لێکدانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، دوورنواڕ و کاریگەرییەکانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کەمال ڕەئووف شرۆڤەکاری سیاسی و بەرپرسی دەزگای میدیایی شارپرێس لە هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا، لەبارەی کێشەناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشبینیی سەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانیی بەسەر لاهوور شێخ جەنگی و کاریگەریی نەرێنییەکانی ناوکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی کرد لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەمەبەستی تاوتوێ کردنی ڕەهند و دوورنواڕەکانی ناکۆکیی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆیێکی لەگەڵ کەمال ڕەئووف شرۆڤەکاری سیاسی و ڕۆژنامەنووسی ناوداری هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆمان بدوێن

کەمال ڕەئووف: کێشەکانی ناو یەکێتی لە پڕێکدا تەقیەوە. چاوەڕوان بوو کە کێشە هەبێت بەڵام لەسەر تەوقیتەکەی دەبێت بڵێم پێش خرا. ئەم کێشانە دەبێت بخریایەتە دوای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر دەنگدەری یەکێتی نەبێت. بەڵاک لە ئەنجامدا خۆیان گەیشتن بەو قەناعەتەی کە کێشەکان بەو شێوەیە چارەسەر نابێت بۆیە گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا بەو تەوافیقە گەیشتوون و هەوڵ ئەدەن کە لە میدیاکان دوور بکەونەوە کێشەکان لەناو میدیاکان چارسەر نەکرێت. ئەگەر ئەمەیان بۆ بکرێت کارێکی باشە و ئەگەریش بۆیان نەکرێت خۆیان زەرەری گەورەی لێدەکەن چوونکە دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە و ئەگەر حزب تۆکمە نەبێت و تا ڕادەیێک کۆمەڵێک دیسپلین و بەهای گرینگی نەبێت خەڵک متمانەی بە کاری حزبی و سیاسی نامێنێت بۆیە ڕەنگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەرەری گەورە بکەن ئەگەر کێشەکان لە ڕێگای سوشیال میدیاوە چارەسەر بکەن.

کوردپرێس: دەگەڕینەوە سەر سەرەتای وتەکانی خۆتان، بۆچی تەقینەوەی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی پێش بینی کراو بوو، ئەم تەقینەوە ئەنجامی چ شتێک بوو؟

کەمال ڕەئووف: لەبەر ئەوەی کە ئەوان لە ناو کونگرەدا بڕیاریان نەدابوو هاوسەرۆک هەڵبژێرن و هاوسەرۆکیان هەبێت بەڵکوو لەناو کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بڕیاریان دابوو، دەرکەوت کە ئەوان کێشەیان هەیە و ناتوانن هیچ لایەکیان دەسەڵاتەکە بدەن بە لایەنێکیان و ئەوی تر دەست بەردار بێت. ئەوان ناوی سیستەمی هاوسەرۆکییان لێنا بەڵام بەداخەوە سیستەمی هاوسەرۆکی بەو شێوەیە نابێت و دەبێت ڕەئسی جوندەیی تێدا بووایە و سێ کەس بووایەن کە کەسێکیان دەبوو ژن بێت کە ئەمەشیان نەکرد بۆیە دەرکەوت کە کەمیی ئەزموونیان لە کاری سیاسیی هەیە چوونکە ئەوان هیچیان لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی نەبوون پێشتر بەڵام یەکسر کران بە هاوسەرۆک و سکرتێری حزبێکی گەروە وەکوو یەکێتی کە ئەمەش زۆر قورسە کە خەڵک متمانەیان پێبکات و بڕوا بەوە بکات کە ئەو دوو کەسە ئەتوانن ئیدارەی ئەو هەموو ڕووداوانە بکەن کە لە ناوچەکەدا هەیە.

کوردپرێس: تۆمەتگەلێک زۆر قوس خراوەتە پاڵ لاهوور شێخ جەنگی و نزیکەکانی، ئایا ئەمانە ڕاستن و تەنها بۆ لاهوور شێخ جەنگییە یان لە هەموو یەکێتیدا هەیە و بەبۆنەی ئەوەی کە لایەنی بەرامبەر بەهێزتر بوو ئەمانەی ساغ کردەوە سەر لایەنی دیکەدا؟

کەمال ڕەئووف: من پێم وایە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی و یەکێتی لەلایەن خەڵکەوە تۆمەتبارن بەوەی کە بیزنس و سیاسەتیان پێکەوە تێکەڵ کردووە و ئەمە تەنها پێوەندیی بە یەکێتییەوە نییە و پێوەندیی بە هەموو حزبەکانەوە هەیە. ئەم حزبانە کۆمپانیای دەرمان و کۆمپانیای بازرگانی و جگەرە و مەشرووب و هەموو ئەوانەیان هەیە. بەڵام ئەمانەش کە ئەم کۆمپانیایانەیان هەیە قەزانجیان ئەوە نییە کە لەو ڕێگایەوە شتەکانیان بێنن و کاڵاکان لە دەرەوە بێنن و ساغی بکەنەوە یان ئەوەی کە کاڵای هەرێمی کوردستان بەرنە دەرەوە بەڵکوو زیاتر قازانجیان ئەوەیە کە ئەمانە لە دەرەوەی باج و گومرگەکان ئەتوانن کاڵا داخڵ بکەن و بەێ ئەوەی کە سانسور بکرێت دەتوانن داخڵیان بکەن. ئەو کاڵەیەشیان کە بە کەڵکی خواردن یان بەکار هێنان نایەت بەڵام کۆمپانیاکانی ئەوان دەیهێت ڕێگە پێدراو دەبێت. ئەمە تەنها تۆمەتێک نییە بۆ لاهوور شێخ جەنگی ئەمە تۆمەتێکە بۆ هەموو بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام لە دەمێکدا و لە شوێنێکدا کەسێک زیاتری بەسەردا ساغ دەبێتەوە. ئەوان کۆمەڵێک تۆمەتیان خستە پاڵ لاهوور شێخ جەنگی بەڵام دوایی خۆیان لایان برد و تەنانەت نەیانویست بڵاو بکرێتەوە ئەوە جێگەی پرسیارە و تا ئێستاش ماوەتەوە چوونکە لەلایەن دادگا یان لیژنەیێکی حزبی یان لیژنەیێکی سەربەخۆوە یەکلا نەکراوەتەوە و تەنها لە چوارچێوەی تۆمەتدا ماوەتەوە.

کوردپرێس: لایەنی لاهوور شێخ جەنگی لە بەیاننامە و هەواڵەکانیاندا جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەمە پیلانێکی پارتی و تورکیا و ئیقلیمییە بۆ لادانی ناوبراو تا چەندە ئەمانە ڕاستن؟

کەمال ڕەئووف: تۆمەتەکان دوولایەنە بوو من جارێکی دیکە لە موقابیلەیەکدا باسم کردووە. ئەوان تۆمەتی ئەو شتانەیان خستە پاڵ لاۆوور شێخ جەنگی ئەویش شتێکی تری وت کە ئەمانە لە ئەساسەوە پیلانێکە لە دژی یەکێتی یەعنی نەک لە دژی ئەو بەڵکوو لە دژی یەکێتییە. ئەو دەڵێت ئەمە پیلانێکە بۆ ئەوەی کە کونترۆڵی ناوچەکان بکرێت هەروەها پیلانێکە بۆ ئەوەی کە باڵادەستیی تورکیا لەناوچەکە زیاتر بکرێت ئەمەش قسەیەکی ترە بەڵام بۆ هەموو ئەم تۆمەتانە هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتە ڕوو و بۆ هیچیان لە شوێنێکی ڕەسمیدا قسەی لەسەر نەکراوە یەکلا نەکراوەتەوە بۆیە هەموو ئەمانە لەچوارچێوەی تۆمەتدایە و هەروەها لە چوارچێوەی شەڕێکی دەروونییە کە ئەو دوو برادەرە یان ئەو دوو لایەنە یان ئەو دوو جەمسەرەی ناو یەکێتی بەرامبەر بە یەکتر کردوویانە.

کوردپرێس: داهاتووی ئەم ڕووداوانە چۆن دەبینن؟ ئایا بافڵ تاڵەبانی دەبێتە کەسی یەکەمی یەکێتی یان پێدەچێت کە هاوکێشەکان بگۆڕدرێن؟

کەمال ڕەئووف: من پێم وایە بافڵ تاڵەبانی دەبێتە کەی یەکەمی یەکێتی بەڵام مەکتەبی سیاسی سەرکردایەتیێکی بەهێز بۆ خۆی دادەنێت نە وەکوو ئێستا بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە دەرەقەتی کێشەکان بێت چوونکە ئەو بە تەنیا دەرەقەتی کێشەکان نایەت و ئەگەر بتوانن ئەوە بکەن ڕەنگە یەکێتی لە ئێستا باشتر دەبێت بەڵام ئەمە بۆ ناو حیزبە و بۆ ناو خەڵک چاویان لەوەیە کە بافڵ تاڵەبانی کە ئەو هەموو تۆمەتەی خستۆتە پاڵ لاهوور جەنگی دوای ئەو ئیتر داهاتی گومرگەکان و داهاتی نەوت و داهاتی هەرێمی کوردستان و ئەمانە شەفاف دەبن یاخود نیسبەتی داهات فەرق دەکات لە چاو پێشوو کە خەڵک بڵێن ئەمانە هەمووی لاهوور کردوویە. کە وابوو دەبێت بوەستین بزانین نەتیجەکەی چۆن دەبێت.

کوردپرێس: ئایا لاهوور شێخ جەنگی و لایەنەکەی دەتوانن لە حزبدا بمێننەوە و بەهێز بن؟ واتا لە کونگرەیێکی دیکەدا خۆیان بنوێننەوە؟

کەمال ڕەئووف: من پێش بینی ئەوە ناکەمەوە.

کوردپرێس: سەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ یەکێتی چی دەبێت؟

کەمال ڕەئووف: من پێم وایە کێشەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ یەکێتی. بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان دەنگی هەڵبژاردنەکان بەشێکی دەنگی حەقیقییە و بەشێکی دیکەشی دەنگی دەستکاری کراوە و بەشێکی بڕیاری لەسەر دراوە. دەنا دەبوو زۆر کاریگەریێکی وای نەبێت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی نێونەتەوەیی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2841

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha