ڕێبەری باڵای ئێران: ئەزموونی ئەم دەوڵەتە ئاشکرای کرد کە متمانە کردن بە ڕۆژئاواییەکان هەڵەیە

بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا جەختی کردە سەر پشت بەستن بە توانای نێوخۆ و خۆبواردن لە متمانە کردن بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 6ی گەلاوێژی 1400 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی ئەنجام دا و داوای لە دەوڵەتی داهاتووی ئێران کرد ئەزموونەکانی ئەم دەوڵەتەی ئێستا بکات بە عیبرەت بۆ خۆی و ئەرک و کاری نێوخۆی وڵات بە دەرەوەی وڵاتەوە نەبەستێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیشی کردەوە: ئەزموونی ئەم دەوڵەتە سەلماندی کە متمانە کردن بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و گرێ دانی کاروباری دەوڵەت بە دەرەوەی وڵات و چاوەڕوان کردن بۆ هاوڕایی و یارمەتی وەرگرتن لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی تەواو هەڵەیە و پێویستە دەوڵەتی داهاتوو ئەم بابەتە ڕەچاو بکات.

ڕێبەری باڵای ئێران سەبارەت بە ڕەزامەندی لە کاری کایبنەی ڕۆحانی لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوو گوتی ئەم دەوڵەتە لە هەموو بوارەکان وەک یەک کاری نەکردووە. لە هەندێک بواردا جێی ڕەزامەندیی ئێمە بووە بەڵام لە هەندێک بواریشدا کێشەی هەبووە. دبڵۆماتەکانی دەوڵەت هەندێکیان کاری خۆیان بەپوختی کرد بەڵام لە هەندێک شوێنیش هەڵە ڕووی دا. بە گشتی نابێت بە هیچ شێوازێک متمانە بە دەرەوەی وڵات و وڵاتانی بیانی بکرێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە ڕێککەوتنی بەرجامیش گوتی ئەمریکا لە دانوستانی ئەم دوایییەدا کۆمەڵێک مەرجی داناوە و هەڵگرتنی سزاکانی گرێ داوە بە مەرجی دانوستاندن لە سەر بابەتی مووشەکی. ئەمەش شتێکی مەحاڵە و ئێمە نایکەین.

شایانی باسە دوایین دیداری کابینەی ڕۆحانی لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ بەڕێوە چوو و هەفتەی داهاتوو ڕێوڕەسمی ناساندنی سەرۆککۆماری نوێ و دەستبەکاربوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بەڕێوە دەچێت.

News Code 2893

Your Comment

You are replying to: .
captcha