فایق محەمەدی ئەکتەری فیلمەکانی بەهمەن قوبادی کۆچی دواییی کرد
بەشی فەرهەنگ و هونەر ـ "فایق محەمەدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای ئامێرەکانی نایە و و زوڕنا و ئەکتەری فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" کۆچی دوایی کرد.

کوردپرێس:

مامۆستا "فایق محەمەدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای ئامێرەکانی نایە و دووزەلە و زوڕنا و ئەکتەری فیلمەکانی سینەماکاری بە ئەزموونی کورد "بەهمەن قوبادی" لەوانە: فیلمی سینەمایی "گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم"، فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" و بەڵگەفیلمی "دەف"، دوای ماوەیێک ململانێی لەگەڵ نەخۆشی؛ بەداخەوە ڕۆژی دووشەمە 26ی جوولای 2021 لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

ڕەوانشاد "فایق محەمەدی" لە فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" چوارەمین بەرهەمی بڵیندی "بەهمەن قوبادی" و بە ڕێنوێنی ئەم دەرهێنەرە بەئەزموونە کوردە لەگەڵ ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: "هەدیە تێهرانی"، "گوڵشیفتە فەراهانی"، "حەسەن پوورشیرازی"، ئەکتەری ناوداری کورد "فەرزین سابوونی"، گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری پەنجەزێڕینی تار مامۆستا "محەمەد ناهید" لە خەزێنە ڕەسەنەکانی مۆسیقای کوردستان، ڕەوانشاد "ئیسماعیل غەفاری" (مامۆ) و هونەرمەند "ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی" و هەروەها لە فیلمی سینەمایی "گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم" لەگەڵ ئەکتەرەکانی ئەم بەرهەمە، لەوانە: "ئێران قوبادی"، "شەهاب ئیبڕاهیمی"، "شیلان ڕەحمانی"، "ڕۆژان حسەینی" و هەروەها لەگەڵ ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای کوردستان ڕۆڵی بینیوە.

مامۆستا "فایق محەمەدی" بە دەنگە بەسۆزەکەی و ژەنینی شارەزایانەی ئامێرەکانی نایە و دووزەلە و زوڕنا لە بەشی پسپۆڕانەی مۆسیقای شایی و خۆشیی کوردستاندا؛ پێگەیەکی تایبەت، گرینگ و کاریگەریی هەبوو و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەم ناوچە پڕ لە خەزێنەی مۆسیقای ڕەسەنی کوردەواریی، بە پێشکەش کردنی هونەرمەندانەی خۆی ساتەوەختێکی هەرمانی بۆ خەڵکی دەخوڵقاند، شایی دەخستە دڵەکانیانەوە و بزە و پێکەنینی دەخستە سەر لێوەکانیان.

 

ناردنی بابەت: مەنسوور جیهانی