ئەگەر نزا کردن بە زمانی کوردی تاوان بێت نیوەی خەڵکی تورکیا تاوانبارن/ کوردی زمانی منە و ئەمەش گوناح نییە

بەشی تورکیا- 26 ئەندامی کۆنگرەی دیموکراسیی ئیسلام (دیک) و کۆمەڵەی زانا ئایینییەکان (دیا-دەر) کە رۆژی 3ی تەمموزی 2021 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرابوون، 9 کەسیان خرانە گرتووخانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستگیرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییانە بەتایبەتی کە هۆکارەکەی گوتاردان و نزاکردنە بە زمانی کوردی، گرژی و ناڕەزایی خەڵک و بەشێک لە سیاسەتڤانانی لێکەوتەوە.

هودا کایا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و گوتەبێژی کۆنگرەی دیموکراسیی ئیسلام (دیک) کە هاوشانی خزم و کەسی مامۆستا ئایینییەکان لەبەردەم دادگا بوون، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەش لەو مامۆستایانە پێشنوێژ و گوتارخوێنن و لە کاتی پێشکێشکردنی گوتاری هەینیدا پابەندی ئەو دەقە نابن کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا دەنووسرێتەوە. هەروەها ئەو مامۆستایانە بەهۆی ئەوەی نزایان بە زمانی کوردی کردووە تۆمەتبارکراون".

هودا کایا هەروەها رایگەیاند: "پرسیاری ئەوە لەو مامۆستا ئاینیانە کراوە، کە بۆچی گوتاری دیاریکراو لەلایەن سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینییان نەخوێندووەتەوە؟ پرسیارکراوە کە بۆچی گوتار و نزایان بە زمانی کوردی پێشکێش کردووە؟ تەنانەت پرسیار لەسەر وردترین بابەتیش کراوە. ئەگەر گەلی کورد بە گشتی و لە هەموو شوێنێکی سەر ئەم زەمینە دژی ئەو تاکڕەوییەی دەسەڵاتی تورکیا نەوەستنەوە کە خەریکە ئایینیش دەگرێتەوە، ئەم ستەم و زوڵمە بە شێوەیێکی فراوانتر و کاریگەرتر دژی کوردان بەردەوام دەبێت".

هەر لەمبارەوە ئیبراهیم یالین مامۆستای ئایینی کورد دەڵێت ئەگەر نزا کردن بە زمانی کوردی تاوان بێت نیوەی خەڵکی تورکیا تاوانبارن و کوردیش زمانی منە و ئەمەش گوناحی ئێمە نییە.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە جەختی کردەوە کە تەواوی پەرستشەکانی حکوومەتی تورکیا بەپێی مەزهەبی حەنەفی داڕێژراون، بەڵام مامۆستا و گوتارخوێنانی سەر بە کۆنگرەی دیموکراسیی ئیسلام (دیک) و کۆمەڵەی زانا ئایینییەکان (دیا-دەر) کە دامەزراوەی رێپێدراون و ئێستاش بەردەوامن لە چالاکییەکانیان، کوردی شافیعین. کایا دەڵێ سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی گوشار لەسەر شافیعی مەزهەبەکان دروست دەکات، لەکاتێکدا لە ئیسلامدا زۆرەملێ نییە و هەموو کەسیک بۆی هەیە لەسەر مەزهەبی خۆی خوداپەرستی بکات.

پەرلەمانتارەکەی هەدەپە هەروەها گوتی:"مزگەوت ماڵی خوایە، بەڵام ئێستا ئاکەپە مزگەوتەکانی کردووەتە لقی پارتەکەی خۆی و بەو شێوەیەی بیەوێت، تەنانەت لە ناو مزگەوتیشدا گوشار دروست دەکات. ئەمە وایکردووە بەشێکی زۆر لە کوردان کە ساڵانێکی زۆرە هاتوچۆی مزگەوت دەکەن، ئێستا وازیان لە مزگەوت هێناوە و لە ماڵەوە نوێژ دەکەن. ئەو کوردانە دەڵێن ئیدی بێزاربوون لەوەی پێیانبگوترێت تیرۆرست".

رۆژی هەینی 10ی تەمموز ئەو دەستگیرکراوانە رەوانەی دادگە ئیستەنبووڵ کراون و گوتەیان لێوەرگیراوە. داواکاری گشتی داوای زیندانی کردنی 11 لەو کەسانە و ئازادکردنی مەرجداری بۆ 15 کەسیان کرد. بەپێی بڕیاری دادگا 9 لەو دەستگیرکراوانە خرانە زیندانەوە و چاوەڕێدەکرێت پرۆسەی دادگایی کردنیان دەستپێبکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2690

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha