ڕاپۆرتی تایبەتی ئەڵمۆنیتۆر لەبارەی تاوانی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بەرامبەر ژنانی ئێزدیی عەفرین

بەشی جیهان- پێگەی مۆنیتۆری ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو تاوان‌و پێشێلکارییانە بڵاو کردۆتەوە کە سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارییە سوورییەکانی لایەنگری ئەنکەرە دەرحەق بە ژنان ‌و کچانی کورد لە هەرێمی عەفرینی کوردستانی سووریا ئەنجامیان داوە.

کوردپرێس:

لەڕاپۆرتێکی پێگەی ئەمریکیی ئەلمۆنتیۆردا ئاماژە بەگێڕانەوەکانی یەکێک لەو ئافرەتە عەفرینییانە کراوە کە زیندانەکانی یەکێک لەو گرووپە چەکدارییە سووریانەی ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا بووە.

ئەو ئافرەتە کە ناوی لەیلا محەمەد ئەحمەده‌و تەمەنی (63 ساڵ) بوە، لەگرتوخانەیێکی سەر بەلیوای سوڵتان موراددا زیندانی کراوە، لەگێڕانەوەکانیدا باسی لەو هەموو تاوان ‌و پێشێلکاریی‌ و دەستدرێژییانە کردووە کە چەکدارە سوورییە بەکرێگیراوەکانی سەر بەتورکیا بەرامبەر بەئافرەتانی کورد لەعەفرین ئەنجامیان داوە.

لەبەشێکی قسەکانیدا لەیلا باسی لەوەکردوە، بەچاوی خۆی 10 ئافرەتی کوردی بینیوە بەهۆی ئەو ئازارو ئەشکەنجەو دەستدرێژییە سێکسیەی کراوەتە سەریان، لەناو زیندانیدا خۆیان کوشتوە، بەشێوەیەک هەندێکیان پشتێنی پانتۆڵەکانیان بۆ خۆخنکاندن بەکارهێناوە، بەشێکی تریشیان قەڵەم‌و هۆکاری تیژیان بۆ خۆبریندارکردن بەکارهێناوە، هەروەک بەشێکیشیان لەڕێگای پێداکێشانی سەریان بەدیوارەکانی زیندانەکە خۆیان کوشتوە.

پێگەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت:"ڕوداوی دەستگیرکردنی لەیلا ئەحمەد حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵکو توندوتیژیی‌و تاوان‌و پێشێلکاریی دژ بەخەڵکی ناوچەکە بۆتە بابەتێکی ڕۆژانە کە بەشێکی ئەو تاوانانەش بەرامبەر بەئافرەتانی ناوچەکە دەکرێت".

ئافرەتە عەفرینییەکە دەڵێت:"قەبارەی تاوان‌و پێشێلکاریی‌و دەستدرێژییەکانی تورکیاو گروپە چەکدارییەکانی سەر بەتورکیا بەرامبەر بەخەڵکی ناوچەکە زۆر لەوە گەورەترە کە خەڵک وێنای دەکات".

لەبەشێکی گێڕانەوەکانیدا لەیلا دەڵێت:"ئیَمە نزیکەی 150 ئافرەتی دەستگیرکراو بوین، ڕۆژانە تەنها یەک پەتاتەو نیو کولێرەیان پێدەداین، هەروەک ڕۆژانە لەکاتژمێر یەکی شەوەوە تاوەکو سێی بەیانی ئازارو ئەشکەنجە دەدراین".

دەشڵێت:"چەکدارەکان دەهاتن‌و هەندێک لەئافرەتەکانیان دەبردن‌و دەستدرێژیی سێکسیان دەکردنەسەر، ئەوەش وەک بابەتێکی ڕۆژانەی لێهاتبوو".

پێگە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەکچان‌و ژنانی کوردی عەفرین کراوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە سەرپەرشتیکراوە، کە ئامانجی سەرەکیشیان ئەوەبوە دانیشتوانە کوردە ڕەسەنەکەی دەربەدەربکەن‌و گروپە چەکداریەکان‌و خێزانەکانیان لەناوچەکەدا جێگیربکەن، تاوەکو لەو ڕێگایەوە دیمۆگرافیای ناوچەی عەفرین بگڕن.

*لە شارپرێس وەرگیراوە

News Code 2883

Your Comment

You are replying to: .
captcha