داعش لە ناو دڵی عێراقدا خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە
بەشی جیهان- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیەن، ناوچەیێکی سێ گوشەی نێوان کەرکووک لە باکوور، بیجی لە ڕۆژئاوا و سامرا لە باشوور بە ڕای داعش گرینگایەتیێکی زۆری هەیە و داعش ئەم ناوچەیە وەکوو شوێنێک بۆ خۆ حەشار دان و ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەکار دەبات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی داعشی لە عێراق لێکداوەتەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە ڕۆژنامەکەی گوتووە داعش خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە لە ناو دڵی عێراقدا. بەرپرسەکە لەبارەی شوێنی خۆڕێکخستنەوەی داعش وتوویە ئەوان لە ناوچەیێکی سێ گوشەی نێوان کەرکووک لە باکوور، بیجی لە ڕۆژئاوا و سامرا لە باشوور-دان. ئەم ناوچەیە بەڕای داعش بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان زۆر گرینگە.

بەرپرسە ئەمنییەکە گوتووشیەتی ئەم ناوچەیە کە لە ناوەندی عێراقدایە چیا و کێوەکان بە ڕۆژهەڵاتەوە دەبەستێتەوە و باشترین شوێنە بۆ خۆحەشاردان. ئەمم ناوچەیە هەروەها دەلکێت بە سەحراکانی ڕۆژئاوا و لەوێوە دەگاتە سووریا. ئەوان هیچ کات مۆڵەت بە دەرکردنیان لەم ناوچەیە نادەن.

بەم حاڵەیشەوە، سەرکردەی قەبیلە و بەرپرسانی ئەمنیی بڕوایان وایە داعش وەکوو ڕابردوو دەستی بە سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان ناگات و بۆ ئەنجام دانی ئەۆپەراسیۆنێک دەبێت بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی بەردەوام شوێنەکەی بگۆزێتەوە.

جەلیل، فەرماندەیێکی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی عێراق لە کەرکووک گوتوویە بەگوێرەی ئەو زانییارییانە کۆ کراونەتەوە، چەکدارانی داعش لە هاویندا و بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ئاو، پەنا دەبەنە دۆڵ و کێوەکانی چیای حەمرین لە کەرکووک. دۆزینەوەی بنکە و شوێنەکانی خۆخەشاردانی داعش لەو ناوچەدا زۆر ئەستەمە.

بەرپرسانی ئەمنیی عێراق دەڵێن بەهۆی هەڵکەوتەی دژواری جۆگرافیایی ئەم ناوچانە، ناتوانن چەکدارەکانی داعش بدۆزنەوە. داعشەکان ئێستا تا دەرفەتێک دەبیننەوە هەوڵی تیرۆری سەرۆک عەشیرەتەکان و تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا و ناوەندەکانی پۆلیس و بیرە نەوتەکان دەدەن.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113