کۆبوونەوەی مەکرۆن لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەریی خۆسەر داننیانە بە بوونی ئەم ئیدارەیە

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا دەڵێت: لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین شاندی سیاسی لە وڵاتانی جۆراجۆرەوە لەوان سوید، فەنلاند و ... سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە و کۆبوونەوەی مەکرۆن لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەریی خۆسەر داننیانە بە بوونی ئەم ئیدارەیە.

«فەرهاد تەلۆ» سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی ئەم دواییەی شاندی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا بۆ فەرەنسا و کۆ بوونەوە لەگەڵ ئیمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و وتی: ماوەیێک پێش ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەکرۆن داوای لێکردبوو تا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆ ببێتەوە بەڵام مەکرۆن لەو بارەوە بەڵێنێکی بە ئەردۆغان نەدا، بەپێچەوانەوە فەرەنسا داوای کرد شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی پاریس بکەن و هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیشی بانگهێشتی پاریس کرد.

ناوبراو درێژەی دا: ئەمەش دەریدەخات کە پرسی یەکگرتنی نێوان ڕەوتە کوردییەکانی سووریا بەلای فەرەنساوە گرینگە و هاوشێوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان خوازیاری چارەسەر کردنی ئەم بابەتەیە.

ناوبراو جەختی کردەوە: شاندی فەرەنسی ماوەی چەند ساڵە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی دژە داعشدا سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن و لە نزیکەوە لەگەڵ پرسی کوردەکاندا ئاشنان و ئێمە هیوادارین هەم فەرەنسا و هەم بەریتانیا کە بەرپرسن لە سایس-پیکۆ و کاولکاریی ناوچەکە لەم بارودۆخەدا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەرچەند کە بەریتانیا دەورێکی تێکدەرانە لە پرسی کورددا دەگێڕێت و پشتگیری لە ئەردۆغان دەکات.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین شاندی سیاسی لە وڵاتانی جۆراجۆرەوە لەوان سوید، فەنلاند و ... سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە و کۆبوونەوەی مەکرۆن لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەریی خۆسەر داننیانە بە بوونی ئەم ئیدارەیە.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا ڕاشیگەیاند: ئێمە هیوادارین جگە لە بواری سیاسییەوە هاوپایمانان و فەرەنسا و وڵاتانی زلهێز لە بواری ئابووریشەوە پشتگیری لە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بکەن چوونکە ئەمڕۆکە سووریا دۆخێکی خرابی ئابووری تێدەپەڕێنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2853

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha