وەزعی هەرێمی کوردستان و کوردەکانی سووریا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا تایبەت بە قاچاخی مرۆڤ

بەشی جیهان- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا باسی  هەڵگرتنی هەنگاوی ئیجابی لە لایەن کوردەکانی سووریاوە دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی منداڵان وەک هێزیز چەکدار و پێکهێنانی یەکەی بەرپەرچدانەوەی قاچاخچێتی کردن بە مرۆڤەوە لە هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی 800 لاپەڕەیی ساڵانەی لەبارەی بەقاچاخ بردنی مرۆڤەکان ئامادە کردووە وتێیدا تاوتوێی ئەو بابەتەی لە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان و ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە کوردەکانی سووریا ژمارەیێک منداڵیان دەستبەسەر کردووە کە هەندێکیان پێوەندییان هەیە بە پرسی بەقاچاخ بردنی مرۆڤ و هۆکاری دەستبەسەرکردنیشیان ئەوە بووە کە پێوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە کردووە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات، یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە 2019وە کاریان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی بەکارهێنانی منداڵان وەک سەربازی شەڕ ئەوەش لە چوارچێوەی پێبەندبوون بە ڕێنمایییەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی قەدەغەی بەکارهێنانی منداڵان وەک هێزی سەربازی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی کردۆتەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەرری کوردی لە باکووری سووریا ساڵی ڕابردوو 86 منداڵی سەربازیان لە خزمەتی عەسکەری ئازاد کردووە و ئەو منداڵانەیان گەڕاندۆتەوە نێو خێزانەکانیان.

هەروەها لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سوریا پرەنسیپێک بەکارهێنراوە کە بەشێکی تایبەتە بە جیاکردنەوەی منداڵان لە سیستەمی سەربازی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا و گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ نێو خێزانەکانیان.

لە ڕاپۆرتی ساڵڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەو هەنگاوانەش کراوە کەهەرێمی کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی پرسی بەقاچاخ بردنی مرۆڤ بڕیوەتی. یەک لەو کارانەش پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بە ناوی هێزی تایبەتی پۆلیسی بەرپەرچدانەوەی قاچاخ لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. نموونەی چالاکیی ئەو دامەزراوەیەش ڕزگارکردندی ژنانی ئێزدی لە بندەستی داعشە.

بەو حاڵەشەوە لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کەمترین ستاندەریان لە بەرپەرچدانەوەی قاچاخ و دەستبەسەرکردن و هەیە و پارێزگاری کردن لە قوربانییەکان ڕەچاو ناکەن و بەشێک لە هۆکاری بابەتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی زانیاریی پێویست لەبارەی بەقاچاخ بردنی مرۆڤ.

یەکێکی دیکەش لە خاڵە لاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بەقاچاخ بردنی مرۆڤ ئەوەیە کە ڕاپۆرتی ورد لەو بارەیەوە لە بەردەستدا نیە. بۆیە جەخت کراوەتەوە کە ئاشنانەبوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نەبوونی مەشقی پێویست لەو بارەیەوە بۆتە خاڵێکی لاوازی دیکەش لەبارەی بەقاچاخ بردنی مرۆڤ.

ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا هەروەها پەکەکەشی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە منداڵان وەک سەرباز بەکار دەهێنێت و تورکیاش بە هۆی پشتگیری کردن لە گرووپە یاخییە سوورییەکان و بەکارهێنانی منداڵ وەک سەربازی ڕەخنەی لێگیراوە.

News Code 2609

Your Comment

You are replying to: .
captcha