درێژنەکردنەوەی گرێبەستی نەوتیی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا زیانی قورس لە کوردەکان دەدات

بەشی جیهان- دوکتور جاشوا لاندیس بە کوردپرێسی گوت جۆبایدەن گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ کوردی سووریا درێژ نەکردەوە و ئەوەش زیانی قورس بە کوردی سووریا دەگەیەنێت.

کوردپرێس:

ئیدارەی بایدەن پێش دوو مانگ سزای بە سەر سووریادا سەپاند و لێبوردەی درێژ نەکردەوە بۆ کۆمپانیای دڵتا کە گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ کوردی سووریا واژۆ کردبوو.

دوکتور جاشوا لاندیس بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئوکلاهمای ئەمریکا ئەو بابەتە بە زیانێکی قورس لە کوردی سووریا دەزانێت کە بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بە پشتگیریی ئەمریکایە.

مامۆستای زانکۆی ئوکلاهمای ئەمریکا لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت درێژنەکردنەوەی گرێبەستی نەوتیی کۆمپانیای دڵتا لەگەڵ کوردی سووریا ئاستەنگ بۆ ئەو گرێبەستانە دروست دەکات کە بڕیار بوو ساڵانە نزیکەی دوو ملیار دۆلار داهاتی بۆ ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا هەبێت. کۆمپانیاکە هەروەها گوتبووی هیوادارە ڕۆژانە 40هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی لەو پاڵاوگەیە بکڕێت کە وەعد بوو لە ڕەمیلان بکرێتەوە.

ناوبراو گوتیشی ئەو بابەتە شکستێکی گەورە بوو بۆ ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا. هەڵبەت ئەوە بە مانای پشت کردنی ئەمریکا لە کوردی سووریا نیە بەڵام دەبێتە ئاستەنگ. دڵتا کرسنت بەنیاز بوو 20 گرێبەست لەگەڵ کوردی سووریا واژۆ بکات.

بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئوکلاهمای ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کۆمپانیاکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپدا لە ناوچەی ژێر دەسەلاتی کوردی سووریا دامەزرابوو.

ناوبراو زیادی کرد: جەیمز جێفری نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە سووریا مۆڵەتی بە کۆمپانیاکە دابوو کە گرێبەست لەگەڵ کوردی سووریا واژۆ بکات.

دوکتور جاشوا لاندیس لەبارەی سیاسەتی ئیدارەی بایدەن لە سووریا دەڵێت: سیاسەتی ئیدارەی بایدەن لەبارەی سووریاوە ناڕوونە. ئیدارەی بایدەن سەرقاڵە بە دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. دیار نیە ئایا ئیدارەی بایدەن قەناعەتی بەوە هێناوە کە بوونی درێژخایەنی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەیە یان خەیر. بۆ تا ئەم کاتەش ئیدارەی بایدەن جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ڕێککەوتنی 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی سووریاوە جێبەجێ بکرێت.

ناوبراو لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا لە سەر خاڵە ناکۆکەکانیان دەڵێت: ئەگەری ئەوە لە ئارادا نیە کە بەشار ئەسەد ئیمتیازی گرینگی وەک خۆبەڕێوەبەری یان هێشتنەوەی هێزی سەربازی بە کوردەکان بدات. ئەوە بەو مانایە دەبێت کە تا ئەو کاتەی ئیدارەی کۆشکی سپی پێبەندە بە پارێزگاری کردن لە کورد و ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا، کوردەکان بە ئەگەری زۆرەوە بە هیوای مانەوەیان پشت بە ئەمریکا دەبەستن.

دوکتور لاندیس جەختی کردەوە ئەگەر ئەمریکییەکان لە سووریا بکشێنەوە کورد ناچارە بۆ سەلامەت بوونی و پارێزراوبوونی لە هێرشی سوپای تورکیا و پارێزگاری کردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەپەگە ڕوو بکاتە دیمەشق.

مامۆستاکەی زانکۆی ئۆکلاهۆما لەبارەی کارتی کوردەکان بۆ پارێزگاری کردن لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان بە کوردپرێسی گوت: بوونی کارت بە دەست کوردی سووریاوە بەستراوە بە داهاتووی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ڕووسەکان و ئەردۆغان و ئێران. ئەگەر ئەمریکا ڕوو نەکاتە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و ڕووسیا ئەگەر هەیە هەوڵ بدات پێگەی خۆی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بپارێزێت. ئەوەش کارت دەخاتە دەست کوردەکانی سووریا.

News Code 2655

Your Comment

You are replying to: .
captcha