زیاتر بوونی قەرزەکان و قەیرانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سیاسەتی شکست خواردووی نەوتی و کونترۆڵی حزبەکانە بەسەر داهاتەکاندا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەبووبەکر هەڵەدنی نوێنەری پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ڕاگەیێنراوەی حکوومەتی هەرێمی کە قەرزەکانی سەر حکوومەت لە ماوەی شەش مانگدا بۆ 3 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە ڕایگەیاند: "بابەتی قەرزی هەرێم وەکوو دۆسیەیێکی ناڕوون ماوەتەوە و سەیرە کە حکوومەتی هەرێم ئەم هەموو نەوتە دەفرۆشێت بەڵام هێشتا دەڵێت قەرزارم".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاگەیاندنی زیادبوونی قەرزەکانی سەر حکوومەتی هەرێم لە ماوەی 6 مانگدا بۆ 3 ملیار دۆلار، سەرەڕای زیاد کردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بووەتە مژارێکی گرینگ لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا و نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەت نوێنەرانی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێک جاریش حزبە دەسەڵاتدارەکان ڕەخنە دەگرن لە ناشەفاف بوونی هۆکاری زیادکردنی قەرزەکان و ئەنجام نەدانی چاکسازیی ڕیشەیی لە کابینەکەی مەسروور بارزانی بەو شوەی کە بەڵێنی دابوو. ئاژانسی کوردپرێس بەمەبەستی شیکردنەوەی ئەم بابەتە گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئەبووبەکر هەڵەدنی نوێنەری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: بۆچوون و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ وتەکانی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم بەتایبەت لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمان لە مەڕ زیادبوونی 3 ملیار دۆلاریی قەرزەکانی سەر حکوومەت، چییە؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: وەڵامەکانی حکوومەت لەو ڕۆژەوە کە خستوویەتە ڕوو بڕواپێهێنەر نەبوو بۆ زۆربەی پەرلەمانتاران و لەسەر زیاد بوونی ئەو سێ ملیار دۆلارە لە ماوەی ئەم شەش مانگە دا، هەرچەند کە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران دکتۆر ئامانج ڕەحیم ڕوونکردنەوەی داوە بەڵام بەداخەوە ئەو وەڵامانەش بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە چوونکە بێجگە لە بابەتی پاشەکەوتی مووچە یاخود لێبڕینی مووچە قەرزەکانی تر ناڕوونە و سەیرە کە حکوومەتی هەرێم ئەم هەموو نەوتە دەفرۆشێت بەڵام هێشتا دەڵێت قەرزارم، بۆیە بابەتی قەرزی هەرێم وەکوو دۆسیەیێکی ناڕوون ماوەتەوە.

کوردپرێس: پێتان وایە گرێ کوێرەی مەلەفی دارایی هەرێم لە چیدایە کە ئەم دۆخەی دروست کردووە؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: گرێ کوێرەی دارایی هەرێم لەوەدایە کە داهاتی هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت و من ئەو ڕۆژەش لە کۆبوونەوەی پەرلەمان خستمە ڕوو کە وەزارەتی دارایی و ئابووری بووەتە وەزارەتی پارەدابەش کردن. نەک وەزارەتی دارایی و ئابووری کە پلانی ستراتیجیی هەبێت و سەرجەم داۆاتەکان کۆ بکاتەوە ئەم داهاتانە چ داهاتی خاڵە سنوورییەکان چ داۆاتی نەوت و چ داهاتەکانی ناوخۆ بەداخەوە بەشێکی زۆری بۆ گیرفانی حزب دەڕوات و حزبە دەسەڵاتدارەکانیش بۆ کڕینی ئینتیما و ڕای هەووڵاتییان لە کاتی هەڵبژاردندا بەکاری دەهێنن. هەروەها بەۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگا حزبییەکان بەکاری دەهێنن و بەشێکیشی بە دزی دەبرێت.

کوردپرێس: لەم دواییەدا ڕێککەوتنێک لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراقدا لەسەر یاسای بوودجەی 2021ی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان کرا؛ ئایا جێبەجێ بوونی ڕێێکەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر مەلەفی بوودجە کێشەکان چارەسەر دەکات؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: لە ئەگەری ڕێککەوتن، (کە بەڕای من جگەلە بەغدا هیچ بژاردەیێکی دیکەمان نییە) بەڵام من لە ئێستادا بە دووری دەبینم کە بەغدا و هەرێم بگەنە ڕێککەوتن لەبەر سێ هۆکار، یەکەمیان ئەمەیە هەرێم لە ڕابردوودا دەرفەتی زۆر گەورەی لەدەست داوە و پابەند نەبوو؛ دووهەمینیشیان ئەمەیە کە ئێستا سەروبەندی هەڵبژاردنەکانە لە بەغدا، خاڵی سێهەمیش بەداخەوە لەم دواییانەدا نەعرعتە و تەوژمێکی نەتەوە پەرستی و نەژادپەرستی لە بەغدا سەریهەڵداوە پێچەوانە و دژ بە خواستەکانی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بۆیە من لەبەر ئەم سێ خاڵە.

کوردپرێس: لە ئەگەری جێبەجێ نەبوونی ڕێککەوتنی بەغدا و ئەم دۆخەی ئێستا بەتایبەت زیاد بوونی بەردەوامی قەرزەکانی سەر حکوومەت ئاقاری ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکان هاوپەیوەند بە پرسی ئابوورییەوە بەروە کوێ دەبات؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: بە دووری دەزانم بەغدا و هەرێم بگەنە ڕێککەوتن و هەرێمیش پشکی خۆی لەو خەتا و هۆکارە بەر ئەکەوێت کە من ئاگادارم لە نزیکەوە کە بەداخەوە هەرێم بە سیاسەتی ئابووریی شکستخواردوو و بەخۆدزینەوە لە ئیلتیزاماتەکان و بەگەندەڵی و بەهەدەردان و بە ئەنجام نەدانی چاکسازی وێنەیێکی ناشیرینی بەرامبەر بە بەغدا نیشان داوە.

کوردپرێس: وەکوو پەرلەمانتار تا چەند زانییاریتان پێدراوە لەسەر مەلەفی نەوت و داهات و خەرجەکان و هەروەها قەرز کردنەکان؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: پەرلەمانی کوردستان ئاگاداری گرێبەستی 50 ساڵە لە گەڵ تورکیا و گرێبەستی 25 ساڵە لەگەڵ ڕۆسنەفت نییە و من بۆ خۆم دوو خولە (هەشت ساڵ) ئەندامی پەرلەمانم چەندین جار کۆبوونەوەمان کردووە لەگەڵ ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت گاز لە خولی پێشوو ئەم کابینەی نویەمە تا ئێستا ئەو ئەنجومەنە کۆ نەبووەتەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆیە مەلەفی نەوت ناڕوون و ناشەفافە بەمانای وشە و پەرلەمانی کوردستان ئاگاردای وردەکارییەکان ئەو گرێبەستانە نییە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ڕۆسنەفت و گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا. بەداخەوە هەر وەک لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا خرایە ڕوو لە هیچ شوێنێکی دونیادا نییە کە لەسەدا 58ی پارەی نەوت بۆ کومپانیا زەبەلاحەکان بڕوا مییلەتەکەشت لە ماوەی 3 سەڵدا نەتوانی یەک بەرمیل نەوتی پێبدەی. هاووڵاتیی ئەم هەرێمە سێ ساڵە یەک بەرمیل نەوتی تەنانەت بە پارەیش وەرنەگرتووە بۆیە سیاسەتی نەوتیی هەرێم سیاسەتێکی شکستخواردووە لەبەر ئەوەی داهاتەکان ناڕوونن و کۆمپانیا زەبەلاحەکان زیاتر سووری لێدەبینن و ئەو داهاتە بە هەمان شێوە لەژێر دەستی حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکاندایە.

کوردپرێس: ڕێگاچارەی دەربازبوونی هەرێم لە قەیرانەکان چین و ئایا بەڕای ئێوە حکوومەتەکەی ئێستای هەرێمی کوردستان توانای چارەسەر کردنی کێشەکان و دەربازبوون لە قەیرانەکانی هەیە؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: لە ناوخۆی هەرێمدا تاقە بژاردە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بریتییە لە ئەنجامدانی چاکسازی بەڵام ئەم کابینەیەش کە وا دوو ساڵ لە تەمەنی تێدەپەڕێت ڕاستگۆ نییە لەگەڵ چاکسازیدا و بە ڕای من کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمانای کەلیمە شکستی هێناوە و تەنها ڕاگەیاندنی شکستەکەی ماوە چوونکە هەموو قەیرانەکان، قەیرانی دارایی، قەیرانی دواکەوتنی مووچە، قەیرانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و ڕێککنەکەوتن لەگەڵ بەغدا قەیرانی ئەمنییەت و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان؛ هەموو ئەمانە قەیرانی گەورە گەورەن کە هاتووەتە بەردەم ئەم کابینەیە بۆیە بەداخەوە ئەم کابینەیە نەیتوانیوە لە ئاستی خواستەکانی هاووڵاتییاندا بێت و نەیتوانیوە ئەو بەرنامەیە هەڵبژادنە کە متمانەی پێوەرگرتووە لە پەرلەمانی کوردستان جێبەجێی بکات.

کوردپرێس: بەڵام کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بارەها جەختی لەسەر جیدی بوونی خۆی کردۆتەوە بۆ ئەنجام دانی چاکسازی، بەڕای ئێوە حکوومەت تا چەندە جیدی بووە لە پڕۆسەی چاکسازیدا و بەگشتی ئاکارەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: بەڕاستی حکوومەتی هەرێم خۆی لە ئەنجامدانی چاکسازی دەدزێتەوە ئەوە یاسای چاکسازی زیاتر لە ساڵێکە لە پەرلەمان دەرچووە و تا وەکوو ئێستا بڕگە و مادەکانی جێبەجێ نەکراوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئیرادەی چاکسازی نییە و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان هۆکاری ئەم گەندەڵییە سیستماتیک و ڕێکخراوەن و هۆکارەکەش ڕوونە و ئەمەیە کە ئەمان دەیانەوێت بەهەر چۆنێک بێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە بۆیە ئەنجامدانی چاکسازی مردنی خۆیانە لەبەر ئەوە من پێم وایە چاکسازیی ڕیشەیی و ڕاستەقینە ئەنجام نادەن و مەلەفەکەیشیان لەسەر گەندەڵی بونیاد نراوە و ئەم کابینەیە بەڕاستی بەمانای وشە لە هەموو ڕوویێکەوە شکستی هێناوە لەڕووی ئەمنیەت، لە ڕووی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، لە ڕووی پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە ڕووی قەیرانی بژێوی و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی وەکوو ئاو و کارەبا. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە مەسەلەی ئازادییەکان و ئازادیی ڕادەبڕین لە کوردستاندا بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.

کوردپرێس: هۆکاری جێبەجێ نەکردنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای تێپەڕاندنی یاسای بوودجە لە پەرلەمان، چییە؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: ئیرادەیێکی ڕاستەقینە نییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و هۆکارەکەش ڕوونە کە ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە بەهەر نرخێک ببێت ئەبێت بمێننەوە لەناو دەسەڵات و ئامادە نین ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات بکەن و ڕۆژێک لە ڕۆژان بیریان لە جێهێشتنی کورسیی دەسەڵات و دۆڕان نەکردۆتەوە بۆیە بەداخەوە هەموو داهاتەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ماننەوەی خۆیان شازادەکانیان لە حوکمدا بەکار دەهێنن.

کوردپرێس: وەکوو نوێنەری دوو خولی یەک لە دوای یەکی پەرلەمانی کوردستان هەڵویستی پارلەمانی کوردستان لە مەڕ ئەم بابەتگەلە کە باسی لێوە کرا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا پەرلەمان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت بۆ چارەسر کردنی کێشەکان و گۆڕینی دۆخەکە؟

ئەبووبەکر هەڵەدنی: بەداخەوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەخسیر و دیلی دەستی حزبە بۆیە پەرلەمانی کوردستان چ لە ڕووی یاسا دانان چ لە ڕووی چاودێری کردن لە ئاستی پێویستدا نییە و پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی هەموو پەرلەمانە زیندووەکانی وڵاتانی دونیا لە جیاتی ئەوەی کە پەرلەمان ئاراستەکەر و چاودێریکەری حکوومەت بێت؛ بەداخەئوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەم حزب ئاراستەی دەکات و هەم لەژێر هەژموونیی دەسەڵاتی جێبەجێ کردندایە بۆیە پەرلەمان بم ڕۆڵەی خۆی هەڵنەستاوە کە ئەمەش لە مێژووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە درێژایی 29 ساڵی ڕابردوو دەتوانم بڵێم ئەم پەرلەمانەی ئێستا و ئەم خولەی ئێستا بە دۆخێکی خرابدا تێدەپەڕێت بۆیە ئەرکی پەرلەمانتاران و سەرجەم فراکسیۆنەکانە ئەم ئۆباڵە لە ئەستۆی خۆیان دابڕنن و بە لاپەڕەیێکی ڕەش نەچنە ناو مێژووەوە و ڕۆڵ و کارایی پەرلەمان بگەڕێننەوە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2890

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha