«گەمەی تاج و تەخت» لە هەرێمی کوردستانی عێراق

بەشی جیهان- گۆڤاری سیاسی ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشێک لە «گەمەی تاج و تەخت» لە هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان بە نفووزی شەخسی و کێبەرکێ بنەماڵەییەکان لە نێو حزبە کوردییەکاندا وەسف دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی کە راپۆرتەکەی لە ژێر ناوی "گەمەی تاج و تەخت لە هەرێمی کوردستان" بڵاو کردوەتەوە، ناوەکە لە درامای گەمەی تەختە پادشاییەکانەوە وەرگیراوە، بەگوێرەی ئەو درامایە شەری ناوخۆیی خانەوادە پایەبەرزەکان لەسەر تەختی ئاسنینی حەوت شانشینەکە دروست دەبێت، راپۆرتەکە جووڵە سیاسیەکانی ئەم دواییەی نێو یەکێتی چواندوە بە ئەو گەمانەی کە لە تەختی پاشاییدا ڕوودەدەن.

بەگوێرەی راپۆرتی ناشناڵ ئینترێست، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەندە بە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتیەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرکردەیێکی کاریزمیی لەنێو یەکێتی، ئێستا دۆخێکی پڕ لە ئاژاوە لەنێو ئەو حزبەدا هەیە و باڵانسی هێز لە نێوان ئەو هەردوو حزبی فەرمانرەوادا هاتۆتە ئاراوە و هاوکێشەکە لاسەنگە بە لای پارتیدا.

راپۆرتەکە نووسیویەتی ناسەقامگیریی دۆخی یەکێتی ڕاستەوخۆ ناسەقامگیریی بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنێت، ئەوەش دۆخێکە ئەمریکا و هێزە هەرێمییەکانی دیکە نایانەوێت ڕووبدات.

راپۆرتەکە لەبارەی پێشینەی دوو ساڵی رابردووی هەردوو سەری هاوکێشەکەی نێو یەکێتی دەلێت لەماوەی ڕابردوودا لاهور شێخ جەنگی وەک سەرۆکی یەکێتی لە ئەمری واقعدا دەردەکەوت، بەتایبەت بە سیاسەتەکانی کە دژی پارتی بوون، بەڵام لەناکاو بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگیی دوورخستەوە، ئەوەش بەلای لاهور شێخ جەنگیەوە وەک "کودەتا" ناوبرا، بەڵام بافڵ تاڵەبانی توانی دەست بەسەر تەواوی میدیاکان و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی لاهوور شێخ جەنگیدا بگرێت.

یەکێک لە سەرکردەکانی یەکێتی کە بۆ گۆڤارەکە قسەیکردووە دەڵێت "لاهور شێخ جەنگی ئەندامانی باڵای یەکێتی لەڕێگەی هەردوو دامەزراوەی دەزگای زانیاریی و دەزگای دژە تیرۆرەوە دورخستووەتەوە و کەسانی نزیک لەخۆی تێدا جێگیر کردوون هەر بۆیە یەکەم گۆڕانکاری لەوێوە دەستی پێکرد.

درێژەی راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، یەکێکی دیکە لەو سەرکردانەی یەکێتی کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لە کێشەدا بووە قوباد تاڵەبانی بووە، تەنانەت تاڵەبانی جارێکیان باسی لەوەکردووە "هەندێک کەس هاوشێوەی مافیا بەربەست لەبەردەم کارەکانمان دادەنێن کە ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە مەبەستی ئامۆزا شێخ زادەکەی بێت.

هەر لەو ڕاپۆرتەی ناشناڵ ئینترێست قسەی یەکێک لە سەرمایەدارەکانی سلێمانی هاتووە کە باسی لەوە کردووە، ئەو دۆخەی لە سلێمانی لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا دروست بوو، وایکردبوو سەردەمی سەدام حسێنمان بیربکەوێتەوە کە لای کوردە عێراقیەکان ئەمە سەختترین دەربڕینە بۆ گوزارشت کردن لە دۆخی ژیانیان.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە تەرخان کراوە بۆ باس کردن لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکە کە مێژووەکەی بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، هاوکات بە هۆکارێک بۆ هاوسەنگی هێزی یەکێتی بەرامبەر پارتی و دانانی بەربەست بۆ فراوانخوازیی تورکیا لە هەرێم ناوبراوە لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکار بێت بۆ ئەوەی لاهورشێخ جەنگی و شوێنکەوتووەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم جوولە سیاسیەی بافڵ تالەبانی ئەنجامی دەدات پارتی و تورکیای لە پشتە.

گۆڤارەکە ئەو دەنگۆیانە بە درۆ دەخات کە گوایا تورکیا لە پشتی پەراوێزخستنی لاهور جەنگیدا بووە و دەێت لە ڕاستیدا تورکیا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نفووزێکی ئەوتۆی نییە، هەرچەند کە بەبۆنەی پێوەندیی نزیکی نێوان جەنگی و پەکەکە، ئەنقەرە لەم ڕووداوە خۆشحاڵە.

راپۆرتەکە لەسەر دەسەلاتەکانی هەردوو برا تاڵەبانییەکە نووسیویەتی بافڵ و قوباد تاڵەبانی هاوشێوەی برایانی کاسترۆ (فیدڵ و ڕائول) دەسەڵاتەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە، حکوومەت بۆ قوباد و حزبیش بۆ بافڵ تاڵەبانی.

گۆڤارەکە لە کۆتایی شرۆڤەکەیدا باس لە هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی دەکات و دەلێت هەرچەندە لاهور شێخ جەنگی وادەردەکەوێت نەیەوێت ئاسان دەسەڵات ڕادەست بکات، بەڵام لەکۆتاییدا دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی وەک کارتە بەهێزەکەی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا لەژێر فەرمانی ماڵی تاڵەبانیدان و لاهور شێخ جەنگی هیچ دەسەلاتێکی ئەمنی و سەربازی نەماوەو پێناچێت بتوانیت هیچ ڕکابەریەکی ئاراستەکەی ئامۆزاکانی بکات لە ئێستادا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2885

Your Comment

You are replying to: .
captcha