کۆمەڵێک تەوەری هەستیار لە دانوستانی نێوان ENKS و PYNK ماون

بەشی سووریا- ئەندامێکی نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا بە کوردپرێسی وت: دانوستانی لایەنە کوردییەکان بەردەوام دەبێت و ئەنەکەسە ڕژدە لە کارەکانی خۆی و نیازیەتی لایەنی بەرامبەریشی لەو بابەتەدا جیدی بێت بۆ ئەوەی دانوستانێکی سەرکەوتووانە بکەن.

کوردپرێس:

ڕزوان سەیدۆ ئەندامێکی نووسینگەی یاساییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس لەبارەی دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا ڕایگەیاند زۆر تەوەر لە دانوستانەکاندا تاوتوێ کران و چەند خاڵێک هێشتا ماون. ماوەیێکە گفتوگۆکان وەستاون و هۆکارەکەشی ئەوەیە نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکاندا نەبوو و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لەو وڵاتە دەکرا بەڵام دانوستانەکان بەردەوام دەبێت و ئەنەکەسە ڕژدە لە ئەرک و کاری خۆی و چاوەڕوان دەکات لایەنی بەرامبەریشی بە هەمان شێوە جیدی بێت بۆ ئەوەی بتوانن دانوستانی سەرکەوتووانە بکەن.

ناوبراو گوتیشی: وەستانی دانوستانەکە لەبەر ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان نیە و دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە تاکە هۆکاری وەستانی دانووستانەکان ئەوەیە نوێنەری ئەمریکا بە هۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتەوە لە دانوستانەکان بەشدار نەبوو. بەڵام چەند خاڵێکی ئەساسی لە نێوان دوو لایەنەکە ماون کە شتی ئاسان نین.

ڕزوان سەیدۆ گوتیشی: ئێوە هیوای ئەوە دەخوازین کە بگەینە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی بە هەموو تواناوە لە دانوستانی نێودەوڵەتیدا و بەتایبەت لە دانیشتنی ژنێڤدا بەشداری بکەین و پێداگری لە مافی خەڵکی خۆمان بکەین.

ئەندامەکەی نووسینگەی یاساییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) ئاشکراشی کرد: دانووستانی کوردی-کوردی دژی هیچ لایەنێکی سووری نیە و بەپێچەوانەوە بە گشتی بۆ چارەکردنی قەیرانی سووریایە و ئێمەش لە سەر سەروەریی خاکی سووریا جەخت دەکەینەوە و پێمان باشە مافی هەموو خەڵکی سووریا بە کوردەکانیشەوە بەگوێرەی مادەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەچاو بکرێت.

News Code 288

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha