بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دادگایی کردنی داعشە بیانییەکانی دەستپێکرد

بەشی جیهان- ژمارەیێک لە میدیا سوێدیەکان کە سەردانی کەمپی هۆڵ-یان لە باکوری ڕوژهەڵاتی سووریا کردووە باس لەوە دەکەن دادگایی کردنی داعشە بیانییەکان لەلایەن بەرپرسانی دەزگای دادی کوردی سووریاوە دەستی پێکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی کوردی سووریا زیاتر لە 2000 ئەندامی بیانیی داعشیان لە 50 وڵاتی جیهان لە ماوەی چەند ساڵ شەر لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا لە سووریا دەستگیر کردووە. بەرپرسانی کوردی سووریا چەندین جار داوایان لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەمریکی و ئاسیایی کردووە هاووڵاتیانی خۆیان وەربگرنەوە و خۆیان دادگاییان بکەن.

ژمارەیێک میدیای سوێدی کە لە کەمپی هۆڵ گەورەترین کەمپی هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی خۆجێی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایە ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردۆتەوە، ڕایدەگەیێنن بەرپرسانی کورد بێ هیوا بوونە. بەرپرسانی دەزگای داد دەڵێن چیدی ناکرێت ساڵەها ئەو داعشانە بەبێ دادگایی کردن ڕابگرن بۆیە دادگایی کردنیان دەست پێدەکەن.

خالد عەلی کە دادوەرێکی ئیدارەی خۆجێییە لە باکووری سووریا بە ڕادیۆ سوێدی وتووە بەرپرسانی کوردی سووریا هەست دەکەن کە دەبێت دادگایی کردنی ئەو کەسانە دەست پێبکەن چوونکە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت بەبێ ئەوەی کە چارەنووسیان دیاری بکرێت دەبێت لە زیندان بمێننەوە.

بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی دەزگای داد لە کوردستانی سووریا سکاڵایان لە هاوکاری نەکردنی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەیە چوونکە بەڵگەی پێویستیان وەکوو چۆنیەتی دەرچوونی ئەو زیندانییانە لە وڵاتەکەیان بە دەستەوە نییە.

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیێنن دۆخی ئەو کەمپگەلەی ئەندام و بنەماڵەکانی داعشیان تێدا نیشتەجێن زۆر نالەبار و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست دەگەڕێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 274

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha