فەڕەنسا بەڵێنی دووپات کردۆتەوە لە بەردەوام بوونی هاوکارییەکان بۆ کوردی سووریا
بەشی سووریا- شاندێكى ئیداره‌ى خۆسه‌رى رۆژئاواى كوردستان له‌سه‌ر بانگێشتى فه‌رمى ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌یان كردو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا كۆ بوونه‌وه‌.

کوردپرێس:

بێریڤان خالید، هاوسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئیداره‌ى خۆسه‌ر له‌ باكورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا به‌ شارپرێسى ڕاگه‌یاند، شانده‌كه‌یان پێكهاتوبوو له‌ نوێنه‌رایه‌تیى ئیداره‌ى خۆسه‌ر و نوێنه‌رى مه‌جلیسى سووریاى دیموكرات (مه‌سه‌ده‌) و له‌سه‌ر بانگێشتى فه‌رمى ئمانوێل ماكرۆن سه‌ردانى فه‌ڕه‌نسایان كردووه ‌و له‌ كۆشكى ئه‌لیزێ پێشوازییان لێكراوه‌.

بێریڤان خالید وتیشى، دۆخى رۆژئاوا و سووریا به‌گشتى گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كراوه ‌و له ‌گفتوگۆكاندا باس له‌ كێشه‌ ئابوورى و سیاسی و سه‌ربازییه‌كان كراوه ‌و باس هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان كراوه‌ و به‌ڵێنى به‌رده‌وامیى هاوكارییه‌كان دراوه‌ تا كۆتایهاتنى داعش هاوكات باس له‌ دۆخى سه‌ختى ئابوورى ناوچه‌كه‌ كراوه ‌و سه‌رۆك كۆمارى فه‌ره‌نسا به‌ڵێنى دووپات كردۆته‌وه‌ له‌ هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن به‌تایبه‌ت هاوكاریه‌ مرۆیی و ئابوریه‌كان په‌ره‌پێده‌ده‌ن.

بێریڤان خالید باسى له‌وه‌ش كرد، له‌ئێستادا دۆخێكى سیاسى له‌ باكورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا هه‌یه‌و له‌ دیداره‌كه‌یان گفتوگۆ له‌باره‌ى ئه‌و دۆخه‌ سیاسیه‌ش كراوه‌.

له‌ شانده‌كه‌دا جگه‌ له‌ بێریڤان خالد هه‌ریه‌كه‌ له‌ الهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ته‌نفیزى مه‌جلسى سوریاى دیموكرات و د.غه‌سان یوسف هاوسه‌رۆكى مه‌جلیسى دێره‌زور پێكه‌وه‌ به‌شداربون و  له‌گه‌ل سه‌رۆك كۆمارى فه‌ڕه‌نسا كۆ بوونه‌ته‌وه‌.