ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێکی داعش کە ویستوویانە کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن بڵاو دەکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێکی داعشی بڵاو کردەوە کە بڕیاربوو پێش جەژنی قوربان چەند کردەوەیێکی تیرۆریستی لەنێو شاری ھەولێر ئەنجام بدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-07-2021، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراو و ڤیدیۆی دانپێدانانی گرووپەکەی بڵاو کردەوە و دەڵێت، دژەتیرۆری کوردستان پیلانی چەند هێرشێکی "گرووپی داعش" لە هەولێر پووچەڵ کردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستانەوە گرووپێکی تیرۆریستی دەستگیرکران کە پیلانیان هەبووە پێش جەژنی قوربان لەنێو شاری هەولێر چەند کردەوەیێکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و لە ئامانجەکانیان باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و شوێنێک کە کەسانی بیانی تێدابێت هەبووە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو گرووپە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن ئەمنی عامی گرووپی تیرۆریستی داعش چالاک کراونەتەوە و فەرمانیان پێدراوە بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن و ئەم گرووپە هەڵساون بە چاودێری کردن و وێنەگرتن و پیلان داڕشتنی چەند شوێنێک لە شاری هەولێر.

بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان یەکێک لە شوێنەکان باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بووە، بۆ ئەوەی لە رێگەی چەند کەسێکی خۆکوژ کردەوە تیرۆریستیەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام بە هەوڵ و چاوکراوەیی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانراوە پێش ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستەییەکان ئەندامانی ئەو تۆڕە لەناو شاری هەولێر دەستگیر بکرێن و پیلانەکەیان پووچەڵ بکرێتەوە."

لە راگەیێندراوەکەدا دڵنیایی دراوەتە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە "دژەتیرۆری کوردستان و هێزە ئەمنییەکان هەمیشە چاوکراوە و ئامادەن بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی خەڵک و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە هەر هەڕەشە و مەترسییێک."

لە ڤیدیۆکەدا ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی "گرووپە تیرۆریستییەکە" پیشاندەدرێت و دوای دەستگیرکردنیان قسە دەکەن.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113