پێویستە هەدەپە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبە کوردییەکاندا پێک بێنێت نەک حزبە چەپە تورکەکان

بەشی تورکیا- سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) دەڵێت: ئەگەر حزبە کوردەکانی تورکیا یەکنەگرن، تووشی مەترسیی زۆر گەورە دەبنەوە.

«حکمەت سەربلند» سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە دۆخی ڕەوتە کوردییەکان بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ڕایگەیاند: حکوومەتی تورکیا هەرچەشنە چالاکیی مەدەنی و فەرمیی بەڕووی کوردەکانی تورکیادا داخستووە. پارتی دادوگەشە و پارتی نەتەوەخوازی تورک بۆ زۆرینەی ئەو شاروەنییانەی کە لە دەستی کوردەکاندا بوو، قەیومیان داناوە و زۆرێک لە سیاسەتوانانی کوردیان دەستگیر کرد.

ناوبراو درێژەی دا: پارتی داد و گەشە داوای لە دادگای باڵای تورکیا کرد تا پارتی دیموکراتیکی گەلان هەڵبوەشێنێتەوە و دەیانهەوێت چالاکیی 451 سیاسەتوان و چالاکی کورد قەدەغە بکەن تا لە داهاتوودا نەتوانن کار و چالاکیی سیاسی بکەن.

ناوبراو زیادی کرد: لەبەرامبەردا پێویستە کورد لەسێبەری یەکڕیزیی نیشتمانیدا یەکگرتوو بن و ڕوو بکەنە سیاسەتی مەدەنی. لە ڕاستدیا ئەگەر تورکیا داخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان جێبەجێ بکات هەموو حزبە کوردییەکانی تورکیا دەتوانن جدیتر بچنە مەیدان و بەجەخت کردن لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەدەپە هەوڵ بدەن.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئەگەر کورد لە گەیشتن بە یەکگرتن سەرکەوتوو نەبن ڕووبەڕووی مەترسیێکی گەورە دەبنەوە. ئەمڕۆ خەڵکی کورد لە تورکیا خوازیاری ئەوەن کە حزبە کوردییەکان تەئکید لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش بکەن و لە چوارچێوەی مافی خەڵکدا هەوڵ بدەن.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK)وەبیری هێنایەوە: کوردەکانی تورکیا لە ڕێڕەوەی یەکگرتنەوە دەتوانن بە مافی خۆیان بگەن. ئەمڕۆ دونیا چاوی لە کوردەکانی تورکیایە کە چییان دەوێت. بەڵکوو پرسی کوردەکان تەنها دیموکراتیزە کردنی تورکیا نییە بەڵکوو کورد خواستە نەتەوەییەکان لای گرینگە.

حکمەت سەربلند ڕاشیگەیاند: لە تورکیا حکوومەت نکوولی لە هەموو مافی کوردەکان دەکات و ڕێگای هەناسەدانی بۆیان داخستووە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەمڕۆ کورد دەورێکی گرینگ و کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێت و چیدی کەس ناتوانێت وەکوو ڕابردوو کورد لەبیر بکا.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK)لەبارەی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان وتی: سیاسەتی پارتی دیموکراتیکی گەلان و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ حزبە چەپەکانی تورکیا زۆر درێژخایەن نابێت. کوردەکان دەیانەوێت زیاتر لە هەر شتێکی دیکە حزبە کوردییەکان لەناوخۆدا بگەنە یەکڕیزی و ستراتێژیەتێک بۆ گەیشتن بە مافی کوردەکان دابڕێژن و ئەمەش تەنها لە ڕێگای یەکڕیزیی نەتەوەییەوە دەستەبەر دەکرێت.

ناوبراو وتیشی: هێشتا بۆ هەڵبژاردنەکانی 2023 کوردەکان بەرنامەیێکیان بەدەستەوە نییە بەڵام من هیوام وایە کە چ هەدەپە لەلایەن حکوومەتەوە دابخرێت یان نا، بەرژەوەندیی کوردەکان حزب و ڕەوتە کوردییەکان یەکبخات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2568

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha