تورکیا بۆ گرووپە توندئاژۆکان یارمەتیی دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەردەگرێت

بەشی سووریا- ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەمڕۆکە تورکیا لە ڕێگای دیپلۆماتیک و سیاسییەوە یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ئەورووپی وەردەگرێت و بە گرووپە توندڕەوەکانی دەدات کە لە دژی کوردەکان بەکاری بێنن.

«فەتحوڵڵا حسێنی» ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بەو ڕاپۆرتانەی کە باسیان لەوە کردووە کە بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپی پشتگیریی دارایی لە گرووپە ڕادیکاڵەکانی سووریا دەکەن و وتی: لەم دواییانەدا هەندێک ڕاپۆرتمان پێگەیشتووە کە گوایا بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپی یارمەتیی دارایی گرووپە توندئاژۆکان دەکەن. ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی 2012وە و لەو کاتەوە کە سووریا بوو بە جەمسەری ڕووداوەکان درێژەی هەیە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و 89 وڵاتی دیکە پشتگیری لەو گرووپگەلە دەکەن کە ئەمڕۆ نەک هەر لە ڕیزی گرووپە شۆڕشگێڕەکاندا نایەنە ئەژمار بەڵکوو لە ڕیزی گرووپە توندئاژۆ و تیرۆریستییەکاندا کە دەستیان لە کاول کردنی سووریا و ئاوارە کردنی خەڵکدا هەیە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەم گرووپە تیرۆریستییانە ئەمڕۆ چیدی بەشێک نین لە ئازادیخوازەکانی سووریا. بەڵکوو کۆمەڵێک میلیشیان کە لەژێر فەرمانی تورکیا لە دژی دەسکەوتی کوردەکان لە سووریا بەکار دەگیردرێن و عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی-یان بۆ سوڵتانی عوسمانی داگیر کرد.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئەمڕۆکە تورکیا لە ڕێگای دیپلۆماتیک و سیاسییەوە یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ئەورووپی وەردەگرێت و بە گرووپە توندڕەوەکانی دەدات کە لە دژی کوردەکان بەکاری بێنن.

فەتحوڵڵا حسێنی وەبیری هێنایەوە: پێویستە ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەورێکی ئەرێنی لە گۆڕانکارییەکانی سووریادا بنوێنن و بەریتانیاش ئەگەر لە هەڵمەتەکانی خۆی پەشیوان بێتەوە دەتوانێت بەدوای ڕێگاچارەیێکی سیاسیدا بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئارمی بۆ سووریا. کێشەکانی سووریا تەنها لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر دەبن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2884

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha