دۆخی ئاو لە حەسەکە زۆر قەیراناوییە/ تورکیا بە تەمای بەچۆکدادانی باکووری سووریایە

بەشی سووریا- ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری کوردی سووریا دەڵێت: تورکیا بە بڕینی سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەی حەسەکە بەتەمای گوشار خستنە سەر خەڵکی کوردستانی سووریایە.

«جومعە محەمەد» ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری ناوچەکە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دایە دۆخی بێ ئاو بوون لە ناوچەی حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: دۆخی بێ ئاو بوون لە حەسەکە لە ئێستادا زۆر مەترسیدارە. لەو کاتەوە سوپای تورکیا و گرووپە جیهادییەکان شاری سەرێ کانی و گرێ سپی-یان داگیر کردووە تا ئەمڕۆ 15 جار ئاوی ناوچەی حەسەکەیان بەڕووی هاووڵاتییاندا بڕیوە.

ناوبراو درێژەی دا: ئاوی خواردنەوەی حەسەکە لە سەرچاوەی عەلووک لە سەرێ کانییەوە دێت و تورکیا هەموو جارێک کە ئاوەکە دەبڕێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژ ناهێڵێت ئاوی خواردنەوەی بگاتە حەسەکە و خەڵک لە دۆخێکی دژوار و نالەباردان.

جومعە محەمەد وتیشی تورکیا کاتێک دەبینێت لە شەڕی زەوینیدا سەرناکەوێت دەست بۆ بڕینی ئاو دەبات تا گوشار بخاتە سەر خەڵک. لە لایەکی ترەوە حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕووسیاش گوشاریان خستۆتە سەر خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەروازەکانیان بەسەریاندا داخستووە.

ئەم ڕۆژنامەوانە وەبیری هێنایەوە: ئیدارەی خۆسەر بەدوای چەند بژاردەدایە بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەم ئاوی. یەک لەو بژادانە کەندنی 70 بیرە ئاوە بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی حەسەکەیە و ئەم پڕۆسەیەش بە خاوی دەڕواتە پێش و خەڵک داوا لە ئیدارەی خۆسەر دەکەن بەزووترین کار چارەسەرێک بدۆزێتەوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاندووە کە بڕیارە دانوستانێک لەگەڵ تورکیا دەست پێبکەین لەسەر ئاوی عەلووک. تورکیا بۆ بەڕێخستنی سەرچاوەی ئاوی عەلووک پێویستی بە 25 میگاوات کارەبا هەیە کە ئەم ڕێژەیەش لە بەنداوی تەشرین دابین دەکرێت.

جومعە محەمەد وتیشی: ئەم ترسەشمان هەیە کە تورکیا وەکوو هەمیشە لە دانوستانەکاندا پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبێت. تا کوو ئێستا چەندین جار لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ کراوە بەڵام پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبووە.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە ئاشکراشی کرد: لەم بارودۆخەی کۆرۆنادا و گەرمای 45پلەیی لە حەسەکە دۆخەکە بۆ خەڵک دژوار بووە بێ ئاوی و بڕینی ئاو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی.

ناوبراو زیاتر وتی: بۆ ماوەی 6 مانگە تورکیا ئاوی فۆراتی داخستووە و لەلایێکی دیکەوە ئاوی خواردنەوەی ناوچەی حەسەکە کە لەسەرچاوەکانی ئاوی عەلووک دابین دەکرێت ئەوەشی بڕیوە دەیهەوێت بەم سیاسەتە خەڵکی باکووری سووریا بە چۆکدا بهێنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2656

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha