حکوومەتی سووریا دەستبەرداری زمانی تۆمەتی بێبنەما و بەناپاک ناساندن بێت

بەشی سووریا- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەداتەوە کە رایگەیاندبوو، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پرۆژەیێکە ئامانج لێی "لاوازکردنی" سووریایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هاتووە: "حکوومەتی سووریا بە زمانێکی دوور لە لۆژیک و راستی و بە پشتبەستن بە گوتارە نادروستەکانی کە بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ سوورییەکان، کاردەکات بۆ بەئامانج کردنی پرۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیێک تۆمەتی ئاراستە دەکات کە دوورن لە راستییەوە و مەبەستیش لێیان خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتییەکان."

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: حکوومەتی سووریا دووبارە پەنای بردەوە بۆ گوتەیێک کە گوایە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پرۆژەیێکە ئامانج لێی لاوازا کردنی سووریایە و دەشڵێت، نکۆڵی کردنی بەرپرسانی سووریا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سووربوون لەسەر پرۆژەی بەڕێوەبردن لە ناوەندەوە و لە لایەن یەک کەسەوە وڵاتی بەرەو وێرانە و کارەسات بردووە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو زمانەی حکوومەتی سووریا لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بۆ سەرخستنی پرۆژەی نیشتمانیی سووری بۆ پارێزگاری کردن لە یەکڕیزی کۆمەڵگە و لەناوبردنی داعش و هەبوونی ئەزموونێکی دیموکراسی کە نوێنەرایەتیی خواستی سوورییەکان دەکات و هیچ کاتێک نەبووەتە ئەجێندای دەرەکی و ئامرازی پیلانگێڕی لەسەر حیسابی گەلی سووریا.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتوویشە، حکوومەتی سووریا بەم دیدە بەرتەسکە و خوێندنەوە هەڵانە و بۆچوونی تاکەکەسییانەی، جگە لە گەورەکردنی قەیرانەکان و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەکان و خۆڵکردنە چاوی خەڵک، هیچ کارێکی دیکە ناکات و ئەو تۆمەتانەی خستوونیەتە پاڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش پووچەڵ و بێبنەمان.

باس لەوەش کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەسەر بنەمای چارەسەری لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ هەوڵدەدات بەرژەوەندیی نیشتمانی زاڵ بێت بەسەر بەرژەوەندیی تاکەکەسی و دەشڵێت، گوتاری ڕق و کینە هیچ کاتێک لە بەرژەوەندیی سووریا نابێت و خزمەت بە ئارامی و سەقامگیری وڵات ناکات.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا دەکات، حکوومەتی سووریا دەستبەرداری زمانی تۆمەتی بێبنەما و بەناپاک ناساندن بێت، چوونکە ئەو جۆرە زمانە وڵاتی بەرەو وێرانە و کارەسات برد و جگە لە ماڵوێرانی هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.

شایانی باسە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاندبوو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پرۆژەیێکە ئامانج لێی "لاوازکردنی" سووریایە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2828

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha