خوێندنەوەی جیاوازی هەولێر و بەغدا لە سەر پرسی بودجەی 2021ی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگە و داتا و زانیاریی زۆر وردەوە پرسسی قەرزی سێ ملیاردیی حکوومەت ڕوون بکاتەوە، لەبەر ئەوەی کە لە ئەمساڵدا زیارد بوونی سێ ملیار دۆلار بۆ سەر قەرزەکانی هەرێمی کوردستان هەموومانی تووشی شۆک کرد.

کوردپرێس:

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس ئاماژەی بە چەند پرسێکی تایبەت بە کێشە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ شیروان میرزا لێرەوە دەگوازرێتەوە:

کوردپرێس: وەکوو دەسپێک جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنامەی نێوان هەولێر و بەغدا پاش ئەم چەند مانگە بە کوێ گەیشتووە؟

شیروان میرزا: پاش دانوستانێکی درێژخایەن ڕێککەوتن کرا دواتر بووبە بەشێک لە یاسای بوودجە ئێستا یاساکە لەبەردەستی حکوومەتە و پێویستە جێبەجێی بکات. دیارە یاساکەپێویستی بە وردبینی کردن هەیە لە کۆمەڵێک داتا و زانیاریی کە پێوەستە بە خەرجەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەتا تەواو بوونی ئەم وردەکاریی وردبینیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕابردوویدا بڕیاری داوە کە مانگانە 200 ملیار دینار وەک پێشینەیێک بدات بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی کە وردبینی کردنەکان کۆتایی پێدێت بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە تا ئێستا بەڕێز وەزیری دارایی عێراق کە دواجار ئەو دەبێت ئەمری خەرج کردنی پارەکە دەربکات تا ئێستا لەسەر ئەم پرسە ڕازی نییە. لە ڕاستیدا ئێمە هۆکارەکەی نازانین کە ئایا هۆکارەکەی سیاسییە یان فەنی و حیسابییە.

کوردپرێس: بۆچی ئەم بابەتە ئەوندە درێژەی کێشاوە، ئایا پڕۆسەکە هەر بەم شێوەیە یان ئەوەی کە کێشەیێک هەیە؟

شیروان میرزا:بۆخۆی پڕۆسەکە درێژخایەنە، لەبەر ئەوەی کە دەبێت تەتبیق لە داهات بکرێت و وردبینی لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ بکرێت و دواجار کۆمەڵێک ڕێوشوێنی هەیە کە دەبێت بگیردرێتە بەر؛ بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێ کردنی یاساکە و ناردنی بوودجەیێک بۆ هەرێمی کوردستان کاتێکی زۆری ناوێت ئەگەر کێشەیێکی تر نەبێت لەو نێوانەدا.

کوردپرێس: پێتان وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم باردۆخەی ئێستایدا هەیەتی و بەتایبە ئەو قەرزە زۆرەی کە لەسەریەتی بتوانێت پێبەندی یاساکە بێت؟

شیروان میرزا:ئێمە پێمان وایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێبەند بێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نرخی 250 هەزار بەرمیل نەوت حیساب دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش حیساب دەکرێت. لەم نێوەندەدا جیاوازیێک هەیە لە بۆچوونی وەزیری دارایی عێراق و وەفدی هەرێمی کوردستان و بەهەریەکەیان جۆرێک حەسێبی دەکات بۆیە خەلەلێک لەم نێوانەدا دروست بووە کە هەریەکەیان یاساکە یان حیساباتی پشکی هەرێمی کوردستان بەشێوەیێک لێکدەدەنەوە کە لەگەڵ یەکتر ناگونجێت. وەزیری دارایی بە شێوەیێک لێکی دەداتەوە کە هەرێمی کوردستان قەرزدار دەبێتەوە بەپێچەوانەوە هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیێک لێکیدەداتەوە کە ئەوان بڕێک پارە کە نزیکەی 200 یان 250 ملیارد دەبێت عێراق بیدات بە هەرێمی کوردستان کە ئەم کێشە فەنییە تا ئێستا ماوەتەوە.

کوردپرێس: کێشە فەنییەکە لە ڕێککەوتنەکەدا دیاری نەکراوە یان خوێندنەوەی جیاوازی دوو لایەنەکەیە لەسەر ڕێککەوتنەکە؟

شیروان میرزا: بە تەسەوری من خوێندنەوەی دوو لایەنەکەیە و هەر یەکیان بەشێوەیێک لێکدانەوە بۆ یاساکە دەکەن (یەعنی نەک بۆ یاساکە بۆ حیساباتی نەفەقاتی فیعلی) ئەو خەرجییەی کە حکوومەتی عێراقی دەیکات و پشکی هەرێمی کوردستانی پێ دیاری دەکرێت لەو حیساباتەدا جیاوازیی لە بۆچوون ڕوویداوە.

کوردپرێس: هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە داهاتی زۆرتر بووە ئەو گوشارەی کە پێشتر لەسەری هەبوو بەتایبەت بۆ دابەزینی نرخی نەوت و هەندێک شتی دیکە لەسەر نەماوە، بەڵام دوێنە ڕاگەیێندرا کە سێ ملیار دۆلار چووەتە سەر قەرزەکانی حکوومەتی هەرێم، ئەم پرسە چۆن لێکدەدەنەوە؟

شیروان میرزا: لە ڕاستیدا ئەم بابەتە تا ئێستا ڕوون نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگە و داتا و زانیاریی زۆر وردەوە ئەم پرسە ڕوون بکاتەوە، لەبەر ئەوەی کە لە ئەمساڵدا زیارد بوونی سێ ملیار دۆلار بۆ سەر قەرزەکانی هەرێمی کوردستان هەموومانی تووشی شۆک کرد. لەبەر ئەوەی ئەگەر لە سەدا 21ی مووچەی فەرمانبەران بێت کەمتر لە ملیاردێک دۆلار دەکات و ئەندەی ئێمە ئاگادار بین هیچ قەرزێکی دیکەش نەکراوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بۆیە من تەسەور دەکەم ئەم پرسە هەم ناڕوونە و هەم دەقیق نییە، یەعنی پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە ڕوون بکاتەوە ئەم قەرزە بۆ زیادی کردووە؟ کە وایە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە بەڵگە و بە داتا ڕوونی بکاتەوە کە ئەم قەرزە هی چییە؟ چۆن کراوە و لە کوێ کراوە؟ و لە چیدا سەرف کراوەتەوە؟

کوردپرێس: حکوومەتی هەرێم خۆی بە شێوەی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەتوانێت لە وڵاتانی دیکە قەرز وەربگرێت؟

شیروان میرزا:لەبەر ئەوەی کە قەرزی دەرەکی مەسەلەیێکی سیادییە و پێویستی بە زەماناتی سیادی هەیە، نەخێر حکوومەتی هەرێم ناتوانێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە وڵاتانی دیکە قەرز وەربگرێت. دەبێت قەرزی دەرەکی لە ڕێگای وەزارەتی دارایی و بە زەماناتی سیادی بکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ناتوانێت قەرز لە وڵاتانی دەرەکی بکات بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.

دیمانە: حەسەن ساڵحی/ بەشی فارسیی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 2610

Your Comment

You are replying to: .
captcha