خەڵکی کورد بمێنن دەنگی حەسەن زیرەک و مامۆستایانی دیکەش کە ناومان هێنان دەمێننەوە.

خاڵی سێهەم دەفرایەتی و توانای مۆسیقایی و هەروەها کارکردنی موزیسییەنی بەرجەستە لەگەڵ مامۆستا زیرەکە کە پێشتر باسمان کرد.

پێگەیشتنی هونەریی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ کرماشان

فەقیەزادە دەڵێت: پێگەیشتنی هونەریی مامۆستا حەسەن زیرەک سەرەتای چلەکان بووە. زیرەک ئەو کاتەش لەتاران کاری دەکرد بەرهەمی بەرجەستەی پێشکەش کرد بەڵام ئەزموونی مامۆستا زیرەک لە ماوەی ئەو ساڵانەدا وای کرد لە چلەکان و لە ڕادیۆ کرماشان بگاتە پشکوتن.

مامۆستا حەسەن زیرەک بەهرەی لە هەموو هونەرمەندانی پێش خۆی گرتووە. چوونکە مۆسیقا لە سەدان ساڵی پێشترەوە لە کوردستان بوونی هەبووە. نموونەکەشی "مەلا عەبدولکەریم سابڵاغی"گیە کە مامۆستا حەسەن زیرەک زۆربەی گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەی گوتووەتەوە و گەیاندوویەتە گوێی ئێمە. بۆ نموونە گۆرانیی "ناڵەشکێنە"، "هەی بەلار" و "خانمی مەزەردار" کە مەلا کەریم گوتبووی و پێ دەچێت پێش ئەویش ئەو گۆرانییانە بوونیان بووە. بەڵام پێشتر لە هیچ جێگایێک تۆمار نەکرابوون. لە ڕاستیدا 100 بۆ 110 ساڵی پێش تۆمارکرانی گۆرانییەکان لە سەر دیسک بوو و لەو ڕووەوە ئەگەر پێشتر لەوەش شتێک بووبێت بە دەستی ئێمە نەگەشتووە لەبەر ئەوەی تۆمار نەکراوە.

یان بۆ نموونەی زیاتر، گۆرانیی "خاڵۆ ڕێبوار" پێش زیرەکیش گوتراوە بەڵام ئەو بە شێوازێک ڕێکی خستەوە و نوێی کردەوە کە هەرگیز مومکین نیە جوانی و گەورەیی لەو کارە بگرینەوە و ئەوەش پیشانی دەدات کە توانا دەنگی و دەفرایەتیی زیرەک لە چ ئاستێکدا بووە ئەمانە بووە هۆی ئەوەی لە گۆڕەپانی مۆسیقادا بمێنێتەوە.

ئەگەر زیرەک نەبووبا چارەنووسی مۆسیقای کوردی چی دەبوو؟

فەقیەزادە ئاماژە بەوە دەکات کە مامۆستا حەسەن زیرەک لە بەکارهێنانی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا دەرکی بە بەها و گرینگیی ئەو گۆرانییانە کردبوو و هەوڵی دەدا بیانپارێزێت و تۆماریان بکات. ئێمە قەرزداری مامۆستا حەسەن زیرەکین چوونکە بەو کارەی وێڕای پاراستنی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان، ئەوانەشی گەیاندە دەستی ئێمە. من هەمیشە ئەوەم گوتووە و دەڵێم: چ بەختێکە کە کورد حەسەن زیرەکی هەیە. ئەگەر زیرەک نەبووبا چارەنووسی مۆسیقای کوردی چی دەبوو؟

ئەگەر مامۆستایانی وەک محەمەد ماملێ و حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و تایەر تۆفێق و سەید عەلی ئەسکەر کوردستانی و مەلا کەریم و ئایشە شانی مۆسیقای کرمانجی نەبووبان ئەمڕۆکە دیار نەبوو کە حاڵی مۆسیقای کوردی چۆن دەبوو. بەتایبەت ئەوەی کە مۆزیسییەنی باشیش هاوکاریی ئەو کەسانەی کردووە. هەر بۆیە ئەو هونەرمەندە هەڵکەوتووانە بەرهەمی باب و باپیرانی خۆیان وەرگرتووە و دوبارە گوتوویانەتەوە و هەوڵیان داوە کەلتوور و ئەدەبی خۆیان تۆمار بکەن و پارێزگاریی لێبکەن.

70 لەسەدی گۆرانییەکانی «حەسەن زیرەک» هی خۆی بوو

ناوبراو لەبارەی مۆلۆدییەکانی زیرەک دەڵێت: جودا لە بەرهەمە فۆلکلۆرەکان، من بڕوام وایە 70 لەسەدی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک هی خۆی بوون و ئەم وتەی من وتەیێکی زانستییە. گۆڕەپانی مۆسیقای ڕەسەن، تەنها وتەدەربڕین نییە بەڵکوو گۆڕەپانی کارە و مامۆستا حەسەن زیرەک بە تۆمار کردنی گۆرانییەکانی خزمەتێکی گەورەی بە مۆسیقای کوردستان کرد.

مامۆستا عەلی مەردان کاتێک باسی مامۆستا حەسەن زیرەکی دەکرد ئاماژەیان بە گەورەیی و هێز و تواناکانیان دەکرد لە ڕاستیشدا زۆرینەی ئەو هۆنەرمەندانەی کە لە نزیکەوە دەنگی زیرەکیان بیستووە دانیان بە توانا و هێزی هۆنەریی حەسەن زیرەکدا ناوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەمڕۆ ئێمە تەنها دەنگی ئەو دەبیسین بەڵام ئەوان پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵی بووە. تا ئەمڕۆش هیچ هۆنەرمەندێک ڕەخنەی لە زیرەک نەگرتووە و بۆی نەبووە بەرهەمەکانی بخاتە بەر ڕەخنە گرتن.

کاریگەریی «حەسەن زیرەک» لەسەر مۆسیقای نەتەوەکانی دراوسێ

فەقیەزادە لەبارەی کاریگەریی حەسەن زیرەک لەسەر مۆسیقای گەلانی ناوچەکە دەڵێت: کاریگەریی مامۆستا زیرەک لەسەر گەلی فارس و عەرەب ئاشکرایە، ئەوان بە زمانی فارسی و هەروەها بە زمانی تورکی چەند گۆرانییان وتووە و تەنانەت ئەو گرووپە تورک زمانانەی لە ڕادیۆ تاراندا بوون هاوکارییان لەگەڵ دەکرد. زیرەک هەروەها لە ڕادیۆ تەورێزیشدا کاری کردووە و ئەمەش دەریدەخات کە دەنگی مامۆستا توانیویە کاریگەریی لەسەر فەرهەنگی گەلانی دراوسێ و قەومە ئێرانییەکان دروست بکات. توانای حەسەن زیرەک بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرینە مووزیک ژەنەکان داوای هاوکارییان لێکردووە و کاتێک لە تارانەوە چووە سنە لەگەڵ مامۆستا حسێن کامکار کاری کرد و لە سلێمانیش لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی کاری کردووە. لەلایێکی دیکەوە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین بووە هۆی بەدەست هێنانی ئەزموون و تۆمار کردنی چەندین بەرهەمی پڕبایەخ. هەرچەند کە لە سەفەرەکانیاندا ڕووبەڕووی زەحمەت و دژواری زۆر دەبوونەوە بەڵام ئەنجامەکەی خولقاندنی بەرهەمگەلێکی زۆر جوان بوو.

ناوبراو دەڵێت: لە ساڵانی ڕابردوودا پێوەندیی فەرهەنگی لەنێوان خەڵکدا زۆرتر بووە و خەڵک لەو پەیوەندییانەدا فێری زمانی یەکتر دەبوون ئەم بابەتە بووە هۆکاری ئەوەی کە زیرەک-یش بە ئاوڕدانەوە لەو سەفەرە زۆرانە کە کردوویەتی لەگەڵ زمانە جیاوازەکاندا ئاشنا ببێت و هەرچەند بە کورتی لە گۆرانییەکانیدا بەکاریان بێنێت بۆ نموونە چەند بەرهەمی فارسیی سادە بەڵام جوانی هەیە و بە زمانەکانی دیکەش هەیەتی بۆ نموونە هەمان گۆرانیی ناوبانگی (خانباجی) کە دەستپێکەکەی بەزمانی ئەرمەنی خوێندووە.

لە ڕاستیدا حەسەن زیرەک و هونەرمەندانی هاوشێوەی ئەو، بەدوای بەرهەمە جوانەکانی دیکەی فەرهەنگەکاندا دەگەڕان و دەیاندۆزیەوە و هەوڵیان دەدا لەچوارچێوەیێکی کوردیدا دایبنێن. بۆ نموونە لە ناوچەی موکریاندا ئێمە بەیتی بەناوبانگی (سیدوان)مان هەیە کە هەر ئەم بەیتە لە ناوچەکانی (ئامەد، باتمان و سیلوان)ی کوردستانی تورکیا بوونی هەیە و ئەمەش نیشان دەدات ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی لەنێوان زمانەکان و تەنانەت زاراوەکانی یەک زماندا لە ساڵانی پێشەوە هەر بووە و هونەرمەندەکان ئەم بابەتەیان بە هەند وەرگرتووە و هەوڵیان داوە تۆماری بکەن. هەڵبەت ئەم پرسە بۆ لێهاتوویی گۆرانیبێژەکەیش دەگەڕێتەوە لە حاڵێکدا زۆرینەی خەڵک باشترین مێلۆدییان لە بەردەست بووە و کردوویانەتە بەرهەمێکی هونەریی بێ بایەخ. بەڵام حەسەن زیرەک یا مامۆستا محەمەدی ماملێ ئەگەر مێلۆدی یا ئاوازێکیان لە دیکەی زمانەکات بەقەرز گرتبێت بەشێوەیێک لە چوارچێوەی مۆسیقای کوردیدا دایانناوە کە گوێبیستەکان نەیاندەتوانی سەرچاوەی مۆسیقا و مێلۆدییەکە لە کوێوە هاتووە.

شارەزایی تەواو بەسەر مۆسیقا و ژەنیاراندا لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی «حەسەن زیرەک» بوو

ناوبراو درێژە دەدات: مامۆستا زیرەک زۆر بەتوانا بوو و 80 لەسەدی گۆرانییەکانی کوردی بوون. ئەمەش لە حاڵێکدا بوو کە زۆرینە گۆرانیبێژەکان گۆرانیی عەرەبی و فارسییان دەخوێند. بۆ نموونە هەندێک کەس فارسی بێژن وەکوو مامۆستا مەزهەری خالقی کە زاراوە و تۆنی دەنگی لە فارسی و ئێرانی نزیکە. بەڵام مامۆستا حەسەن زیرەک بەتەواوێتی بە کوردی خوێندوویەتی. زیرەک هاوشێوەی زۆرینەی گۆرانیبێژانی کورد گۆرانییەکانی لە ناخی دڵیەوە دەخوێنێت. ناوبراو شارەزای مەقامە کوردییەکان بوو و کەسێک کە ئاشنای مەقامەکان بێت بە ئاسانی دەتوانێت لە هەموو دەستگا مۆسیقاییەکاندا گۆرانی بێژێت ئەمەش لە حاڵێکدایە کە مامۆستا حەسەن زیرەک سینگ بە سینگ فێری ڕپرتواری مەقامی بووە. کاتێک گوێ لە گۆرانیی (خاڵۆ ڕێبوار) دەگرین دەزانین کە لەسەداسەد مەقامێکی اللەوەیسیە و حەسەن زیرەک بە کەڵک وەرگرتن لەم ئاشناییە توانیویەتی بە جوانترین شێواز پێشکەشی بکات.

لەلایێکی دیکەوە مامۆستا حەسەن زیرەک بەئاوڕدانەوە لەو ئەزموونەی کە بەدەستی هێنابوو توانی ئەو ژەنیارانەی کە کاری لەگەڵ دەکەن کاریگەریی لەسەریان دروست بکات و ئەوانیش پێویستیان بەم ئەزموونەی مامۆستا زیرەک بوو، ئەگەر باش ورد ببنەوە دەزاننن لە زۆرینەی بەرهەمەکانیدا مامۆستا زیرەک خۆی دەست پێدەکات و خۆیشی کۆتایی پێدێنێت و ئەمەش دەریدەخات ئەو بەتەواوێتی بەسەر ئەو بەرهەمەی کە خولقاندوویەتی شارەزا بووە و کاریگەریی بەسەر ژەنیارانیشدا بووە.

«حەسەن زیرەک» مەقام خوێن نەبوو بەڵام لە مەقامی ڕاستدا لێهاتوویێکی مامۆستایانەی بوو

ڕێبەری ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی موکرایان دەڵێت: مووسقیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنەوە مەقامات بووە. ئێمە 12 مەقاممان هەیە کە پەرەی پێدراوە و لە میللەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاری پێکراوە تەنانەت لە ئێرانیش تاکوو دەورەی قاجار. عوسمانییەکان 14 مەقامیان هەیە و ڕۆژهەڵاتنییەکان 12 مەقام کە ئەم مەقامانە بۆ سەردەمی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە کە تەنها کەسێک کە پەرەی بەو مەقامانە داوە «زەریابی مووسڵی» بووە کە نەدیمەی گەورەی دەورەی عوسمانییەکان بووە ئەو بە تەنبوورەی کە ژەندوویەتی زۆرینەی مەقاماتەکان فێر بووە. بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە لەو سەردەمەدا بەغدا مەرکەزیەتی هەبووە ئەم مەقاماتە لەوێ گەشەی سەندووە و پاشان بووبەتە دەستگاهی مووسیقا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 1209ی هەتاوی بەو لاوە شایەد کۆنتریش گۆرانیبێژەکانمان لە ناوچەکەدا لە خانەقاکاندا و لە زیکرەکاندا فێری ئەو شتانە بوون. لە تکیە خانەقاکاندا مەقام خوێندراوە بە شێوەی موناجات و اللەوەیسی و ئەو شتانەی کە هەبوو، مامۆستا حەسەن زیرەک پاش ئاشنا بوون لەگەڵ مامۆستا عەلی مەردان و ئەو کاتەی لە کەرکووک و کرماشان بووە ئەم ماقاماتە باش فێر بووە.

فەقیەزادە دەشڵێت: دەتوانم بڵێم مامۆستا حەسەن زیرەک لە چوارچێوەی مۆسیقای کوردیدا، مەقاماتی بە باشترین شێوە خوێندووە و بەتەواوێتی بەسەریاندا شارەزا بووە لە ماقامی بەیات، کورد بەیات، نەهاوەند، ماهوور و هەتد... بەڵام بڕوان وایە مامۆستا حەسەن زیرەک ئەگەرچی مەقام خوێن نەبووە بەڵام لە مەقامی ڕاستدا، بە تەواوێتی مامۆستا بووە. هەروەها مامۆستا موجتەبا میرزادە توانیویەتی زۆر زیرەکانە لەم بوارەدا لەگەڵی هاوکاری بکات بۆ نموونە لە گۆرانیی (دەمێک ساقی دەمت بێنە) یا (لە باخان ئاە و ناڵین دێت).

حەسەن زیرەک بە خوێندنی مەقام ئەم ئەزموونەشی بەدەست هێنا و هەوڵی دا لەم بوارەشدا تەواو بێت و ئەو بەرهەمانەی ئەمڕۆ لەبەردەستە لەبواری ڕیتم و فەواسلی مۆسیقاییەوە بایەخی زانستییان هەیە.

ئایا توێژینەوەی ئاکادیمیک لە مۆسیقای «حەسەن زیرەک» مومکینە؟

فەقیەزادە لەم بارەوە دەڵێت: مۆسیقا تەنها ڕەهەندێک نییە و دەبێت لە جەندین ڕەهەندەوە بۆ بچین و شی بکرێتەوە هەڵبەت ئەگەر بواری ئاکادیمیک بوونی مۆسیقایێک بێتە ئاراوە ئەم بابەتە بۆ مۆسیقا ژەنەکان دەگەڕێتەوە و بۆ ئەمەش کە بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک لەبواری ئاکادیمیەوە تاوتوێ بکرێن و تەنانەت وەکوووانە بوترێنەوە. دەبێت مۆسیقاژەنەکان بەشێوەی زانستی و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە کار بکەن.

من لە کۆتایی دەیەی 70 هەتاویدا 40 گۆرانیی مامۆستا زیرەکەم نوت نویسی کرد بەمەبەستی ڕاهێنانی سەنتوور کە سازی حیرفەییی خۆمە. ئەڵبەتە دوای زانستێک کە بەدەستم هێنابوو لە تاران لە مەکتەبی ئاغای فەرامەرز پایوەر. پێم سەیر بوو لە کوردستان ئەو هەموو مۆسیقا عالیە هەیە و هیچ کارێک نەکراوە بۆیەش بڕیارم دا 40 گۆرانیی مامۆستا زیرەک بۆ ڕاهێنانی سازی سەنتوور نوت نووسی بکەم و لە کتێبێک بە ناوی (هەی نار)دا بڵاوی بکەمەوە.

ناوبراو زیاتر دەڵێت: هونەرمەندانێک وەکوو زیرەک لە گۆڕەپانی مۆسیقای کوردیدا ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانیاندا بوو ئەنجامیان دا و بە تۆمار کردنی گۆرانییەکانیان بەرهەمگەلێکی پڕبایەخیان بەدەستی ئێمە گەیاند و ئێستا ئەرکی مۆسیقاژەنە کوردەکانە کە بەرهەمەکان بەشێوەی زانستی خشتەبەندی بکەن و هەوڵ بۆ ڕاهێنان و مانەوەیان بدەن.

80 لەسەدی بەرهەمەکانی مامۆستا «حەسەن زیرەک» بەکەڵکی ڕێپێرتواری مۆسیقایئاکادێمیکدێت

فەقیەزادە وتیشی: لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بەم بابەتە بدەم کە ئەگەر ڕۆژێک مووزیسیەنێک بێت مۆسیقای سۆرانی و کرمانجی پێکەوە ڕەبت بدات بە دڵنیایەوە دەڵێم 80 لەسەدی بەرهەمەکانی مامۆستا «حەسەن زیرەک» بەکەڵکی ڕێپێرتواری مۆسیقای ئاکادێمیک دێت. هەروەها لە ڕەهەندی زانستی ئاکادێمیکیشەوە بێ گومان بەرهەمەکانی مامۆستا زیرەک، محەمەدی ماملێ، تایەر تەوفێق، سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و ... لە ڕێپێرتواری مۆسیقای ئاکادێمیکدا خشتەبەندی دەکرێن و جێگایان دەبێت.

ڕێبەری ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی مووکریان ئاماژەی دا بە ئامادە کردنی چەندین ڕەوایەت لە مۆسیقای ناوچە کوردستانییەکان و وتی:  کاتێک کە ڕەوایەتێک لە گەنجینەی مۆسیقای کوردی بنووسزێت دەتوانین کۆی ڕەوایەتەکان لەلای یەکتر دابنێین و ڕەوایەتێکی گەورەمان لە مۆسیقا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێت. هەر وەکوو ئەوەی بۆ نموونە لە نێو عەرەبەکاندا سازی عوود لێدەدرێت و لەژێر ناوی ڕەوایەتی "مونیر بەشیر" ناوی لێدەبەن یا ئەوەی کە فارسەکان سەنتوور ژەنێکیان لەژێر ناوی ڕەوایەتی "فەرامەرز پایەوەر" هەیە.

بەرهەم هێنان و داڕشتنی ڕەوایەتەکان دەستی مۆسیقاژەنەکان دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێوازی زانستی دەستەواژەکان لە گەنجینەی مۆسیقای ئێمەدا دروست ببێت و ئەمەش خزمەتی زیاتر بە مۆسیقا دەکات. ئەگەر ئەمەش بکرێت ڕاهێنانی ئاکادیمیکی مۆسیقا ئاسانتر بەدرەست دەبێت.

تەنها ڕەمزی 20 لەسەدی بەرهەمەکانی مامۆستا «حەسەن زیرەک» کەشف کراوە

فەقیەزادە ڕاشیدەگەیێنێت: مامۆستا حەسەن زیرەک لە تەمەنی هونەریی خۆیدا بەرهەمی زۆری بەجێهێشتووە کە شایانی ڕێزلێگرتنە و ئەو ئەرکی خۆی لە ئاست مۆسیقای کوردیدا جێبەجێ کردووە و ئەمڕۆ ئەو مووزیکژەنانەی کە سەوادی ئاکادیمیکیان هەیە دەبێت ڕەمزی مۆسیقای کوردی کەشف بکەن و بەڕای من ئەمڕۆ تەنها ڕەمزی 20 لەسەدی بەرهەمەکانی مامۆستا «حەسەن زیرەک» کەشف کراوە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاترە. تا ئێستا لەبارەی ژیاننامەی مامۆستاوە دەقی زۆر نووسراوە بەڵام باشتر وایە کە ڕەهەندی هۆنەریی حەسەن زیرەک تاوتوێ بکرێت و بناسێندرێت.

لە مۆسیقای کوردیدا "باخ"ێک لە دایک دەبوو، ئەگەر...

ناوبراو درێژەیدا: ئەگەر مامۆستا حەسەن زیرەک بەشێوەی زانستی فێری مۆسیقا دەبوو ئەوەی کە لەبارەی مۆسیقا لە مێشکیدا بوو دەیتوانی بەسەر کاغەزەوە بینووسێت، بڕوام وایە لە مۆسیقای کوردیدا باخ-ێک لەدایک دەبوو. چوونکە مۆسیقای کلاسیک لەلایەن باخ-ەوە سامان درا و فەواسلەکەی نووسرا. ئەو هەنگاوەی کە مامۆستا زیرەک هەڵیگرتووە میراتێکە بۆ مۆسیقژەنەکانی ئەمڕۆ کە کاری لەسەر بکەن و هەموویان بخەنە نێو بازنەی ڕەوایەتەوە و لەم ڕێگەوە دەتوانن خزمەتێکی گەورە بکەن بە مۆسیقا و زمان و فەرهەنگ.

فەقیەزادە دەڵێت: بەدرێژایی مێژوو مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوەیە کە دەبوو ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. بۆیە نەیتوانییوە پێگەی خۆی لە ئاستی جیهانیدا بدۆزێتەوە. لە ڕاستیدا مۆسیقا کاتێک دەتوانێت ناودار بێت کە بەشێوەی بازرگانی لەئاستی جیهانیدا بناسێندرێت. هاوشێوەی مۆسیقا کلاسیکەکان کە لە ئاستی جیهانیدا بەناوبانگن. چاو لە ژاپۆن بکەن سەرەڕای ئەو هەموو تەکنەلۆژیایە کە لەبەردەستیدایە هێشتا نەیتوانیوە مۆسیقای خۆی لە ئاستی جیهانیدا بناسێنێت. ڕووسیا توانیویەتی تا ئاستێک بە ناساندنی هۆنەرمەندانێک وەکوو چایکۆفسکی لە ئاستی جیهانیدا ناو دەربکات.

مۆسیقای کوردیش بەو هۆیەوە کە تا ئێستا لە ئاستی پێویستدا سامانی پێنەدراوە هاوشێوەی زۆرینەی مۆسیقییەکانی دیکەی ناوچەکە تەنها لە قۆناخی مانەوە و پاراستندا ماوەتەوە و لە ئێستادا ئێمە دەبێت هەوڵی ئەمە بدەین کە بەرهەمەکانی خۆمان بپارێزین و بە ئاوۆدانەوە لە دۆخی داهاتوو ڕەنگە هێشتا نەتوانین ڕەنگدانەوەی مۆسیقاکەمان لە ئاستی جیهانیدا ببینین.بەم حاڵەشەوە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێو میللەتانی ئەم ناوچەیەدا دەست بەدەست دەکرێت و ئەم سنوورەشی تێنەپەڕاندووە.

بۆ گوێگرتن لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دەبێت فەرەهنگێکت لەبەردەست بێت

ڕێبەری ئۆرکێسترایفی لارمۆنیکی موکریان لەبارەی ئەو ئەدەبیاتەی کە هونەرمەندانێک وەکوو حەسەن زیرەک و هاوچەرخەکانی بەکاریان هێناوە دەڵت: ئەو ئەدەبیاتە کە مامۆستا حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکانیدا بەکاری هێناوە زۆر دەوڵەمەند و ڕەسایە. بە ڕای من هیچ کاتێک زیرەک و هونەرمەندانی هاوشێوەی ئەو نەیانویستووە کە شێعر بکەنە قوربانیی مۆسیقا تاکوو خەڵک چەپڵەیان بۆ لێبدەن، هەر بەو شێوەیە کە ئەمڕۆکە دەیبینین ئەدەبیاتێک کە پاپیستێک بەکاری دێنێت ڕوون نییە و کەس لە هەموو وشەکانی تێناگات. ئەدەبیاتی ئەم شێوازەی مۆسیقا چوارچێوەیێکی نییە و مۆسیقاشی شێواندووە. بەڵام کەسانێک وەکوو مامۆستا زیرەک هاوکات لەگەڵ بایخدانیان بۆ ئەدەبیان هەوڵیان داوە شێعر و بەیتێک هەڵبژێرن کە لەگەڵ فەرهەنگ و فۆلکلۆری خەڵکی هاوچەرخی خۆیاندا یەکبگرێتەوە.

تەنانەت ئەدەبیاتی فۆلکلۆری بەکار هاتوو لەلایەن ئەم مامۆستایانەوە، وەها لەگەڵ ژیانی خەڵک تێکەڵ بووە کە جیاکردنیان لەیەکتر دژوار و نامومکینە. مامۆستا زیرەک لە گۆرانییەکانیدا وشەگەلێک بەکار دەبات کە تەنانەت خوێندەوارانی ئەمڕۆ و نەوی ئەوڕۆ مومکینە لەگەڵی ئاشنا نەبن لە ڕاستیدا لەو سەردەمەدا مەتەڵۆک و قسەی نەسەق و شێعری شاعیرانی گەورە و ئەوەی لە زمان و ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا بوو بە جوانترین شێوە لە گۆرانییەکانیدا بەکاری هێناوە. ئەم ئەدەبیاتە تا ئاستێک دەوڵەمەندە کە هەندێک جار بۆ گوێگرتن لە گۆرانییەکانی زیرەک دەبێت هەنبانە بۆرینە لەبەردەستدا بێت. چوونکە هەندێک لە وشەکان ئەوندە ڕەسەنن کە ئەمڕۆکە لەزمانی خەڵکدا بەکار نابرێن.

هەروەها مامۆستا حەسەن زیرەک زیاتر لە دیکەی گۆرانیبێژەکان وەسفی جوانییەکانی کوردستان و کوێستانی کردووە. ئەو عاشقی کورد و کوردستان، ئەوینداری زمانی کوردی بوو و توانی بە بیداهەنەوازی بەرهەمگەلێکی جوان و نایاب بخولقێنێت.

جیاکردنەوەی هۆنەرمەندی ڕاستەقینە لەوانیتر لە سەردەمی قرموقاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

فەقیەزادە دەڵێت: هونەری مۆسیقا تەنها گۆرانیبێژی نییە، ئەگەرچی بەداخەوە تەنها گۆرانیبێژ دەبینرێت لەحاڵێکدا کە مۆسیقاژەنەکانیش لەگەڵ گۆرانیبێژ ڕۆڵێکی بەرجستەیان هەیە. هیوادارم مۆسیقای کوردی بگاتە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی و خەڵکیش مۆسیقا بەشێوازی زانستی فێر ببن. زۆر شانازیی پێوەدەکەم کاتێک مۆسیقاژەنێک بەرهەمێکی هونەری دەخولقێنێت و لەو بوارەشدا خاوەن بیر و ڕایە بەڵام بە پێچەوانە زۆر دڵنگەران دەبم کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسانێک ئیدیعای هونەرمەند بوون دەکەن بەڵام هیچ بەرهەم و کارێکی هونەرییان نییە. ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە جیاکردنەوەی هونەرمەندی ڕاستەقینە لە کەسانی تر دژوار ببێت و لە بارودۆخێکداین کە وردبوونەوەی زیاتری پێویستە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: داواش لە خەڵک دەکەم کە سانێک کە لەم بوارەدا چالاکن نەخەنە ژێر ڕەخنەی نازانستی و ناپسپۆڕانە و مەیانهەژێنن. لە ڕاستیدا پێشینەی ئێمە وتوویانە "بە یەکێک بڵێن نازانی کە تۆ لەو زیاتر دەزانی".