لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیدا بەڕێوە ناچێت

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت: ڕێگاچارەی قەیرانی سووریا تەنها گفتوگۆ و دانوستانە و ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئامادە هەر چەشنە گفتوگۆیێکین بۆ چارەسەری کردنی پرسی سووریا.

«هۆشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا لە ئێستادا دانوستانێک لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیدا لەبارەی دۆخی ناوچەکە بەڕێوە دەچێت؟ وتی: لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیدا بوونی نییە بەڵام ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئامادە هەر چەشنە گفتوگۆیێکین بۆ چارەسەری کردنی پرسی سووریا.

ناوبراو درێژەی دا: حکوومەتی ناوەندی هەمان عەقڵییەتی پێش 2011 هەیە و پێبەندی دانوستان نییە. بێ گومان چارە کردنی پرسی سووریا پێویستی بە گفتوگۆی سووری-سووری هەیە و ڕێگایێکی تر لەبەردەست نییە.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئێمە وەکوو دەنجومەنی سووریای دیموکرات هیچ مەرجێکمان بۆ گفتوگۆ دانەناوە و پرسەکان لە کاتی دانوستاندا دەردەکەون و ئەو کاتەیە کە دەتوانین لەسەر ناکۆکییەکان قسە بکەین.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەبیری هێنایەوە: لە ئێستادا حکوومەتی ناوەندیی سووریا هیچ ئیرادەیێکی نییە و نە لەسەر پرسە سیاسییەکان و نە لە سەر پرسە سەربازییەکان توانای بڕیاردانی نییە و هێزەکانی ترن کە بڕیار بۆ سووریا دەدەن.

هۆشەنگ دەروێش وتیشی: تا ئەو کاتەی زلهێزەکان نەیانەوێت و تا ئەو کاتە کە بەرژەوەندییەکانیان لە سووریا بەدەست نەهێنن قەیرانی سووریا کۆتایی پێنایەت.

ناوبراو جەختی کردەوە: ڕێگاچارەی قەیرانی سووریا تەنها گفتوگۆ و دانوستانە و ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئامادە هەر چەشنە گفتوگۆیێکین بۆ چارەسەری کردنی پرسی سووریا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2636

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha