ئایا تورکیا خراوەتە لیستی ڕەشی جۆ بایدنەوە؟

بەشی جیهان- زیاد کردنی تورکیا بۆ ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە منداڵان وەکوو سەرباز بەکار دێنن ئەم گومانە دروست دەکات کە جۆ بایدن دەیهەوێت لە بواری مافی مرۆڤەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایەمین ڕاپۆرتیدا لەبارەی قاچاخ کردنی مرۆڤ لە جیهان، تورکیای کە ئەندامی ناتۆیە خستۆتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە لە شەڕەکاندا منداڵ وەکوو سەرباز بەکار دێنن. هەڵبەت لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە تورکیا لە ژمارەیێک گرووپی سەربزیو لە سووریا پشتگیری دەکات کە منداڵان وەکوو سەرباز لە جەنگەکاندا بەکار دەبەن.

حکوومەتی تورکیا کاردانەوەیێکی توندی بۆ ئەو هەنگاوەی ئەمریکا نیشان دا و ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پشتگیری لە گرووپە کوردەکانی سووریا و پەکەکە دەکات کە بە ڕای تورکیا گرووپی تیرۆریستی دێنە ئەژمار و منداڵان لە شەڕەکاندا بەکار دەگرن و ئەمەش نیشاندەری دووچاوەکی کردنی ئەمریکایە.

هەڵبەت ئەمریکا پەکەکە-شی خستۆتە ئەو لیستەی کە بەڕای وەزارەتی دەروەی ئەمریکا منداڵان دەخەنە ناو شەڕ بەڵام لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت هێزە کوردیەکانی سووریا هەوڵیان داوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ ناو بنەماڵەکانیان.

شرۆڤەکارانی پرسی تورکیا دەڵێن ئەم هەڵمەتەی ئەمریکا و هەنگاوێکی نوێیە کە هاوپەیمانێکی ئەندامی ناتۆ دەخاتە ئەو لیستەوە و پاشهاتی جیددی لەسەر پێوەندییەکانی دوو ئەندامە هاوپەیمانەکەی ناتۆ دەبێت.

ڕایان بول، شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگای ئستراتفۆر لەمبارەوە بە ئاژانسی میدیا لاین-ی ئەمریکای وتووە ئەمریکا ئەم پەیامەی بە تورکیا داوە کە خەریکی چاودێریی کردنی دۆخی مافی مرۆڤ و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە و ئەگەری سزادانی تورکیا لە داهاتوودا لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە هەیە.

هەروەها موزەفەر سنل لە زانستگای مدیپۆل-ی ئەنقەرە لەو بڕوایەدایە کە خستنی ناوی تورکیا لە ناو لیستی ڕەشی پشتگیریکەرانی منداڵ سەرباز لە لایەن واشنتنەوە بێ گۆمان کاریگەریی بۆ ئەو دوو وڵاتە دەبێت.

ناوبراو پێش بینی دەکات کە ئەنقەرە زیاتر تەک بەلای ڕووسیا و چینەوە دەدات و بەم شێوەیە وەڵامی هەنگاوەکەی ئەمریکا دەداتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2624

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha