پەرلەمانتارێکی هەدەپە: ئاگادار کراومەتەوە کە مەترسیی تیرۆرکردنم لە سەرە
بەشی تورکیا- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئاشكرای ده‌كات، پۆلیسی ئەڵمانیا ئاگاداری کردۆتەوە کە مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە و هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت.

کوردپرێس:

حەسیب کاپڵان پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (شرناخ) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئاشکرای کردووە، پۆلیسی ئەڵمانیا ئاگاداری کردۆتەوە کە ناوی ئەو لەناو لیستی ئەو ڕۆژنامەنووس ‌و نووسەر و هونەرمەندو سیاسییە بەرهەڵستکارانەی تورکیادایە کە لە ئەورووپا نیشتەجێن ‌و پلانی تیرۆرکردنیان دانراوە.

کاپڵان لەتویتەکەیدا دەڵێت:"لەوەڵامی هۆشدارییەکەی پۆلیسی ئەڵمانیادا پێموتون کە ماوەی 40 ساڵە ناوم لەناو لیستی تیرۆرکردندایە، بۆیە ئەو بابەتە بەلای منەوە شتێکی نوێ نییە".

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پۆلیسی ئەڵمانیا جەلال باشلانجیچی بەڕێوەبەری سایتی Artıی Gerçekی تورکی کە لەشاری کۆڵۆنیای ئەڵمانیا نیشتەجێیە ئاگادارکردبۆوە بەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هەیەو هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت.

هەفتەی ڕابردووش پۆلیسی ئەڵمانیا فەرهاد تونچی هونەرمەندی کوردی باکوری کوردستان کە لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە ئاگادارکردەوە کە بەهەماشێوە هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت، هەروەک لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ئەرک ئەجاراری ڕۆژنامەنوسی بەرهەڵستکاری تورکیا لەناو ماڵەکەی خۆی لەشاری بەرلین لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر و بەسەختی بریندار کرا.