کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە سووریا دەبێتە هۆی لەق بوونی جێ پێی کوردەکان/لە ریئالیزمی سیاسیدا شتێک بەناوی پێ زانین بوونی نییە

بەشی جیهان- دکتۆر نیکۆلاس ڤان دەم، نوێنەری پێشووی تایبەتی هۆڵەندا لە سووریا و شرۆڤەکاری پرسەکانی ئەو وڵاتە بە کوردپرێسی وت: لە ریئالیزمی سیاسیدا شتێک بەناوی پێ زانین بوونی نییە و پاش کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە سووریا جێ پێی کوردەکانی ئەو وڵاتە لەق دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کوردەکانی سووریا لە شەڕی دژ بە داعشدا نزیکەی 11000کەس لە هێزەکانی خۆیان لەدەست دا. سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپی ڕۆڵی کوردەکانیان لەشەڕی داعشدا بەرز نرخاند بەڵام هیچ یارمەتیێکی کوردەکانیان نەدا هەمبەر دەست درێژیی تورکیا کە دەرکردنی کوردەکانی لە بەشێکی گەورەی باکووری سوویا لێکەوتەوە. دکتۆر نیکۆلاس ڤان دەم، نوێنەری پێشووی تایبەتی هۆڵەندا لە سووریا لە ساڵەکانی 2015 تا 2016 دەڵێت ئەمانە هەمووی بەشێکن لە ریئالیزمی سیاسی و جەختی کردەوە: لە ریئالیزمی سیاسیدا شتێک بە ناوی «پێ زانین» بوونی نییە.

دکتۆر نیکۆلاس ڤان دەم، نوێنەری پێشووی تایبەتی هۆڵەندا بووە لە وڵاتانی عێراق، میسر، تورکیا، ئاڵمانیا و ئیندۆنیزیا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا دۆخی کوردەکانی سووریای لێکدایەوە.

براوەی شەڕ لە سووریا

دکتۆر نیکۆلاس ڤان دەم لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە چ کەسێک براوەی شەڕە لە سووریا وتی: لە سووریا براوە بوونی نییە؛ هەموو لایەنەکان لەو شەڕەدا دووڕاون. ملیۆنان سووری- چ ئەوانەی لەژێر ناوچەی ژێر کونترۆڵی حکوومەتی ناوەندین چ لە شوێنانێکی دی- گەورەترین دووڕاوەکانی شەڕن.

ڕێککەوتنی کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی سووریا

ئەم شرۆڤەکارە لەبارەی هۆکارەکانی ڕێکنەکەوتنی کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەڵێت: کوردەکانی سووریا کە لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)وە کونترڵ دەکرێن خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی سیاسین بەڵام دیمەشق بەنیازە دووبارە دەست بەسەر هەموو ناوچەکانی سووریادا بگرێت. بۆیەش سەربەخۆیی سیاسیی کوردەکانی سووریا بەهۆکارێک دەزانێت بۆ خستە مەترسیی سەروەریی سووریا. کوردەکانی دیگەش داوای سەربەخۆیی ئیداری دەکەن کە ئەمەیان ئەگەری دەست پێگەیشتنی زیاترە. هۆکاری ئاڵۆزتری ئەم پرسە ئەمەیە کە ئەو ناوچانەی کە کوردەکان لە باکووری سووریا لەو شوێنانە دانیشتوون بووتە چەن ناوچەی جودا جودا لە یەکتر و لە بواری جوگرافیەوە پێکەوە نەلکراون لە ئەنجامدا بۆ نموونە وەکوو هەرێمی کوردستانی عێراق یەکپارچە نییە.

هەموو بژاردەکانی کوردەکانی سووریا

دیپلوماتکاری پێشووی هۆڵەندی لەبارەی دۆخی ئێستاکەی کوردەکانی سووریا و بژاردەکانی بەردەستیان دەڵێت: لە ڕاستیدا کوردەکانی سووریا بژاردەی زۆریان لەبەردەست نییە. ئەمریکا لە درێژخایەندا زیاتر بیر لە بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی خۆی دەکاتەوە و ئەم پرسە هەندێک جار دەگۆڕدرێت. ئێستا کە داعش بە ڕۆڵگێرانی بەرچاوی کوردانی سووریا بە تەواوێتیی شکستی هێناوە. بە ڕای واشنتن پێوەندیی ئەمریکا و تورکیا گرینگترە لە پێوەندیی لەگەڵ کوردەکان.

دکتۆر ڤان دەم لەبارەی هۆکاری ئامادەبوونی ئەمریکا لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا زیاتر وتی: ئامادەبوونی ئێستای ئەمریکا لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا بەبۆنەی یارمەتیی کوردەکانەوە نییە بەڵکوو بەمەبەستی ئەوەیە کە دەست پێڕاگەیشتنی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بەو ناوچانە دژوار بکرێتەوە. هەروەها بەبۆنەی بەرانگار بوونەوەی ڕووسیا و ئێرانە.

ناوبراو باسی لە مەیلی ڕووسیا و دیمەشق کرد بۆ پاراستنی کوردەکان و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەیانەوێت کونترۆڵی تەواویان بەسەر خاکی سووریادا ببێت نە بەبۆنەی یارمەتیدانی کوردەکان هەمبەر دەسەڵاتی تورکیا و ئەمریکا.

دکتۆر ڤان دەم لەبارەی ڕێگای گەیشتنی پارتی دەسەڵاتداری یەکێتیی دیموکراتیک بە ئامانجی کوردەکان بە کوردپرێسی وت: یەکەمایەتیی PYD دەتوانێت هاوپەیمانێتیی لەگەڵ حزب یا حزبانێک بێت کە یارمەتیی ئامانجە ناسیۆنالیستییەکانی کوردەکان دەدەن چوونکە هیچ لایەنێک لە سووریا نییە کە بەرژەوەندیی کورد بخاتە سەرووی ئامانجەکانی خۆی.

تورکیا بۆ کوردەکانی سووریا هاوشێوەی شمشێری دامۆکلس-ە

دکتۆر ڤان دەم، دیپلوماتکاری پێشووی هۆڵەندی لە سووریا، باسی لە درێژەی هەڕەشەکانی تورکیا کرد لە دژی کوردەکانی سووریا و وتی: تورکیا دژی سەربەخۆیی کوردەکانە لە سووریا چوونکە ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ورووژاندنی خواستی خۆبەڕێوەبەریی خوازیی کوردەکانی تورکیا کە ئەمەش هەمان خواستی پەکەکە-یە.

جگەلەمەش پەکەکە و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک یا PYD تەواکەری یەکترن کە لە نزیکەوە هاوکاریی یەکتر دەکەن و یارمەتیی یەکتر دەدەن. پەکەکە لە ڕای ئەنقەرەوە دوژمنی کۆماریەتیی تورکییایە. بە ئاوڕدانەوە لەوەش کە کوردەکان لە سووریا و تورکیا زۆر وابەستەی یەکترن دەتوانین چاوەڕوانی ئەمەش بکەین کە تا ئەو کاتەی تورکیا ئامادە نەبێت خۆبەڕێوەبەری بە کوردەکانی خۆی بدات دوژمنایەتیی . هەڕەشە کردن لە کوردەکانی سووریا کۆتایی بێنێت.

کارتی گوشاری کوردەکانی سووریا

ناوبراو دەڵێت سەرکەوتنی سیاسی و فەرهەنگیی کوردەکانی سووریا بەسراوە بە درێژەی مانەوەی هێزە بیانییەکان و ڕاشیگەیاند: بەبۆنەی ئەو شەڕەی لە سووریا ڕوویدا، زیاتر لەمە ناکرێت شۆناسی کوردەکانی ئەم وڵاتە لەبەرچاو نەگیردرێت یا سەرکوت بکرێت. بوون یا نەبوونی کارتی گوشار زیاتر بەمەوە بەسراواە کە تا چ ئاستێک هێزە بیانییەکان ئامادەی پشتگیریی لە ئامانجی کوردەکانن بۆ هەبوونی خۆیەڕێوەبەری. تا ئەو کاتەی شەڕ لە سووریا کۆتایی پێنەهاتووە و هێزە بیانییەکان لە سووریان و کوردەکان وەکوو هاوپەیمانیان دێنە ئەژمار، کوردەکان تا ئاستێکی زۆر کارتی گوشاریان بەدەستۆیە.

دکتۆر نیکۆلاس ڤان دەم هۆشداریی دا: هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە سووریا تا ئاستێکی زۆر ئەم کارتە لەناو دەچێت چوونکە لە ریئالیزمی سیاسیدا شتێک بەناوی «پێ زانین» بوونی نییە.

ئەم شرۆڤەکارەی پرسەکانی سووریا جەختی لە ئاشتیی نێوان حکوومەتی ناوەندیی و کوردەکان کردەوە و بە دەمیشقی ڕاسپارد: لە کۆتاییدا، لە بەرژەوەندیی حکوومەتی سووریایە کە دان بە بوونی کوردەکاندا بنێت لە سووریای چەند مەزهەبی و چەند ئەتنیکیدا کە شۆناسی نەتەوەیی لە سەرووی هەموویاندایە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2547

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha