قاچاخچێتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و مەرزی باشماخ کەمیکردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت؛ لە شەوی ڕابردووەوە بە دواداچوونی کردووە و بۆی دەرکەوتووە لە فرۆکەخانەی سلێمانی و مەرزی باشماخ قاچاخی کەميکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: دوو ساڵ بەبەردەوامی باسی قاچاخیمان دەکرد ڕەتیان دەکردەوە و فشاری زۆریان دەکرد و تەنانەت دراینە دادگاش، ئێستا خۆیان وەک تاوان باسی دەکەن، ھیوادارم بە کردار ڕایبگرن و بەدڵنیایی ھەرکێ حاکم بێت چاودێرێکی جدی دەبین.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات: ئێستا فڕۆکەخانە باشە، دوێنێ شەو بەدواداچونی کردووە و  باشماخیش کەمی کردووە، بەڵام تەواو ڕانەگیراوە.

ناوبراو دەشڵێت: ئێستا ناتوانین حوکمی تەواو بدەین و دوو بۆ سێ حەفتەی دیکە، ئەگەر پێشتر ھەموویان بن، بەڵام لەمەودوا ھەرچی ڕووبدات یەک ئاراستە لێی بەرپرسە.

سەبارەت بە ڕاگرتنی قاچاخچێتی عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی: ناتوانم گەرەنتی بدەم ڕادەگیرێت، بەڵام گەرەنتی ئەوەدەدەم ھەرکەس بیکات بەجدی بەرھەڵستی دەکەین.

پرسی قاچاخچێتی لە مەرزەکانەوە زیاتر لە ساڵێکە بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر دەکەن و بەوتەی خۆیان، مانگانە داهاتێکی زۆری مەرزەکان بەهۆی قاچاخچێتیەوە نایەتەوە خەزێنەی حکوومەت و دەچێتە گرفانی چەند بەرپرسێکەوە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113